کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای فیدراڵی ئیمارات، سزای زیندانی بۆ ٧ سیخوڕی حیزبوڵڵای لوبنان دەركرد

15:46 - 11 خەزەڵوەر 2716

كوردستان میدیا: دادگای فیدراڵی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، ڕۆژی دووشەممە ٣١ ئۆكتۆبری ٢٠١٦ی زایینی سزای زیندانی بۆ ٧ سیخوڕی ڕێكخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان دەركرد.

تەلەڤیزیۆنی ئەلعەرەبیە بە گواستنەوەی هەواڵێك لە سەرچاوە دادوەرییەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبییەوە ڕایگەیاند، ئەو حەوت كەسە بریتین لە ٣ لوبنانی، ٢ ئیماراتی، كاناداییەكی بە ڕەچەڵەك میسری و عێراقییەك.

دادگای بەرزی فیدراڵی ئیمارات، عەلی (ح.ع.س) هاوڵاتیی ئیماراتیی بە هۆی دانی زانیاری بە یەكێك لە بەكرێگیراوانی حیزبوڵلای لوبنان، بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دا.

داداگی فیدراڵی ئیمارات هەروەها عەلی (ح.ع.س) خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیماراتیی بەهۆی ئەندامەتی لە شانەیەكی نهێنیی سەر بە حیزبوڵڵا و گرتنی وێنە لە بینا حكوومەتییە هەستیارەكانی ئیمارات و ناردنی بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵلای لوبنان، بە دە ساڵ زیندان سزا دا.

ئەو دادگایە هەروەها سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ كەسێكی دیكە بە ناوی عەلی (ف.ئا.ج) خاوەنی ڕەگەزنامەی كانادایی دەركرد كە تۆمەتبار بوو بە وێنەگرتن لە دامەزراوە نەوتییەكان و ناردنی وینەی هێندێك ناوچەی هەستیاری حكوومەتیی دیكە بۆ بەكرێگیراوانی حیزبوڵلای لوبنان.

دادگا هەروەها سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ عەلی (س.س.ع) و عەلی (ئا.ع.م) دیاری كرد.

ڕێكخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵلای لوبنان یەكێك لە تاقمەكانی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە كە بەشێكی بەرچاو لە چالاكییە تیرۆریستی و تێكدەرانەكانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا لە ڕێگەی ئەو ئەو ڕێكخراوەوە جێبەجێ دەكرێت.