کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ مەترسیدارە \"گوتاری ئێسڵاح تەڵەب\" لە کوردستان دا زاڵ ببێت؟

14:12 - 29 خەزەڵوەر 2716

ئارەش ساڵح

وەک سەرەتایێکی کورت پێویستە بڵێم مەبەستی من لە ئێسڵاح تەڵەب ئاماژە بە دووجەمسەری شۆڕش گێڕ و چاکسازی خواز نیە بەڵکوو مەبەستم ئەو رێچکە فێکری و تەشکیلاتیەیە کە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکان لە ئێران سەری هەڵدا و ناوی خۆی نا اصلاح طلب کە زۆر بەداخەوە بەهەڵە هاوتەریبی رێفۆرمیست دانرا. بۆیە لەم وتارە هەوڵ دەدەم ئەو وشەیە وەکوو ناوێکی تایبەت بۆ ئەو جەرەیانە بەکار بێنم و هەوڵ نادەم بیگێڕمەوە بۆ رێفۆرمخواز یان چاکسازی خواز.

یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی لێکدانەوە ئەوەیە کە سەرهڵدانی ئەو رێچکەیە وەکوو ئاکامێکی سرووشتی گەشەی چینی مامناوەند لە ئێران دا بدرێتە بەرچاو، لەبەر ئەوەی کە یەکەم: ئەو چینی مامناوەندە کە لە ئێران دا و پاش شەڕی ئێران و عێراق هاتە ئاراوە لە راستی دا چینی کارمەندی سەر بە دەوڵەت بوو کە دەبنە بەشێک لە بەدەنەی دەوڵەت بۆیە جەوهەرەی داخوازیەکانیان زۆر جیاوازە لە جەوهەرەی ئەو چینە مامناوەندەی کە هەڵگری خواستی رێفۆرمیستین دووهەم:تەشکیلات، هزری سیاسی و کەسایەتیەکانی ئێسڵاحتەڵەب ئیلیتێکی سیاسی نوێ نەبوون بەڵکوو هەموویان لە سەردەمی خومەینی دا بڕبڕەی پشتی دەوڵەت و دەسەڵات بوون کە زیاتریش بە ناوی خط امامیناسراو بوون.

زۆر باشە کە بزانین ئەو کەسانە زیاتر لە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران جێگای متمانەی خومەینی بوون و هەر ئەوانە بوون کە هێرشیان کردە سەر سەفارەتی ئامریکا لە تاران و لەو سەردەمە دا کە ئەوان بە توندی لە دژی پێوەندی گرتن لەگەڵ ئامریکا بوون خامنەیی پیپی دەکێشاو رۆژئاوای پێ خراپ نەبوو.

بە باوەڕی من ئێسڵاحتەڵەبی لە ئێران دا پێویستە لە کانتێکستێکی مێژوویی دا بخوێندرێتەوە بۆئەوەی لە ناو رووداوەکانی مێژووی هاوچەرخ واتایێکی هەبێت. سەرهڵدانی ئێسڵاح تەڵەبی لە ئێران دا ، بە باوەڕی من، هەوڵێک بوو بۆ رزگار کردنی نەزمێک کە لە نێوان نەتوە جیاوازەکان دا لە و سەردەمی سەفەوییەوە هێدی هێدی هاتە ئاراوە و لە شۆڕشی مەشرووتە دا لە قاڵبی دەوڵەتی مودێڕن بە دامەزراوەیی کرا. دوای شەڕی ئێران و عێراق، ناوەندەکانی لیکۆڵینەوە و بیرمەندانی ئێرانی هەستیان بەوە کرد کە سەرچاوە مرۆییەکانی پێوسیت بۆ سەپاندنی ئەو نەزمە بەسەر نەتەوەکانی تر خەریکن بەرە بەرە دەتوێننەوە و چکۆلە دەبنەوە. لەلایەکەوە شارەکانی سەر بە نەتەوەکانی تر خەریکن گەورەتر دەبن و ئەو شارانە خەریکن لە ئابووی دا رۆل پەیدا دەکەن، لەلایێکی ترەوە گۆڕینی دیمۆگرافیک خەریکە زۆرینە بوونی فاسری لە ئێران دا لە ناو دەبات و فارس لەمەو بە دوا ناتوانێت لە زۆرینە دا بێت.

