• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٤ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

بڵێی خێرێکی بۆ ئێمە تێدابێ؟!

زایینی: ١٦-١١-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٨/٢٦ - ١٧:٤٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بڵێی خێرێکی بۆ ئێمە تێدابێ؟!
مەلا برایمی مەجیدپور

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئـەمریکا دوایی هات. هەر وڵاتێک بـەپێی لـەبـەرچـاو گرتنی بـەرژەوەنـدیی وڵاتەکەی خۆی هەوڵدەدا پێوەندی دیپڵۆماسی و پێوەندییەکانی دیکە لەگەڵ ئەو وڵاتە نـۆژەن بکاتەوە.

هێندێک زۆر بەخێرا و هێندێکیش سەبر و بە تێبینییەوە پیرۆزباییان لێ کرد و سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات خواست. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەلەش خێراتر لە جێگای پیرۆزبایی، دژ کردەوەی خۆی نـیشاندا و گوتی: ئـێـمـە ئامادەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەرێک!! لێرەدا نامەوێ لەسەر ئەوە بڕۆم، هەرئەوەندە دەڵێم: (دز لەهەموو خشپەیەک دەترسێ و بە گومانە!!).

ئێمەی گەلی کوردیش لـە بـەرانبەر ئـەو هەڵبژاردن و سەرکەوتن و ئـاڵوگۆڕە بێدەنگ و بێلایەن نین، چوونکە پێمانوایە ئـاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی هـەرکام لـەو زلهێزانە لە مەسەلەکەی ئێمەشدا کارتێکەری هەیە و دەشڵێین: بڵێی بۆ ئێمەش خێرێکی تێدابێ؟! هەمـوومـان چاوەڕوان و ئـاواتـەخوازین بـۆ دۆزە ڕەواکەی گەلەکەمان و وەدیهاتنی ئامانجەکەمان شتێکی باشی تێدا گونجابێ. هێندێک هیوادارن و بڕێکیش بێ‌هیوا، بەڵام بەش‌بەحاڵی خۆم نە لە ڕابردوودا و نە لە ئێستادا و نە لە داهاتوشدا، نـە بەو سەرکەوتنانـە شاگەشکە دەبم و نە بەو دۆڕاندنانە تووشی لێوە لەرزە بوم. نە پشتم بە قەول و بەڵێنیەکانیان بەستووە و نە لە پشتیوانی نەکردنیان تووشی ناهومێدی بووم. پێموایە گەلی کورد بەگشتی و حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی، دەبێ بە پشت‌بەستن بەگەل و هەوڵ و تێکۆشانیان ئەو هەل و دەرفەتە ڕەخساوە، ژیـرانـە بـقۆزنـەوە و بـە قازانجی خەبـاتە ڕەواکەمـان وەریگرن و لێکیدەنەوە. لەو ئاوە لێڵەی ناوچەکەمان لێزانانە ماسی مەبەستیان بگرن. نابێ بە قسەی سەرکۆمارێک کە دەڵێ: کورد مافی هەیە و دەبێ بیدرێتێ دڵنیا بن و پاڵی لێ‌بدەنەوە. ئێمە دەزانین و ئەزموونیشمان هەیە کە لە کۆنەوە ئەو زلهێزانە ساتوسەودایان بە کورد و مەسەلەکەیانەوە کردووە ! هەر کە بەرژەوەندیی خۆیانیان لە لای دوژمنەکانی کورد شک بردبێ، کورد و داوا و خەباتەکەیان وەلا ناوە و هەرزان فرۆشیان کردووە، مەگەر نازانن یەکێک لە سەرەکیترین هۆی ڕووخانی کۆماری کوردستان خۆ گێل کردن و پشت گوێ خستنی یەکیەتی جەماهیری شۆرەوی بوو لە مەسەلەی کورد. دەبێ بە ئاوڕدانەوەیەکی ورد و واقعبینانە لە ڕابـردوو هەڵسەنگاندنی لێزانـانەی بارودۆخی ئێستا و دروست کردنی هێزێکی نەتەوەیی یەکگرتووی بـەرچاو نیشانی بـدەین کە ئـێمە هێزێکین دەتوانین پارسەنگی مەسەلە و ڕووداوەکان بـەملاوئـەولادا دابشکێنین. