کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ شەهید د. سەعید چوروکایە بەڕێوەچوو

14:47 - 14 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە شەهید دوکتور سەعید چوروکایە لە ئاڵمان بەشداری کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۱ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی لە شاری برێمنی ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە شەهید دوکتور سەعید چوروکایە بە بەشداری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان بەرێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، شاندێکی کۆمیتەی ئ حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بە سەرپەرەستیی شەهریار نەقشبەندی بەشداری کرد و بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی لە دەستپێکی وتارەکەیدا و بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید دوکتور سەعید و گەلی کورد کرد و ڕۆڵی ناوبراوی لە خەبات و تێکۆشان دژی داگیرکەران و تێرۆریستان بەرز نرخاند و دواتر ئاماژەی بە حزووری پێشمەرگەکانی حیزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەکانی شەڕی بەرگری لە کوردستان کرد و گوتی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک لە مێژینەترین حیزبی کوردی و وەک حیزبێک کە هەردەم لە پێناو بەرژەوەندیی کورد ئامادەی هەموو فیداکاری کردنێک بووە. لە سەرەتای هێرشی تێرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان و لە سەر داوای حکوومەتی هەرێم، بەبێ دوو دڵی ئامادەگیی خۆی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دەربڕی و لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵیشدا تیمێکی شارەزای مین هەڵگرتنەوەی بۆ هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانەی هێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ کرد کە بەداخەوە هاوکات لەگەڵ برینداربوونی دوکتور چوروکایا ، کادرێکی لێهاتوو و قارەمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک ڕەسووڵ محەممەدزادە شەهید بوو.

شەهریار نەقشبەندی وێرای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی شەهید ڕەسووڵ لە تەمەنی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتی و بەتایبەت خزمەت بە نیشتمان و نەتەوەکەی لە هەر شوێنێک کە پێویستی پێی هەبوو بێ، باسێکیشی لە ڕۆڵی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە تا ئەو ڕێژیمە مابێ، جیهان و بەتایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ، هەربۆیە جیهان پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرێ و پشتیوانی لە ڕاسانی نوێی گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هێزە ئازادیخواز و دێموکراتەکانی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتە بکات.