واتە گۆڕانی دیموگرافیک کە لە ئێران دا خەریک بوو دەهاتە ئاراوە یەکێک لە گەورەترین مەترسیەکان بوو بۆ سەر ئەو نەزمە.ئاکامی هەندێک سیاسەتیکۆنترۆڵی بنەماڵە لە سەردەمی شا و دواتریش لە سەردەمی رەفسەنجانی و هاوکاتیش پێشکەوتوویی ئابووری و کەلتووری شارە فارسەکان کە لەسەر بنەمای چەوساندەوەی نەتوەکانی تر هاتبوووە ئاراوە بوو بە هۆی ئەوە کە رێژەی زاوزێ لە ناو فارسەکان دا بەنیسبەت نەتەوەکانی تر زۆر کەمتر ببێتەوە.هاوکات لەگەڵ تەواو بوونی شەڕێ ئێران عێراق، ناسیوناڵیزمی نەتەوە بندەستەکان خەریک بوو بێجگە لە کوردستان لە ناو نەتەوەکانی تریش سەرەتایێکی لێ دیار دەکەوت. لەگەڵ تەواو بوونی شەڕ و هاتنە ئارای هەندێک قەیران مەترسی ئەوە دەکرا کە شیعە وەکوو ئایدۆلۆژیایێک بۆ گرێدانی ئازەریەکان بە فارسەکانەوە کارامەیی خۆی لە دەست بدات.هەروەها سیاسەتی تواندنەوەی زمانی لە ئێران دا نەیتوانی جێگیر بێت.

لە ئاکام دا وەڵامی سیستەمی دەسەڵات پەنا بردن بوو بۆ سیاسەتی بازاڕ. هەموو ئەو هێزانە کە لە ئاکام دا بوون بە کۆمەڵە هێزی ئیسڵاحتەڵەب و روواڵەتێکی لیبەراڵیان گرتە خۆ، لە راستی دا تا سەرەتاکانی دەیەی حەفتای شەمسی لە بەرەی چەپی دەسەڵاتی ئێران بوون و بەرنامە ئابووریەکانیان بە تەواوەتی نزیک لە بەرنامەی ئابووری سۆسیالیستی بوون. بەڵام لە ناوەراستی دەیەی حەفتای شەمسیەوە ئەم هێزانە ئاراستەی خۆیان دەگۆڕن و دەبن بە لایەنگری بازاری ئازاد، باس لە بەها لیبەراڵیەکان و لە بەجیهانیی بوونی سەرمایە و بازاڕ دەکەن.

هەوڵی ناسیوناڵیزمی فارسی ئەوە بوو کە لەسەر یەکێک لەسەر بنەمای یەکێک لە دامەزراوە کۆنەکانی خۆی، واتە بازاڕ و هەروەها زاڵ کردنی ئەو بازاڕە بتوانێت پەرە بە هێژمونی خۆی بدات. بۆیە بەرنامەی ئیسڵاح تەڵەبەکان تواندنەوەی زمانی نەبوو- هەر بۆیە ئێستا خوێندنی زمانی کوردی ئەو گرینگیە سیاسی و ئیتراتیژیکیەی بۆ دەسەلاتی ئێران نەماوە کە پێشتر هەیبوو- بەڵکوو ئەوان هەوڵی ئەوەیان دا بە میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد نەتەوەکان، چین و توێژەکان و کەمینە جینسیەکان بکەن بە بوونێکی فەرهەنگی پەراوێزی دەقێکی تر بە ناوی میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد و ئەو پێکهاتانە لە شوناسی سیاسی خۆیان داماڵن. واتە ئەوان پێیان وابوو وەک چۆن بازاڕ لە ئامریکا رەشەکان و گەیەکانی لە شوناسی سیاسی خۆیان داماڵیەوە و هەموو کەلتوورەکانی لە ناو خۆی دا تواندۆتەوە،ئاواش لە ئێران دەتوانن بۆ وێنە کورد بوون بکەن بەشیك لەو شتەی کە خۆیان پێیان دەوت فەرشە پڕ لە گوڵەکە. واتە جوانیێکی کەلتووری بۆ ئێرانێکی یەکپارچەکراو لە لوژێکی بازاڕی ئازاد دا. ئەو بازاڕەی کە هەمان پانتایی گشتی کەلتووری فارسە و هەمان بازاڕە کە یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی فارس.