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەڵبەندێکی هەم دەوڵەمەند و هەم ئاڵۆز و پڕ لە کێشە و ململانێیە و زلهێزەکانی دنیاش هەوڵ دەدەن زۆرترین جێ پێ بۆ خۆیان بکەنەوە، هەر بۆیە دەگەڕێن بەشوێن هێزێکدا کە بتوانێ پارسەنگی هێزەکان ڕابگرێ، یان بەلای ئەوانیدا بشکێنێتەوە. بە باوەڕی من کورد ئەگەر یەکگرتوو بێت دەتوانێ ئەو هێزە بێ. کاتێک بەو قەناعەتە گەیشتن کە کورد ئەو هێزەیە، بە هەموو توانایانەوە پشتیوانیی مادی و مەعنەوی لێدەکەن و گشت پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکەن. بەکوردی و بەکورتی: یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی کورد فاکتـەری سەرەکیی گەیشتنی کوردە بە مافەکانی، نەک هەڵبژاردنی فڵان و فیسارە کەس بۆ سەرکۆماری ئەم وڵات و ئەو وڵات. دەبێ بزانین هەموو ئەو زلهێزانە دۆستایەتی و پێوەندی و یارمەتیدانیشیان لە پێش هەموو شتێکدا بـە مـەبەستی پـاراستنی بـەرژەوەنـدی و گەیشتن بـە ئامانجی خۆیانە، نەک چاوی جوانی ئەم و ئەو!! مەخابن ئەو پرش‌وبڵاوی و ناتەبایی و هاوکاری نەکردنەی ئێمە و، نەبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی یەکگرتوویە کە ئێعتیبار و مـتمانەی دنیای دەرەوەی ئـەگەر لـەنـاویش نـەبردبێ، لاوازی کردووە و تـەنـانـەت گەلەکەشمانی تووشی سەرلێشیواوی و گومـان و دڕدۆنـگی کردووە. ئـێـمـە دەبێ وەک سوپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی تەیار بە چەکی بیر و باوەڕ بە ئازادی و سەربەخۆیی، بە بەرنامەیەکی تۆکمەی داڕێژراو بۆ بەرژەوەندیی گەل و وڵات لە گۆڕەپانەکەدا خۆمان بنوێنین، ئـەو کاتەیە کە پشتیوانی و یـارمەتیی دنیای ئـازاد وەدەست دێنین و مـلکەچی هـیـچ دەسەڵاتێک و سیاسەتێکی بێگانان نابین. ئەگەر هێندێکمان لە ژێر چەتری ئیدە و ئایینی جۆراوجۆر و دژ بە یەک و هێندێکی تر لە ژێر ناوی شیعە و سوننە و ئەوجار بەناوی جۆراوجۆری لک و پۆپەکانیان کە بۆخۆمان دروستمان کردوون، نەک ناتوانین بەرەنگاری ئەو دوژمنە ڕەنگاوڕەنگ و دڕندانەمان بینەوە، بەڵکوو لە نێو خۆماندا تووشی ململانێ و کەڵەوەکێشی و سەرئەنجام دەرگیرییش دەبین، نـە دەتوانین دوژمن بـەچۆکدا بێنین و ملیان پێ ڕاکێشین، نـە دەتوانین بیروڕای گشتیش بەقازانجی خۆمان بجووڵێنین. دەکەوینە نێو شەپۆلی شەڕێکی ئیدەیی و ئایینی و سەر لە خۆمان و گەلەکەشمان دەشێوێنین. ئەوەندە بێهێز دەبین کە تەنیا بیر لە خۆپاراستنیش ناکەینەوە. دنیای دەرەوەش لە هێز دەگەڕێ بـۆ دابـەزاندنی پـڕۆسە و بەرنامەی خۆی و دابین‌کردنی بەرژەوەندییەکانی.

