کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران درێژ دەکرێنەوە

20:33 - 5 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا لە هەوڵی ئەوەدان گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ١٠ ساڵی دیکە درێژ بکەنەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا لە هەوڵی ئەوەدان کە گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ١٠ ساڵی دیکە درێژ بکەنەوە.

ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون، ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی ماوەی یاساییان بەسەر دەچێت.

کۆماریخوازەکان دەیانهەوێ پێش ئەوەیکە ماوەی یاسایی گەمارۆکان بەسەر بچێت، یاسای درێژکردنەوەی گەمارۆکان بخەنە بەر دەنگدان.

هەروەها ٧ سێناتۆری دێموکراتی پایەبەرز لە کۆنگرەی ئامریکاش بە ڕێبەرایەتی ڕیچارد بلۆمێنتال لە نامەیەکدا بۆ میچ مەک ‌کانێل سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنا داوایان کردووە کە یاسای درێژکردنەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران بخەنە دەنگدانەوە و بڕیاری لە سەر بدەن.

کۆماریخوازەکان هەروەها داوایان کردووە کە؛ لە کاتی تاوتوێ‌ کردنی درێژکردنەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران، بەپێی یاسا ئەو شیرکەتانەی کە لە ماوەی یەک ساڵ‌دا زیاتر لە ٤٠ میلیۆن دۆلار لە ئێراندا سەرمایە گوزاری دەکەن، لە بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا بێبەری بکرێن.

لە کاتی ئێستادا دوو گەڵاڵە لە لایەن دێموکرات و کۆمارییەکانی سێنا، بۆ درێژکردنەوەی یاسای گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران بە سێنا ڕادەست کراوە.

لەو گەڵاڵەیەدا هەروەها چالاکییە موشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانیش خراوەتە بەر باس.

دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران لە دوای پەسندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران نالەبارە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لە هەوڵدان کە گەمارۆکان لابەرن.