کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی نێونەتەوەیی تەندروستی WHO

16:57 - 19 خاکەلێوه 2712

لە رۆژی٧ی ئاوریلی ١٩٤٨ بە بەشداری ٦١ وڵات لە وڵاتی ژنێڤ ئەم رۆژە بە رۆژی نێونەتەوەیی تەندروستی دیاری کرا.

شەهین سوڵتانی

مەبەست لە دیاری کردنی ئەم رۆژە، دانی زانیاری پاک و خاوێنی و تەندروستییە بە هەموو دانیشتوانی جیهان، دابین کردنی کەرەستەی پاک و خاوینی بە بێ جیاوازی بۆ هەموو مرۆڤێک، بن‌بڕ کردنی نەخۆشییەکانی وەکوو، سیل، وەبا، تاعوون و مالاریا و زۆر نەخۆشی‌تر و هەروەها پاراستنی تەندروستی دایکان لە کاتی سکپڕی و منداڵ بووندا. کارەساتە سروشتییەکان کە روو دەدەن وەک زریان، بوومەلەرزە، لافاو، وشکه‌ ساڵی، سۆنامی و ئاگرکەوتنەوە بە هۆی گەرم بوونی گۆی زەوی، ئەمانەش دەبنە هۆی تێکچوون و هەندێک کاتیش وێران بوونی بنکە تەندروستییەکان و لەناو چوونی کارمەند و کەسانی شارەزا لە بواری تەندروستیدا و لە ئاکامیشدا پاش ماوەی ئەم کارەساتانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە واگیرەکان.

تەندروستی، خۆی ژێرخانی ئابووری و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە، تەندروست بوون مافی هەر تاکێکەو بۆ دابین کردنی سڵامەتی خۆی دەبێ بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی بگات بە ئاسانی و بەبێ جیاوازی.

بیۆلۆژی ژنان جیاوازیی زۆری لەگەڵ پیاواندا هەیە و زۆرێک لە نەخۆشییەکان لە کاتی منداڵ بووندا بۆ دایک وپاشان بۆ کۆرپەکەشی دەگوێزرێتەوە. بۆیە پێویستە کە لەم بوارەدا خزمەتی تایبەت بە ئەوان بکرێت.
لەو وڵاتانە کە شەڕ و نائارامی هەیە، ئاوارە بوون و قوربانیدان بە زۆری ژنان و منداڵان دەگرێتەوە.

لەم دنیا چینایەتییەشدا، کە زۆرینەی دانیشتوانی چینی هەژار پێکیدێنێ، ٧٠% ئەم هەژارییەش ژنان پێکی دەهێنن.

دیاردەیەکی حاشا هەڵنەگریشە کە جیاوازی زۆرە لە ئاستی جیهانیدا بەگشتی و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمەشدا بەتایبەتی و بەپێی دوایین سەرژمێرییەکانی رێکخراوی مناڵپارێزیی جیهانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان واتە یونیسف، لە هەر خولەکێکدا، هەزاران دایک بە هۆی منداڵ بوونەوە گیانیان لە دەست دەدەن. لە ئاکامی نەبوونی چاودێری پێویست لەو کاتەدا و هەروەها چاودێری نەکردنی بەردەوامی باری تەندروستی دایک لەماوەی سکپڕیدا.

لە وڵاتی شەر لێدراو و هەژاری ئەفغانستان، بەرزترین ڕێژەی مردنی دایک و کۆرپەی هەیە لە ئاستی جیهانیدا. تەندروستی هەمیشە خۆی لە هەژاریدا نیشان دەدا، بۆ نموونە داهاتی کەم، نەخوێنده‌واری، نەبوونی خۆراکی باش، بارودۆخی خراپی ژیان. ئەمانە و زۆر هۆکاری دیکەش مرۆڤ زیاتر لە نەخۆش بوون نزیک دەکاتەوه. لە خولەکێکدا هەزاران منداڵ بە هۆی نەبوونی خۆراکی باش و خراپی باری تەندروستی گیانیان لە دەست دەدن. لێکۆڵینەوەکان ئەو راستییە بە بەڵگەوە دەسەلمێنن کەلە ٤٠ وڵاتی دنیادا، مردنی منداڵانی ژێر پێنج ساڵ، بە هۆکاری ئەوەوەیە کە دایکەکان نەخوێندەوارن و زانیاری پێویستیان نییە. ئەگەر نە تەنیا لە روانگەی پزیشکییه‌وە بڕوانینه‌ بارودۆخی تەندروستی، هاوکات لە رووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە بڕوانینە ئەم مەسەلەیە، زۆرن ئەو نەخۆشانەی کە بەرەوڕووی تانە و توانج دەبنەوە، چ لە بنەکەکانی تەندروستییدا و چ لە ناو کۆمەڵگاشدا، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ نەخۆشییە رۆحی و دەروونییەکان رووبەڕوون، زۆرن ئەوانەی کە بەم دەردانەوە بێ خانە و لانە دەمێننەوە و شەوان لەسەر شەقامه‌کاندا رۆژ دەکەنەوە، یان ئەو پیر و پەککەوتوانەی کەلە لادێ کانەوە روو لە شارەکان دەکەن بۆ چارەسەری نەخۆشی و لە بواری ئابوورییەوە لاوازن، بە بوخچەیەک نان و جلوبەرگ لە دەوروبەری نەخۆشخانەکان دەمێننەوە و چاوەڕێی بەرکەوتنی سەرەی پزیشک دەکەن.

تەنانەت لە نەخۆشییەکانیشدا، جیاوازی رەگەزیی هەیە بۆ نموونە بۆ نەخۆشی ئایدز رێگای بەرگری تووش بوونی پیاوان بەو نەخۆشییە دۆزراوەتەوە و زۆرینەی تووش بووانیش بەو نەخۆشییە بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ژنان پێکی دەهێنن. ئەم دیاردەیەش کاتێک چارەسەر دەبێ کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکان، هەڵاواردنی رەگەزی و هاوکات نەتەوەیی وەلا بنێن بۆ دانیشتوانی وڵاتەکەیان مافی ژیان و تەندروستی بە بێ جیاوازی دابین بکەن. لە کۆتاییدا، پاک و خاوێنی، پاراستنی کەرەستەی تندروستی و دابین کردنی پێدوایستییە سەرەتاییەکانی پاراستی تەندروستی کۆمەڵانی خەڵک لە هەر جێگایەک، ئەرکی تاک بە تاکی سەرشانی مرۆڤەکانە و هەرچی زیاتر ئەم بووارە گەشە بەخۆیەو ببینێ، زیاتر کولتوور و تێگەیشتنی مرۆڤەکان لەو کۆمەڵگایەدا لە پێوەندی لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی دانیشتوان نیشان دەدات.