کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی ئارژانتین ڕێژیمی ئێرانی به ئەنجامدانی تەقینەوەی ئامیا تاوانبار کرد

15:42 - 11 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئارژانتین بۆ چەندەمین جار بە شێوەی فەرمی داوای کرد کە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران وەک ئەنجامدەری تەقینەوەی ئامیا دادگایی بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گابریێلا میچتی، جێگری سەرکۆماری ئارژانتین، ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرسی تەقینەوەی ئامیا تاوانبار کرد و ڕایگەیاند کە؛ بەڵگەی زۆر لە دەستماندا هەیە کە ڕێژیمی ئێران ئەو تەقینەوەیەی ئەنجام داوە.

میچتی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕیازی عەرەبستاندا باسی لەوە کردووە کە؛ تەقینەوەی ناوەندی هەمیاریی جولەکەکان لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینیدا، کردەوەیەکی تێرۆریستییە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجامدراوە.

چەند ڕۆژ پێش، هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئارژانتین تلام لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی ڕێژیمی ئێران و دیپلۆمات تێرۆریستی بە ناوبانگی ئەو ڕێژیمە، ڕادەستی دەوڵەتی ئارژانتین بکات.

تەقاندنەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستییە بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی‌دا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

پاش ١٣ ساڵ لە ڕووداووی تێرۆریستیی ئامیا، دادوەری گشتیی ئارژانتین خوازیاری دەستبەسەر کردنی ٩ کەس بریتی لە: عەلی‌ئەکبەر هاشمیی‌ڕەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لە لایەن پۆلیسی نێونەتەوەییەوە بووە و داوا لە ئینتێرپۆلیش کراوە کە وێڕای ئەو دوو کەسە، ٦ کەسی دیکە بە ناوەکانی عەلی فەلاحییان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی)، موحسێن ڕەزایی (فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، مۆحسێن ڕەبانی (ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئارژانتین) و عێماد مەغنییە (بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان) دەستبەسەر بکات.