کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزبی سوسیال دێموکراتی فینلاند

15:46 - 15 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١ی نۆڤامبری ٢٠١٦ هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، دیدارێکیان لەگەڵ تێرۆ شێمێیککا، بەرپرسی کار و باری دەرەوەی حیزبی سوسیال دێموکراتی فینلاند، لە بارەگای سەرەکیی ئەو حیزبە، پێک هێنا.

سەرەتا نوێنەری حیزب باسێکی کورتی کرد لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی کوردستان و گرێدانی خەباتی شار و شاخ.

لەم پەیوەندییەدا شنە ڕەزاوی، نوێنەری حیزب لە فینلاند، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ٢ دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوخۆدا، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران و بەتایبەتی چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد تا هاتووە زیاتر بووە؛ لە ئێستاشدا حوزووری هێزی پێشمەرگە لەناوخۆدا گرینگە بەتایبەتی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک و چالاکوانانی ڕزگاریخواز.

نوێنەری حیزب هەروەها وتی، کە دەستکەوتێکی گرنگی ڕاسان لە ماوەیەکی وەها کورت‌دا، بریتییە لە پوچەڵکردنەوەی پرۆپاگەندەی ڕێژیم، کە هێزی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستانی ئێران‌دا نەماوە.

لە وەڵامی پرسیارێک‌دا، کە ئاخۆ نوێنەرانی کورد لە پارلەمانی ئێران، تا ئێستە چیان کردووە بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران‌دا، نوێنەری حیزب وتی، کە لە حکومەتی دیکتاتۆری ئێران‌دا، کەسێک تا لە خۆیان نەبێت و باوەڕدار بە ناوەڕۆک و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم نەبێت، ناتوانێت بگاتە ئاستی پارلەمان. وە نمونەی هەرەبەرچاوییش بۆ ئەمە، پشتگوێخستنی خەڵکی کورد و پێشێلکردنی مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیانە لەلایەن ڕێژیمەوە.

هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، کە ئاخۆ پاش لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و باشتربوونی ئابووریی وڵات، تا چەند گوزەرانی خەڵک لە ئێران باشتر ئەبێت، نوێنەری حیزب وتی، کە ڕێژیم پشتیوانێکی گرنگی گروپە تێرۆریستییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووریەوە. وە پاش کاریگەریی زۆریی گەمارۆ ئابوورییەکان، ڕێژیم دواجار ناچار بوو کە بە هێنانە سەرکاری ڕۆحانی، سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و لەگەڵ ڕۆژئاوا دابنیشێت. بۆیەش ئەبێ بڵێین، کە ڕیژیم ئەو داهاتە بە دەرەجەی یەک لە پشتیوانییکردنی ئەو گروپانە و لە هەوڵەکانی‌دا بۆ هەرچی ناسەقامگیرترکردنی ناوچەکە، بەکار دەهێنیت.

لە کۆتایی‌دا، تێرۆ شێمێیکا، وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی حیزبی سوسیال دێموکرات لە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان، ئاماژەی کرد بە گرنگیی وەرگرتنی بۆچوونی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی لەمەڕ بابەتە پەیوەندیدارەکان و هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم پەیوەندییانە کردەوە.