کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شنۆ ڕووبەڕووی چالاکیی گرووپێکی سەلەفی دەبنەوە

17:08 - 27 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: گرووپێکی سەلەفیی نەناسراو لە شاری شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە پڕوپاگەندای ئایینی دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری شنۆ و دەوروبەری، گرووپێکی سەلەفی پڕوپاگەندای توندئاژۆیانەی ئایینی لە نێو خەڵکدا دەکەن و ئەوەش نیگەرانیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ئەو گرووپە هەنووکە لە مزگەوتی گوندی ئاڵیاوێ سەرقاڵی چالاکیی ئایینی خۆیانن و داوا لە لاوان دەکەن کە بێن بۆ مزگەوت بۆ ئەوەی قسەیان بۆ بکەن.

ئێقدامی ئەو گرووپە ئایینیە هەڵوێستی خەڵکی ئەو گوندەی لێکەوتووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە؛ تا ئەو گرووپە سەلەفییە لە مزگەوت بن ناڕۆنە مزگەوت.

تا ئێستا ڕوون نیه کە ئەو گرووپە سەلەفییە کە لەو ناوچەیە چالاکیی دەکەن لە کوێوە هاتوونە و لە لایەن چ کەسانێکەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای گرووپە توندڕەوکانەوە لە هەوڵی ئەوەدایە خەڵکی کوردستان بە تایبەت لاوان بەلاڕێدا بکێشیت و بۆ مەبەستی خۆی کەڵکیان لێوەرگرێت.

پێشتریش لە هەواڵەكاندا باس لەوە كرابوو كە گرووپە سەلەفییەكان بە ئاشكرا له کوردستان حزووریان هەیە و چالاکیی تەبلیغیی دەکەن.