کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز گوشاری خستۆتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی

15:48 - 11 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: شەپۆلێکی نوێ لە بانگهێشت كردنی‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبی دێموکرات له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ ئیتلاعاتی‌ سه‌قزه‌وه‌ دەستی پێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە شاری سەقز ئیداره‌ی‌ ئیتلاعات دەستی کردووە بە گوشار هێنان بۆ بنەماڵەی پێشمەرگەکانی حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران ‌و هەروەها ئەو کەسانەی کە پێشتر پێشمەرگەی ئەو حیزبە بوون.

بەپێی ئەم هەواڵە؛ مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعات کە ناوی بەشێکیان لای ماڵپەڕی کوردستان میدیا پارێزراوە، بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی سەر بە حیزبی دێموکرات بانگهێشت دەکەن بۆ ئیتلاعات‌ و لە پێوەندی لەگەڵ حیزب‌ و مناڵەکانیان‌ و ئەو کاتانەی چوونەتە سەردانیان پرسیاریان لێ دەکەن.

هەروەها ئەو کەسانەش کە ماوەی‌ پاسپۆرته‌كانیان به‌سه‌ر چووه‌‌ و دەیانهەوێ پاسپۆرتەکەیان نوێ بکەنه‌وه‌، بانگ دەکرێن بۆ ئیتلاعات ‌و دەیانخەنە ژێر گوشار‌ و لێپێچینەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی چاوترسێن کردن، لەدژی بنەماڵەی کەسایەتییە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی کوردستان هەنگاوی لەم چەشنە هەڵدێنێتەوە، و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار هەوڵی لەمجۆرە بیندراوە، بەڵام هیچکات نەیتوانیوە بە ئامانجە دزێوەکانی بگات.