کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانی ڕۆژهەڵات

20:32 - 1 سەرماوەز 2716

کەریم پەرویزی

خەباتی جیددی و توند و تۆڵ و لە هەمانکاتدا خوێناویی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بڕگەیەکی هەستیاری مێژووییدا لە پێناوی بەرژەوەندیی بەشێکی دیکەی کوردستاندا سارد کرایەوە و لەو توندوتۆڵیە کەوت و چەرخەکانی بە شێوەیەک شل بوونەوە کە هەندێکیان بەتەواوی ڕاوەستان!

بیست ساڵ بەسەر ئەو ساردبوونەوەی خەباتدا تێپەڕی و خەبات لە شکڵی دیکەدا بەڵام بە کزی بەردەوام بوو. لەو بیست ساڵەدا باشووری نیشتمان گەشەی کرد و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هەندێکیاندا مسۆگەر کرد و لە هەندێکیاندا شێوەی دیکەی بەخۆوە گرت. لەو بیست ساڵەشدا ڕێژیمی دڕندەی ئیسلامی لە تاران دڕندەتر بوو و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش خوازیار و ورووژێنەری باسی وەگەڕخستنەوەی خەبات لە شێوازی جیددیتردا بوون و پێداگر لە سەر بەگژداچوونەوەی دەزگای سەرکوتی ڕێژیم، بەشێوازی دیکە بوون.

بەرژەوەندیی کوردستانی ڕۆژهەڵات قەت لە بێدەنگیدا نەبووە، بەرژەوەندیی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش گەر سەردەمانێک بە هەڵە وا لێکدرابێتەوە، ئێستا لە بێدەنگیی ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا نیە. رۆڵەی چاونەترس و لەخۆبردووی وڵاتیش ئامادەن بۆ وەسەرپێ خستنەوەی شۆڕش.

ئەم قۆناغەی خەبات، کە تێیدا شۆڕش وەسەرپێ دەخرێتەوە و بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناوبانگی دەرکردووە، نابێ لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا بمێنێتەوە. دەبێ بە مانای وشە ببێ بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات.

دەبێ ئەوەمان لەبیربێ کە هێشتا سەرەتای وەسەرپێ خستنەوەی شۆڕشە و بەپێوە ڕاوەستان و بەڕێوەچوونی شۆڕش کاتی دەوێ، تێچووی دەوێ و مرۆڤی شۆڕشگێڕی دەوێ. بەڵام دەبێ لە چەند بواری سەرەکیدا ئەم ڕاسانە ببێ بە ڕاسانی گشتگیر.

ئەو ڕەهەندانە بریتین لە : جوغرافیا، چین و توێژەکانی کۆمەڵ، لایەنە سیاسییەکان، شێوازەکانی بەشداریی گەل.

هەرکام لەو ڕەهەند و لایەنانە، پێویستیی بە وردکردنەوە و هەڵسەنگاندن و وەرددانەوەی زیاتر و زیاترە، تاکوو بەهێزی و لاوازییەکانمان لەو بەشانە و شێوەی بەکردەیی دەرهێنانیان شی بکرێتەوە و ئەزموون بکرێن و لە ئەزموون و هەڵەکان وانەی زیاتر وەربگرین.

شیکردنەوە و لێکدانەوەی هەموو ئەو پرسە گرینگانە، کاری فراوان و هەمەگیری دەوێ و ڕوانەگی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوزی لێ دەکەوێتەوە و دەبێ بکرێ بە بەستێنی دیالۆگێکی نیشتمانیی سەرتاسەری. چوونکە پرسە سەرەکیەکە پرسی ژیان و خەبات و ئەمڕۆ سبەینێی گەلێکە. دەبێ هەم لە وەرددانەوە و لێکدانەوەیدا هەموو دەنگەکانی گەل تێیدا بەشدار بن، و لە بەکردەیی دەرهێنانیشیدا هەموو گەل پڕ بە مانای وشە بەشدار بن.

ئێمە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە، لەم قۆناغە هەستیارەدا لەبەردەم چەند ڕێیانێکی مێژوویداین و هەڵوێستی ئەمڕۆمان ناسنامەی سبەینێمان دیاری دەکا.

ئەرکمانە کە ڕێگاکانی بەردەم بناسین و ئیمکانەکان بدۆزینەوە و هەموو گەل و خەڵكمان، هەر کام لە شوێنی خۆی و بە شێوازی خۆی، بە گژ دوژمندا بچینەوە و لە پێناوی وەدیهاتنی ئازادیماندا دەروەست بین.