کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا باسی لە بەرنامەی ڕاسان کرد

14:06 - 10 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دیموکرات بە تێگەیشتنێکی ئیستراتیژیک لە پێکهاتەی سیاسی لە ئێران و قووڵایی ئیستراتیژیکی ئەو وڵاتە بە دەسپێکردنی ڕاسان گەورەترین بەرپرچدانەوەی لە هەمبەر ئەو ڕێژێمە پێک هێناوە.

ڕۆژانی شەممە تا یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ و ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٢٨ـەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا، لە ولایەتی میشێگانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ئەم کۆنفڕانسە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسی و حوکمیەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی کورد لە تاراوگە بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لە پانێلێکی تایبەت بەم کونفرانسە بەشداری کرد و روانگەی حیزبی دیموکرات و باروودۆخی کوردستانی رۆژهەڵت و ئێرانی بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وتەکانیدا ئامانجەکان و بەرنامەی ڕاسانـی بۆ بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە باس کرد و دوواین هەواڵەکانی لەم بوارەدا لەگەڵ کۆمەڵگای کورد لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا خستە بەر باس و لێکدانەوە.

ئارش ساڵح گوتی کە سەرەڕای ئەو هەموو ئەو دەسکەوتانەی کە کۆمەڵگای کوردستان بە دەستی هێناوە بەڵام هێشتا مەترسی زۆر گەورە لە سەر مەوجودیەتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا هەیە.

هەروەها ئارش ساڵح گوتی ئەگەر گەلی ئێمە لە باشوور و ڕۆژهەڵات لە شەڕێکی قورس لەگەڵ داعش دایە ئەوا لە ڕۆژهەڵاتیش نزیک بە چوار دەیەیە کە ڕووبەڕووی جۆری ئێرانی داعش بۆتەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگایێکی مەدەنی کە بریتیە لە ئەندامانی نهێنی پارتە سیاسیەکان و چالاکانی سەربەخۆ دەست لە ناو دەستی هێزی پێشمەرگە بەرەیەکی بەهێزیان پێک هێناوە بۆ ئەوەی بتوانن سەرەتایی‌ترین مافەکانیان دەستەبەر بکەن.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەم لە ئایدئۆلۆژی و هەم لە پێکهاتەی خۆیدا هەبوونی خۆی گرێ داوەتە پەرەپێدانی سەرکوت لە نێوخۆ و ناسەقامگیری لە دەرەوە.

ئارش ساڵح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کە گریمانەی سەرەکی ڕێژێمی ئێران ئەوەیە کە باشترین پێشگری هێرشە بۆیە ئەوان پێێان وایە کە تەنیا بەیەک شێوە دەتوانن گارانتی داهاتوی خۆیان بکەن ئەویش پەرەپێدانی تواناییانە بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا. بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامادەن هەرکات کە هەست بە مەترسی بکەن یان بیانهەوێ بەرژەوەندیەکانیان دەستەبەر بکەن، ناوچەکە تووشی شەڕوو و ئاژاوەیەکی ماڵ وێرانکەر بکەنەوە. ئەمەش ئێرانی کردۆتە مەترسیدارترین ئەکتەر بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە درێژەدا گوتی گریمانەکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو کاتە درز هەڵدەگرێت کە دەرکەوێت کە نێو ماڵی خۆیان بەوشێوە کە خۆیان بیر دەکەنەوە بۆ ڕێژیمەکەیان ئەمن و سەقامگیر نیە و پێکهاتەکانی نێو ئێران خەریکن دەنگی نارەزایەتیان بەرز دەکەنەوە.

لەئاکام دا ئەگەر ئەوان لە نێوخۆ ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی جیددی ببنەوە ئەوا هێز و توانای ئەوان کە لە سەر بنەمای تێکدانی ناوچەکەیە هێدی هێدی و لە هەموو ڕەهەندە نێوخۆیی و دەرەکیەکاندا بەرە و لاواز بوون و لە ناوچوون دەڕوات. بۆیە حیزبی دیموکرات بە تێگەیشتنێکی ئیستراتیژیک لە پێکهاتەی سیاسی لە ئێران و قووڵایی ئیستراتیژیکی ئەو وڵاتە بە دەسپێکردنی ڕاسان گەورەترین بەرپرچدانەوەی لە هەمبەر ئەو ڕێژێمە پێک هێناوە.