• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

شەهیدێک لە پێناوی گەڕاندنەوەی یەکجاریی خاکی کوردستاندا

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٨/١٦ - ١١:١٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
شەهیدێک لە پێناوی گەڕاندنەوەی یەکجاریی خاکی کوردستاندا
ئەلبۆرز ڕووئین تەن

ئەو ساڵەی تێیداین، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ساڵێکی دژوار بەڕێ دەکات. لەوانەیه‌ بپرسن کام ساڵی ئەو حیزبە بە دژواری تێپەڕ نەبووە، بێگومان ڕاستە ئەوەش بۆ هەست کردن بە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ئەو ئەرکەی لەسەر شانی ئەو حیزبە دانراوە دەگەڕێتەوە. کاتێک خۆت لە بەرانبەر گەل و نیشتماندا بە بەرپرسیار بزانی، بێگومان دانی زۆر قوربانی و فیداکاریی پێویستە، کە مێژووی حیزب پڕە لەو قوربانیدانە.

تەنانەت هێندێکجار دەڵێین هەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە دەتوانێ ئەو هەموو ئازارە بچێژێ و هەر بەردەوام سوورتر بێت لە خەباتی و هەنگاوی پتەوتر بۆ داهاتوو هەڵگرێ. نمونەی ئەو فیداکارییە شەهید بوونی ڕەسووڵ محەممەدزادە کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە لە بەرەکانی شەڕ لەگه‌ڵ داعش کە بۆ هەمیشە ناوی خۆی لە دڵی گەل و نیشتماندا تۆمار کرد. وێڕای لەدەستدانی ڕۆڵەیەکی دیكه‌ی قوتابخانەی دێموکرات بۆ نه‌ته‌وه‌ و بەرژەوەندییەکانی کوردستان، شه‌هیدبوونی ئه‌و هاوڕێیه‌ دەرخەری سیاسەتە کوردستانییەکانی ئەو حیزبەیە کە بە درێژایی مێژووی خۆی ڕەچاوی کردووە، بەڵام لەوانەیە کەمتر خوێندنەوەی بۆ کرابێ. بۆ دەرکەوتنی ئەو بابەتە سەرەتا دەبێ لە سیاسەتی حیزب لە بەرانبەر باشووری کوردستاندا ورد ببینەوە و بزانین ئه‌م حیزبه‌ له‌ چ ئاستێكدا توانیویه‌ پشتیوانی له‌ ئه‌زموونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات.

ئەو پشتیوانییە لە سێ قوناغی بەر لە ڕاپەرین و لە کاتی ڕاپەرین و دوای ڕاپەرینی کورد لەو بەشە لە کوردستان بەردەوام بووه‌، هەرجارەو بە شێوەیەک کوردستانی بوونی خۆی سەلماندووە. هەمیشە فاکتەرێک بووە بۆ لێک نزیککردنەوەی حیزب و لایەنەکانی باشوور، چوونکە دۆستایەتیی هەمووانی کردووە، ڕێزی لە دامەزراوەکانی وەکوو حکومەت و پارلمان گرتووە. هیچکات لە دژوارترین ساتەکانیشدا پەنای بۆ دوژمنی کورد لە دژی کورد نەبردووە. تەنانەت بۆ ئەو سیاسەتەش قوربانیی زۆری داوە. ئەو بنەما ئەخلاقیانەی حیزب بۆیە گرینگن و دەبێ بە هەموو شێوەیەک بە هەزاران جار بگوترێنەوە و ببن بە سەرباشقەی سیاسەتی لایەنەکانی دیكه‌ش، چوونکە بەشێک لە نەهامەتییەکانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی کوردستانی لەو شێوەیە. هەربۆیەش کە دەبینین حیزبێک بەو شێوەیە ڕەچاوی دەکات، دەبێ وەک خاڵی بەهێز و ئەرێنیی ئەو حیزبە چاوی لێبکرێت. کاتێک شەهید ڕەسوڵ محەممەدزادە لەگەڵ بەشی ئەندازیاریی پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی لە بەرەی پێشەوەی ئۆپەراسیۆنێکی گرینگی وەکوو شەڕی موسڵ، لەکاتی پوچەڵکردنەوەی مین کە گرنگترین تاکتیکی داعشە بۆ شەهید کردنی پێشمەرگە، ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی هەزاران پێشمەرگە ئەنجام دەدا و لەو ڕیگەیەدا شەهید بوو، کە زۆربه‌ی ئێمه‌ نەماندەزانی کە بەرپرسی فێرگەی حیزب و کادرەکانی به‌شدارن له‌ ئه‌ركێكی ئاوا نیشتمانیدا. ئەگەر بە گوێرەی سیاسەتیکی تەسکی حیزبی با، ئەوا دەبوو حیزب گەورەترین پڕۆپاگەندەی بە کارێکی له‌مشێوه‌ کردبا، بەڵام گەڕانەوە بۆ بنەما نیشتمانییەکان وایان کرد کە تا كاتی شەهید بوونی ئەو کادرە بەوەجە ئێمە ئاگاداری ئەو ئەرکە نەبین. واتە حیزب تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانیی کورد و کوردستان ئه‌و ئه‌ركه‌ی به‌ڕێوه‌ بردووه‌. لەلایەکی دیکەوه‌، شەهید بوون لە پێناو خاک و نیشتماندا لە قوتابخانه‌ی دێموکرات سنوور ناناسێت و لە هەر شوێنێک کە پێویستی بە حیزب و ڕۆڵەکانی هەبێت، بێ چاوەڕوانی لە دەسکەوتێکی حیزبی یا كاتی، حیزب ئامادەیە ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەرشانی بە باشی به‌ڕێوه‌ی ببات، جا ئەو ئەرکە بەرگریکردن لە خۆ بێت لە بەرانبەر هێزی دژە مرۆیی و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی یا داعش کە لە ناوه‌ڕۆكی سیاسەتەكانیدا ڕوویه‌كی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە ناوچەكه‌دا.

