کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوەکانی ئیران لە دژی کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی ئێران خۆپیشاندانیان کرد

16:28 - 18 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک لە دژی کۆماری تیرۆرێستی ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە شاری هامبورگی ئاڵمان خۆپیشاندانێک لە دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەچوو که لە لایەن بەرەی دێموکراتیکی ئەلئەحوازەوە ڕێکخرابوو.

نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد پشتیوانیان لەم خۆپیشاندانە کرد و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکانە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.

لە و خۆپیشاندانەدا پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان خوێندرایەوە کە تێیدا باس لەوە کرابوو: کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کاتێک پابەند بە کونوانسیۆنەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ نەبووە و بە دڕندانەترین شێوە نەتەوەکانی ئێران و کەمایەتییە ئایینی و ئێتنیکییەکانی چەوساندۆتەوە، هەربۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دژی زوڵم و زۆرداری ئەو رێژیمە تێرۆریستە و بونیادنانی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک لە خەبات و فیداکاری نەوەستاوه و لە هەمان کاتیشدا بەردەوام پشتیوانی لە مافی رەوای نەتەوەکانی ئێران کردووە. کۆماری ئیسلامی ئیران وڵامی هەرجۆرە مافخوازییەکی گەلانی ئێران بە سەرکوت و زەبروزەنگ، گرتن و ئێعدامکردنی زیندانیانی سیاسی ئەداتەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوازیاری یەکگرتن ،خەباتی هاوبەش و جیددییە بۆ کۆتایی هێنان بە زوڵم و زۆری رێژیم و هێنانەدی ئێرانێکی فیدڕاڵ و دێموکراتیک.