هۆکاری گۆڕینی یەک شەوەی ئاراستەی ئەو هێزانە بۆ بازاری ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستیەی کە ناسیوناڵیزمی فارس دەیویست لە قاڵبی ئێسڵاح تەڵەبی دا لەو قەیرانانە رزگاری بێت بۆیە دەیەویست گٶڕانکاریەکان بە شێوەیێک دەروونی بکاتەوە کە دەسەڵاتی سەخت جێگەی خۆی بدات بە هێژمۆنی کەلتووری و سیاسی فارس بەسەر ئێران دا.بۆیە ئەو ناسیوناڵیزمە چارەکەی تەنیا لە هەڵتەکاندنی بنەما ئەرزشیەکان و بەهاکان بە گشتگیر کردنی بازاڕی ئازاد لە قاڵبێکی سرووشتی دا دەبینی. گرینگی بازاڕ دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت یەکەمیان ئەوەیە کە بازاڕ لە سەرەتا دا وەکوو شوێنگەی پێکهاتنی جۆرێک لە پانتایی گشتی لە ناو کۆمەڵگای فارس دا رۆڵیکی گرینگی لە پێکهاتن و دەسەڵات گرتنی ناسیوناڵیزمی فارسی هەبووە و دووهەمیان پەرەسەندنی بازاڕ و مێکانیزمەکانی زۆر ئاسان گشتگیر دەبن و سرووشتی کۆمەڵگا دەکەونە بەرچاو. لە ئاکام دا ناسیوناڵیزمی فارسی ئەمجارە بە هۆی جەرەیانی ئێسڵاح تەڵەبی بە هێنانە ئارای هەندێک چەمک وەکوو عەقڵانیەت، نێسبی گەرایی، و ناسیوناڵیزمی مەدەنی و قەومی هەوڵی دا کە یەکەم: بڕیاری سیاسی لە سەر بنەمای شوناسی سیاسی بە کردەوەیێکی نا عەقڵانی پێناسە بکاتو پیشان بدات کە بڕیاری سیاسی لەسەر بنەمای شوناس لەگەڵ پێکهاتەی بازاڕی ئازاد کە هەڵگری تاکی بێ شوناسە لە دژبەری دایە. دووهەم: دەیەویست هەوڵ بۆ بەرگری لە بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەلآتی بازاڕی ئازادی فارس لە ناو کۆمەڵگای نەتوە بندەستەکان وەکوو کارێکی بێهوودە و ماڵوێرانکەر پێناسە بکات لەبەر ئەوەی ئەم هەوڵە لەگەڵ لۆژیکی بازاڕی ئازاد کە هەڵگری عەقڵانیەتی ئامرازیە یەک ناگرێتەوە. بۆیە فەزای رۆشنبیری لە کوردستانی ئێران زۆرتر لە هەرشتێک لەگەڵ هەندێک تەحلیلی کۆنسێرڤ کراو و قاڵب داڕێژراو لە چوارچێوەی ئەو عەقڵانیەتە ئامرازیە پەنگی خواردوە.