مەخابن ئەو هەموو ئیدە و ئایینە جیاوازانەی کە لێکیان کردووین و بەگژ یەکیاندا کردووین، بە چاوی خۆمان دیتوومانە جگە لە دژایەتی و ماڵویرانی و دووبەرەکی و دوورخستنەوە لە ئامانج، بەروبوویەکی دیکەیان بۆ ئێمەی کورد نەبووە و ناشبێ و هەر دوژمنەکانمان کەڵکێان لێ وەرگرتووە. هەر بۆیە دەبێ ئەو هەل و دەرفەتانە ژیـرانە دەرک بکەین و پشت بە گەل ببەستین و لـەسەر پێی خـۆمـان ڕاوەستین و لـە هـەر دەرفەتێکی ڕەخساو، بـەشی خـۆمـان وەدەست بـێـنـیـن. وەک گەلێکی بـەشمەینەتی زێد داگیرکراوی لە ئازادی بەشبڕاو بە هێزێکی یەکگرتووی نەتەوەیی بێینە مەیدان و بە دنیای بسەلمێنین کە جیاوازی بیر و بۆچوونمان کار ناکاتە سەر یەکگرتویی نەتەوەییمان، چوونکە پێش ئەوەی بگەینە تەمەنی بلوغ و ماف و ئەرکمان بێتە سەرشان، کە مەرجی ئەو ئەرک و مافانەش ئەوەیە (باڵغ و ئـاقـڵ و ئـازاد) بین، هـەر کە لەدایـکمان بووین کـورد و هاونەژاد و ڕۆڵەی یەک نیشتمان بووین. ئەو هەموو پاشتەرک و پێشتەرک و خەت و نیشانانەی لەژێر ناوی جۆراوجۆر بۆمان دروستکراوە تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەیە یەک نەگرین و نەبینە هێزێک کە بتوانین بەرگری و پارێزگاری لە مافی ڕەوای خۆمان بکەین. دەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئیدە و ئایینەکان، بەڵام باوەڕم وایە هەر کامەیان مافی نەتەوایەتیم لێ قەدەغە بکا و یان وەدوای خۆی بخا، قبوڵم نیە و پێموایە هەموو ئیدە و ئایینەکان دەبێ ئامانجیان بەخەتەوەریی گەلان بێ، نەک ڕۆژەڕەشی و ماڵوێرانی، دەبێ ئامانجیان دابین کردنی مافی گەلان بێ، نەک پێشێل کردنی. لە کوردستانێکی ئاوەداندا گەلێکی ئازاد و سەربەخۆ دەتوانێ بە سەرجەم ئاواتەکانی بگا.

ئێمەی کورد دەبێ پێش هەموو شتێک کەسایەتی نەتەوەییمان و زێدەکەمان دیار و ئازاد و پارێزراو بێ، جا ئەوجار ئیدە یان ئایین بۆ خۆمان هەڵبژێرین. ئێمە کە ڕێگەی بە ئازادی نیشتەجێ بوون و تەنانەت گەڕانەوەشمان لێ گیراوە، لە کوێی سۆسیالیزم یان ئیسلام دابەزێنین و کاریان پێبکەین؟! گەلێکی ئازاد و سەربەخۆ دوای سەرکەوتنیش دەبێ ئەو هەموو ئیدە و ئایینانە بۆ ئاوەدانی وڵات و بەختەوەری گەل دەکار بێنێ نەک بۆ ڕۆژەڕەشی و ماڵوێران کردنی، تۆوی برایەتی و هاوکاری بچێنێ نەک ئاژاوە و دووبەرەکی. هەر ئیدە و ئایینێک ئەگەر لە خزمەتی گەلدا نەبێ بۆ قبوڵکردن و دەکارهێنان نابێ. بە باوەڕی من پێداگری لەسەر بەرژەوەندیی حیزب و تاک دەمانخاتە نێو لیستەی ئەو کەس و حیزبانە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هەرەسیان بە کۆشکی بـەرزی ئازادیی نیشتمان و گەل هێناوە، ڕەنج و مەینەتی گەل و ئەو گشتە خوێنە ڕژاوەیان لەبەرچاو نـەگرتووە و بـە فیڕۆیان داوە. هیوادارم کارێک نەکەین کە [زوێـڵە چەرمەکە ئـاو بیبا و ئێمەش هەر پەککوویەکمان بۆ بمێنێتەوە!] چاوەڕوانی ئەوە نەبین کە خەڵک مافمان بۆ دیاری بکا و بمانداتێ و بیپارێزێ، بەڵکوو دەبێ بە خۆمان پشت ئەستوور بین و هەموو مافـخۆرەکان ناچار بە چۆڵ کردنی زیدەکەمان بکەین. سوپاسی هەموو ئەوانەش بکەین کە یارمەتیمان دەدەن و هاوکاریمان دەکەن.

ئـاواتە خـوازم گەورەترین دەسکەوت لـەو دەرفەتانە وەدەست بێنین، بـەبێ ئـەوەی خۆمـان بدۆڕێنین. چوونکە دۆڕاندن هەرچەنـد قیمەتی بـۆ دانرابێ، بێ‌بایەخە و هـیچ بەهایەکی واقعی نیە و بەروبووەکەی سەرئەنجام پەشیمانی و سەرشۆڕییە. لە دوایین قسەدا دەڵێم : ئەگەر بۆخۆمان بوون و مەوجوودیەتی خۆمان نەسەلمێنین، دەبێ یەکێک دروستمان بکا و ئەویش بە پێی بەرژەوەندیی خۆی سازمان دەکا و بەکارمان دێنێ !!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک