کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی پرسە و ڕێزلێنان بۆ شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

16:37 - 17 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: بە بەشداریی نوینەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدنییەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید ڕەسووڵ، کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوید، کۆڕێکی پرسە و ڕێزلێنان بۆ شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە تازەترین شەهیدی حیزبی دێموکرات کە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان و لە کاتی پووچەڵکردنەوەی مین‌دا شەهید بوو، بەڕێوەچوو.

لەو کۆڕەدا لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕات لە دەرەوەی وڵات، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات و هاوکات بنەماڵەی شەهید ڕەسووڵ بەشدار بوون.

سەرەتای مەڕاسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر ژیاننامەی شەهید ڕەسووڵ لە لایەن شاهۆ ئیبراهیمیەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید لە لایەن کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە خوێندرایەوە.

ئەلیاسی لە پەیامەکەیەدا ویڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید ڕەسووڵ و دوکتور سلێمان، ئاماژەی بەوە کرد کە شەهید ڕەسووڵ وەک پەروەدەکراوێکی مەکتەبی دێموکرات، ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەکەی لەهەر بەشێکی کوردستاندا بە کردەوە بەجێ هێنا و ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە قوتابیانی دێموکرات هەڵگری بەرپرسایەتییەکی مێژوویین کە لە کۆماری کوردستانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە قوتابیانی ڕێبازەکەیان وا فێردەکەن لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا دێموکرات بن و کوردستانیانە بیر بکەنەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی مەراسمەکەدا پەیامی سەرەخۆشی بەڕێز و تێکۆشەر مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی لە لایەن هاوسەرەکەی خاتوو کولسووم ئیبراهیمیـەوە خوێندرایەوە.

مامۆستا شیوەسەڵی لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە هەردوو بنەماڵەی کاک لوقمان مێهفەر و بنەماڵەی شەهید ڕەسووڵ و بەتایبەت هاوژیانی شەهید ڕەسووڵ خاتوو کەنێرە مێهفەر کردبوو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ناوبراو باسی لەوە کرد کە: خوێنی شەهید ڕەسووڵ ئەو ڕاستییەی پشتڕاست کردەوە کە سنوورە دەستکردەکانی وڵاتی بەشکراومان تەنها بەرهەمی پیلانگێڕی داگیرکەران و دوژمنانی کوردە، خوێنی شەهید ڕەسووڵ ئاوێنەی ئەو حەقیقەتەیە کە کوردەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستان خوێنیان دەڕژێ و هاوسەنگەری یەکترن.

هەروەها گوتیشی: خوێنی کاک ڕەسوول دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە شەڕی ئێمە شەڕی گەڕاندنەوەی موڵک و سامانی وڵاتەکەمان نییە، بەڵکوو شەڕێکە دژ بە کاولکاری و تواندنەوەی مرۆڤە ڕاستەقینەکان، بەرەنگار بوونەوەیە دژ بەو شەپۆلە ئاگرینەی وا خەریکە هەڕەشە لە هەموو مرۆڤایەتی دەکات. خەباتێکی ڕەوایە دژ بە ڕەگەزپەرستی و نایەکسانی، خەباتە بۆ چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و دێموکراسی و دادپەروەری.

لەبڕگەیەکی دیکەی مەڕاسمەکەدا پەیامی بنەماڵەی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە لە لایەن بەڕێز قادر مێهفەرەوە خوێندرایەوە.

مێهفەر لە پەیامەکەیدا لە سەر ژیانی سیاسی، ڕێکخراوەیی، خوێندکاری و کۆمەڵایەتی شەهید ڕەسووڵ دوا و تایبەتمەندییە بەرزەکانی کەسایەتی ئەو مرۆڤە مەزنەی بۆ بەشداران باسکرد. باسی لەهەستی بەرزی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی شەهید ڕەسووڵ کرد و هاتنی بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و چوونەسەری پلەی حیزبی و وەرگرتنی ئەرکە حیزبییەکانی بە نموونە هێنایەوە کە بە دڵسۆزی و سەرکەوتنەوە لەژێر باری هەموو بەرپرسیاریەتیەکدا ڕووگەش دەهاتە دەر.

ناوبراو هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ شەهید ڕەسووڵ نەک تەنها خۆشەویستی قوتابیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵکوو کەسێکی متمانەپێکراو و خۆشناوی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بوو. خەمی لەدەستچوونی کاک ڕەسووڵ ئەوانیشی خەمبار و بەپەرۆش کرد.

ناوبراو لە کۆتاییدا سەری ڕێز و وەفای لە بەرامبەر شەهید ڕەسووڵدا دانەواند و بەڵێنی درێژەدانی ڕێگاکەی بە شەهید ڕەسووڵ دا و ئارەزووی سەرکەوتنی بۆ هێزی پێشمەرگە خواست.

دواتر دۆکیۆمێنتارێک لە سەر تەوەری بەرەنگاری پیشان درا کە تایبەت بوو بە بەشداریی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە بەرەنگاربوونەوە دژ بە داعش و بۆ پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کوردانی باشووری کوردستان.

لە ناوەڕۆکی مەڕاسیمەکەدا چەندین پەخشان و پارچە هۆنراوە لە لایەن عەزیز مورادپەرستەوە خوێندرایەوە.

لەو مەڕاسمەدا چەندین پەیام و برووسکەی هاوخەمی لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە پێشکەشی مەراسمەکە کرابوون:

ـ پەیامی هاوخەمیی پارتی دێموکراتی کوردستان
پەیامی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە شاری ڤێسترۆس
برووسکەی ناوەندی ڕێکخستنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)
پەیامی ناوەندی یەکیەتیی کوردان
برووسکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
برووسکەی هاوخەمی بزوتنەوەی گۆڕان
برووسکەی کۆمەڵەی کولتووری کورد
برووسکەی هاوخەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەروەها لەو مەڕاسمەدا پارچە شێعرێک لە لایەن خاتوو سارا عەلی‌باتێ، کوردی باکوورەوە پێشکەش کرا.

بڕگەی کۆتایی مەڕاسمەکە بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێهات.