کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرتیپێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە کوژرا

15:39 - 11 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: سەرتیپی تێرۆریست ذاکر حەیدەری لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا بە سزای خۆی گەیشت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە درێژەی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریه و کوژرانی ئەندامانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، یەکێکی دیکە لە فەرماندە تێرۆریستەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە ناوی سەرتیپی تێرۆریست ذاکر حەیدەری خەڵکی پارێزگای تەورێز بە دەست هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد بە سزا گەیشت.

ئەو سەرتیپە تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران جێگری گرووپی تۆپخانەی ٦٠ـی ڕساڵەتی لەشکری ٣١ی عاشواری هێزی زەمینیی سپای پاسدارانی تێرۆریست و یەکێک لە فەرماندەرانی پلە بەرزی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بووە.

هێزی سەرکوتکەر و جینایەتکاری قودس لقی دەرەوەی سنووری سپای تێرۆریستی پاسدارانە کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق‌دا دروست بوو، و بەپێی هەندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان ٢٠ هەزار چەکداری هەیە.

لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش یەکێک لە سەردارەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە ناوی سەردار غوڵامڕەزا سەمایی بە دەست هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد بە سزا گەیشت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە؛ ناوبراو وەک عەمەلیاتی موستەشاری و بەرگری لە حەرەمی عەقیله بنی هاشم لە سووریە شەڕی دەکرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕەفسەنجانی یەکێک لە گەوەر تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی اعتماد باسی لەوە کردووە کە؛ شەڕی سووریه تێچوویەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە.

لەو ماوەیەدا زۆربەی بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیم باسیان لە کار و چالاکی لە دەروەی ئێران کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچە لەمەڕ کردەوەی تێرۆریستی و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە له گرووپە تێرۆرێستییەکان نیگەرانییان دەربڕێوە.