فەزای رۆشنبیری کوردستانی ئێرانکە بە هۆی نەزانینی زمانە ئوروپاییەکان یان دەسڕانەگیشتن بە دەقە سەرەکیەکان خاوەندی پێوەندیێکی سەربەخۆ لەگەڵ ئەزموونی هزری دنیای ئازاد نەبووەتێگەیشتنی خۆی لەو چەمکانە کە دەسکەوتی فەلسەفەی رۆژئاوا بوون بە واستەوە لە هزرمەند و وەرگێڕە فارسەکان وەردەگرت. بۆیە لە لایێکەوە رۆشنبیری ئیسڵاحتەڵەب لە کوردستان دا بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەری پانتایی گشتی فارسی، چەمکە بنەڕەتیەکانی خۆی بۆ پێناسە و خوێندنەوەی کێشەی کورد لە هزری ئێساڵاح تەڵەبی فارسی وەردگرێت و لە ژێر کاریگەری واتای فارسی بەها کۆمەلایەتیەکانە و لەلایەکی ترەوە لە کوردستان هەوڵی سەربەخۆ بۆ خوێندنەوە و لێکٶڵینەوەی بە دامەزراوە کراو بەدی ناکرێت. بۆیە لە راستی دا فەزای رۆشنبیری فارس ئەمجارە بە گرینگی دان بە رۆشنبیرە کوردەکان هەوڵیان دا کە لەم بەرتەسک بوونەی فەزای مەعریفی لە کوردستان بۆ ئەو ئامانجەی خۆیان کەڵک وەربگرن و هەوڵ بدەن بنەما ئەرزشیەکانی کۆمەڵگا بەو شێوە هەڵتەکێنن کە کوردەکان بۆ جارێکی تر نەتوانن ببنە خاوەنی ئەو ئیرادەیەی کە بتوانێت لە بەرامبەر سیستەمی زاڵ دا بەربەرەکانێ بکات.

بۆیە ئاراستەی سەرەکی ئێسڵاح تەڵەبی لە کوردستان دا ئەوەیە کە بە هەڵتەکاندنی بنەما ئەرزشیەکانی کۆمەڵگا و بە گۆڕینی بەهاکان سەرکوت لە دەرووناسی تاکی کورد دا دەروونی بکاتەوە بۆ ئەوەی کە چیدی پێویست بە لایەنی سەخت ئامێری بۆ سەرکوت نەکرێت لەبەر ئەوەی هەر وەها کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا بە هۆی گۆڕانکاریەکان ئەو لایەنە خەریک بوو کارامەیی خۆی لەدەست دەدا.

ئاراستەی ئێسڵاح تەڵەبی لە ئێران دا بۆ ئەم مەبەستە لە دوو بەرە دا کاری هزری خۆی بەرەو پێش دەبات؛ سەرەتا بە پەنا بردن بۆ لۆژیکی بازاڕ، هەرچەشنە بەرگریێک لە لایەن بندەستەکانەوە بە ئەمرێکی ناعەقڵانی دەخاتە بەرچاو و پاشان بۆ ئەوەی کە ئاڵتێرناتیڤی عەقڵانی خۆی بە کۆمەڵگا ناساندبێت بەو چەمکانەی کە لە فەزای رۆشنبیری کوردستان یا نەتەوە بندەستەکانی تر زاڵی کردوە کێشەی کورد لە خانەی حقوقی شارۆمەندی پێناسە دەکاتەوە و هەوڵ دەدات کە تاکی کورد بکات بە شارۆمەندێکی مەدەنی ئێران کە لە ناسیۆناڵیزمی دواکەتوو و زبری قەومی مەودا بگرێت و نزیک بە ناسیونالیزمی شیک و مەدەنی ئێرانی ببێتەوە. بۆیە هەوڵ دەدات بە جێگوڕکێ کردنی هەندێ چەمک بەجێگەی هەندێ چەمکی بنەڕەتی تر چیەتی رزگاریخوازانەی رووبەڕووبوونەوەکە بگۆڕێت بۆ ئەو مەبەستەی کە بێ ئەوەی ناچار بە تێکدانی ئەو نەزمە بێت کە گارەنتی سەردەست بوونی ئەو دەکات هەوڵی ئاشتی و رێککەوتن بدات. بۆ نموونە ناسیوناڵیزمی ئێرانی لە رێگای فەزای زاڵی رۆشنبیریەوە بە دوای ئەوە دەگەڕێت کە بە دانانی چەمکی خوێندنی زمانی دایکی بەجێی خواستی خوێندن بە زمانی دایکی، بێ ئەوەی ناچار بێت زاڵ بوونی زمانی فارسی بە سەر دامەزراوەی فێرکردن لە کیس بدات باوەش بە کۆتری ئاشتی بکات. هەروەها ئەو ناسیونالیزمە پێی باشە کە بە جێگیر کردنی خواستی مادەی چەند و چەندی یاسای ئێران بەجێی خواستی مافی چارەی خۆ نووسین بێ تێکدانی نەزمی سیاسی داسەپاو کوردەکان رازی بکات. هەروەها ئەو رێچکە نوێیە لە ناسیونالیزمی ئێرانی پێی خۆشە کە بە زەق کردنەوەی شەڕی کورد و تورک و بانگ کردنی کورد بۆ دەنگ دان لە ورمێ بە بیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ تورکەکان چیەتی خواستی نەتەوە بندەستەکان بەرەوە شەڕی عەشیرەیی بگۆڕێت.

بۆیە ئەگەرچی ئێسڵاحتەڵەبەکان هیچ کات نەیانتوانی تەشکیلاتێکی بەرچاو لە کوردستان دابمەزرێنن بەڵام لە رێگەی کونترۆڵی ئاخێزگە هزریەکانی رۆشنبیران و لە غیابی جووڵانەوەیێکی کشتگیر هەوڵی کۆنترۆلی ویژدانی کۆمەڵایەتیان داوە کە لەو رێگەوە بتوانن شوناسی سیاسی نەتەوایەتی کورد، باقی نەتەوەکان و هەموو چین و توێژەکان و کەمایەتیە جینسیەکان لە ناو لۆژیکی بازاڕی پیاوسالاری فارس دا بتوێننەوە.

لە کۆتایی دا پێویستە بڵێم لە مێژووی هاوچەرخی ئێران دا و لەو ساتەوە کە ناسیونالیزمی فارس باڵادەست بوونی خۆی سەڵماند، هەرجارێک قەبای هزرێکی بەباڵا دا کرد بۆ ئەوەی کە وەک گورگێک لە پێستی مەڕ دا هەر ئەو باڵادەستیەی خۆی گارەنتی بکاتەوە تا هەمووان بە جێگەی گورگەکە ئاماژە بە پێستی مەڕەکە بکەن. لە سەراتییترین و ساواترین کاتی خۆی دا و لەبەر نەزانی بە بیانووی شکۆی رابردوو، سەردەمێک کۆمۆنیزمی بەرابەری خواز، سەردەمێک ئیسلام و ئێستاش لەو پەڕی بەهێز بوون و ئاڵۆز بوون عاقڵ بوونی ژێستی بێ بنەمای لیبەراڵی و شارۆمەندی ئێسڵاحتەلەبی دژە تووندووتیژی. داخی زۆر گران ئەوەیە کە ئەو ناسیونالیزمە هەر جار توانیویەتی لەو بارە دا سەرکەوتو بێت و رێڕەوانی خۆی لە کوردستان دا بدۆزێتەوە. بۆیە ئەمجارە ئاخۆ دەستی مەنسوور حیکمەت لە نێو قۆڵی کێ دا خەریکە دێتە دەرێ؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە