کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ڕاسان\" مەجلیسیشی خستەخۆ

16:43 - 26 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: پاش لێدوانە بەردەوامەکانی بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات، ئەمجارەیان پیلانێکی نوێ لەلایەن مەجلیسەوە هاتۆتە ئاراوە.

پاش درووست کردنی فڕاکسیۆنی تورک زمانەکان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم بە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر، کە ١٠٠ کەس لە بەناو نوێنەرانی ناوچە تورک نشینەکان تێیدا بەشدارن، هەوڵێکی دیکەش لەم ڕاستایەدا هاتۆتە ئاراوە کە بریتییە لە سازکردنی فڕاکسیۆنی بەلووچەکان و کوردەکان.

سازکردنی فڕاکسیۆنی تورکەکانی مەجلیس ناڕەزایەتی و دژایەتی چەندین لایەنی لێکەوتەوە کە زەقترینیان نامەی ١٧٠ مامۆستای زانکۆ و مێژووزانی ئێرانییە بۆ عەلی لاریجانی کە وتوویانە ئەمە هەوڵێکە بۆ دابەش کردنی مەجلیس کە ئاکامەکەی لێکترازانی شوناسی ئێرانییە.

ئەم نامەیە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە وتەبێژی دەوڵەتی ڕۆحانی، محەممەدباقر نەوبەخت بە ڕۆژنامەی قانونی وتووە: سازکردنی ئەم فڕاکسیۆنانە هەلێکە بۆ ئەوەی بتوانین یەکانگیریی ئێران بپارێزین و ئێمە پشتیوانیی لێدەکەین.

هەندێک لە چالاکانی سیاسیش لەوانە یوسف عەزیزی بەنی تۆرۆف پێیان وایە ئەم پرسە بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەکانی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆمارییە. ناوبراو بە هەواڵدەریی دۆیچەوێلەی وتووە لە هەڵبژاردنەکانی سالی ٩٢دا ڕۆحانی توانی بە دانی کۆمەڵێک بەڵێن سەرنجی نەتەوەکانی ئێران بۆ لای خۆی ڕاکێشێت و ئەمەش هەوڵێکە لە هەمان ڕاستادا.

لەلایەکی دیکەوە عەبدوسەتتار دوشوکی، چالاکی بەلووچ بەم هەواڵدەرییەی وتووە: دەوڵەت هیچ نەخشێکی یەکلاکەرەوەی لە سیستان و بەلووچستان نییە و ئەوەیکە قسەی کۆتایی لەم ناوچانە دەکات ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی ڕێژیمە.

هەر لەم پێوەندییەدا بەشێک لە چالاکانی کورد دەڵێن؛ هەوڵدان بۆ سازکردنی فڕاکسیۆنی لەم چەشنە لە ڕاستای هەمان لێدوانە توندئاژۆیانە و پڕ لە ترس و خۆفانەی بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە ڕاسان و شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتە کە ئامانج لێی، هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی هێز و پۆتانسیەلەکانی نێو کوردستان و ئەو ناوچانەیە کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێیە.

لە پاش ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەبات لە نەورۆزی ئەمساڵدا لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران کەوتەخۆ و جگە لە بوردومان کردنی سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی حیزب، لە ڕێگەی جۆراوجۆری دیپلۆماسی، میدیایی و سەربازییەوە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دا.

لەبەرانبەریشدا کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە دوایین پلینۆمی خۆی بە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٥، وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە ئەرێنییەکانی ڕاسان، بە لێبڕاوییەوە پێی لەسەر بەردەوامیی ڕاسان داگرتەوە.