له‌ ڕوانگه‌ی سیاسه‌ته‌كانی حیزبه‌وه‌، كرده‌وه‌ی له‌مشێوه‌ بۆ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان نه‌گۆڕه‌ و له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێكدا به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌كی لواو ئاماده‌یه‌ هه‌نگاو بنێ. له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیە به‌ ڕاشكاوی پشتیوانیی خۆی له‌ HDP ڕاده‌گه‌یه‌نێ، له‌ هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا داوای یه‌كیه‌تی و یه‌كڕیزیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات و به‌گشتی حیزبی دێموكرات نه‌ك به‌ ڕاگه‌یاندن و گوتار، به‌ڵكوو به‌ كرده‌وه‌ و به‌ ڕژانی خوێنی ڕۆڵه‌كانی ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ سیاسه‌تێكی پاقژی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ده‌توانێ نموونه‌یه‌كی باش بێ بۆ پێڕه‌و كردنی.

ڕەهەندیکی دیكه‌ی ئەو سیاسەتە دەگەڕێتەوە بۆ تێزی پشتیوانیی کورد لە بەرانبەر دەوڵەتی داگیرکەر یا دوژمنی کورد کە شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنە. واتە هەموو کاتێک حیزب پشتیوانی دەکات لە کورد لە بەرانبەر دەوڵەت یا دوژمنی کورد، تەنانەت ئەگەر دژی بەرژەوەندیی حیزب بێت، بەڵام ڕه‌چاو نه‌كردنی بەرژەوەندیی حیزبی بۆ بەرژەوەندیی نه‌ته‌وه‌یی‌ وا دەکات نه‌توانێ له‌ هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی، واتا به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی لابدات. ئەگەر بێتو ئەو ڕەهەندە وەکوو بەشێک لە سیاسەتی هەموو لایەنەکان بچەسپێت و کاری بۆ بکرێت، بێگومان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خێراتر بوونی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌ زۆرتر ده‌بێ. لە کۆتاییدا به‌سه‌رهاتی شەهید ڕەسووڵ کە مامۆستایەکی فێرگەی حیزب بوو، بۆ پێگەیاندنی لاوانی نیشتمانپەروەر، لە چوارچێوەی قوتابخانه‌ی دێموکراتدا باشترین وانەیە بۆ ئەوەی چۆن دەتوانین خزمەت بە نیشتمانمان بکەین و چۆن خۆمان پێبگەینن و ئەوەی بەدەستمان هێناوە چۆن لە خزمەت شۆڕشدا بەکاری بێنین.

ڕۆڵەیەکی نیشتمان له‌ سه‌ره‌تای لاویەتی‌دا دەبێتە پێشمەرگەی حیزب، پلەکانی پێشمەرگایەتی و کادری سه‌ركه‌وتووانه‌ تیپەڕ دەکات و دواتر لە زانکۆدا ئاستی وشیاری و زانستی له‌ به‌شی مێژوودا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و بڕوانامه‌ وه‌رده‌گرێ و دیسان دەگەڕێتەوە ڕیزی حیزب و خه‌بات و هه‌موو ئه‌و ئه‌زموون و زانسته‌ی به‌ده‌ستی هێناوه‌ ده‌یخاته‌ خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌ و حیزبه‌كه‌ی و له‌ فێرگه‌دا ده‌بێته‌ مامۆستایه‌كی لێوه‌شاوه‌ و وانه‌ی خۆڕاگری به‌ قوتابیانی ده‌ڵێته‌وه‌. بە هۆی لێهاتویی لە بەشێکی هەستیاری شەڕ واتە پووچەڵ کردنەوەی مین، لە ئۆپەراسیۆنی دیاری کردنی یەکجاریی سنووری کوردستان، پێشمەرگە دەپارێزێ و گیانی دەکاتە قوربانی بۆ کورد و کوردستان. هەر بۆیە ئەو به‌سه‌رهاته‌ بە ڕەنگدانەوەیەکی دیکەی سیاسەتی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به‌ئه‌ژمار دێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا