• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

هەموو ڕێگاکان دەچنەوە سەر تەلەڤیزیۆن

زایینی: ٢١-١١-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/٠١ - ١٧:١٧ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
هەموو ڕێگاکان دەچنەوە سەر تەلەڤیزیۆن
غالب حەبیبی

لەوەی کە تەلەڤیزیۆن، ئەو سندووقە سێحراویە، درووستکراوی خودی مرۆڤە و هەر ئەوش بەپێی ویستی دەتوانێ ناوەڕۆکی دەستنیشان بکات، تا ئاستێکی زۆر حەقیقەتی تێدایە، بەڵام هەموو کەرەستەیەکی دەستی مرۆڤ لەوانەش تەلەڤزیۆن، وەک ئامێرێک چییەتیی تایبەت بە خۆی هەیە.

هەر لەم سۆنگەیەوه‌ قسەی فەیله‌سوفی ڕاگەیاندن، مەک لۆهان کۆکەرەوەی چییەتی تەلەڤیزیۆن وەک گرینگترین ڕاگەیه‌نی ئەم سەردەمە خۆی مانیفێستی خۆی پیشان ده‌دا کە: "ڕاگەیەن هەر هەمان پەیامە". واتە پەیام لە پەیامهێنەر جوێ ناکرێنەوە.

ڕواڵەتی درووستکردنی تەلەڤیزیۆن وەک هەموو ڕاگەیەنەرێکی ئەم سەردەمە، بڵاوکردنەوەی زانیاری و گەشەی پێوەندییەکانی نێو کۆمەڵگا بوو کە ئەگەر فەلسەفییانە ڕۆڵی ئەو کەرەستەیە باس بکەین دەبێ بڵێین کە؛ زانیاری دان، بوونی ڕاسته‌قینه‌ی تەلەڤیزیۆن و هەموو ڕاگەینەرەکانە.

بەڵام گه‌لۆ هەر ئەو ڕاگەیەنە و ڕاگەیەندکاران نەبوون کە شەن و کەوی ئەوەیان دەکرد کە سەرکۆماری داهاتووی ئامریکا بە هەموو پێوەرێک هیلاری کلینتۆنە؟ ئەمە ناکۆکی تەواوی لەگەڵ کارکردی ڕاگەیەنە، و تەلەڤیزیۆنیش یەک لەوان نەبوو؟ پێشبینییەکان تەنیا تایبەت بە ڕاگەیەنەرەکانی ئامریکا نەبوون، بەڵکوو هه‌موو جیهان کەم و زۆر ئەو شێوە ڕوانینەیان هەبوو، ئەمەش دوو تایبەتمەندیی تەلەڤیزیۆن کە دەرنجامی ناوەرۆکی ئەو کەرەستەیە دەردەخات کە بریتین لە: گشتگیری و ڕەزامەندی.

گشتگیری، بەو واتایە کە تۆڕێکی بەربڵاوی هەموو شتەکانە، ئەوەی کە کەتوارە و لە جیهانی ڕاستیدا هەیە، ئەوا لە تەلەڤزیۆنیش چڕ بۆتەوە و هەیە بەڵام بە "مەجازی".

ڕەزامەندی: بەردەنگ کە ڕازی نەبوو، ڕاگەیەنەری تەلەڤیزیۆنیش لە ناوەڕۆکی بەتاڵ دەبێتەوە و بۆیە لە یەککاتدا بە بەربژارە فرە و فراوانەکانی هەوڵ بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەردەنگ دەدات و ئیتر ئالێرەدایە کە خودسه‌رچاوه‌یی تەلەڤیزیۆنیش دەردەکەوێت.
ئەم تایبەتمەندییە وادەکا بیرمەندان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بکات.

ئه‌وانه‌ی ڕوانگەیەکی ئەرێنییان لەهەمبەر تەلەڤیزیۆن هەیە و کەسانێکیش هەن کە وێڕای ڕوانگەی نەرێنییان، بە مەترسی بۆ پرچەکردارەکانی مرۆڤ لە ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەیش بزانن. جێری ماندێر یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە ڕەخنەی زانستیی ئاراستەی ڕاگەینەرەکان بەگشتی و تەلەڤیزیۆن بەتایبەتی دەکا و باسی دوورکەوتنەوەی جیلی نوێ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرچاوەکانی دیکەی زانست دێنێتە گۆڕێ و دەنووسێ؛ ئێمەمانان یەکەمین جیلی مێژووین کە شعووری خۆمانمان گواستووەتەوە بۆ نێو ڕاگەیەنەکان. ئەم ڕەشبینییەی باوکی بزاڤی دژە جیهانی بوون لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە؛ تەلەڤیزیۆن بەردەنگەکانی خۆی بە وێنە و وێنا بۆمباران دەکا، کۆمەڵێک وێنەی ڕاستی بەڵام بە ناوەرۆکی غەیرەڕاستی کە زۆرجار بەدڵ و حەزی ئێوەیش نییە دەچێتە مێشکەوە و لەو ململانێ نابەرابەرەشدا ئێوە بەپێچەوانەی ویستی دەروونیی خۆشتان هێژموونی وێنە و پەیامەکانتان پێگەیشتووە و ڕستەی "بینین بڕواپێکردنە"شتان قبووڵ کردووە.

ئەم ئامێرە لەئێستادا لە زانستگەکان بووەتە باسی توێژینەوە و ڕەهەندە زۆر و جیاوازەکانی وەک کەرەستەیەکی پێوەندیی گشتی لە نێوان مرۆڤەکاندا تاوتوێ دەکرێت. ئەم لێکۆڵینەوانە لەژێر ناوی بیردۆزی ڕاگەینەکان بڵاو دەکرێنەوە کە زانکۆکانی ئامریکا وەکوو زۆرێک لە توێژینەوەکانیان لەبواری زانستە مرۆییەکان و تەکنۆلۆژیا، لێڕوانینێکی تایبەت بەخۆیان هەیە و ڕاگەیەن و کاریگەرییەکانی لەسەر دەروونی تاکەکان، پێوەندییەکانی كۆمه‌ڵگا، كولتوور، بنەماڵە، توندوتیژی و منداڵان و ... لێکدەدەنەوە.

سەرقاڵییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە وادەکات پشوو و كات به‌سه‌ربردن ببێتە پەرۆشیی سەرەکی لە ژیانی ڕۆژانەیدا و کەم تێچووترین ڕێگاش هەرتەلەڤزیۆنە و بووەتە خوو کە ماڵ و بنەماڵە بەبێ ئەو نابێ و ناکرێ. پێکهاتنی ئەو دۆخە ڕێگا بۆ کەڵکئاژۆی دەسەڵات لە تەلەڤیزیۆن خۆش دەکا. مەبەستی دەوڵەتیش بەتایبەتی ئەگەر لەژێر کاریگەریی درێژماوەی ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتیدا بێ، ئەوا هزر و کردەی تاکەکانیش دەکەوێتە چوارچێوەی تۆتالیتاریزمی ڕاگەینەکان کە تەلەڤزیۆن لە هەره‌ بەرچاوەکانیەتی.

یەکێ لەو بیردۆزانەی لە نێوەڕاستی نیوەی سەدەی ڕابردوو جێگایەکی زەقی لەناو توێژینەوە زانستییەکاندا هەبوو، تیۆری چاندن(Cultivation Theory)ی جۆرج گربنێرە کە باس لە کاریگەریی هەنگاو بە هەنگاوی تەلەڤیزیۆن لەسەر بایەخ، بڕوا و باوەکانی ناو کۆمەڵگا دەکات و ڕاشکاوانە ده‌ڵێ: لەنێوان تەماشەچییەکانی تەلەڤیزیۆن و بۆچوونیان سەبارەت بە واقێعییەتەکانی جیهان، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە و ئەوانەی زۆر تەماشای تەلەڤزیۆن(heavy viewers) دەکەن، لەگەڵ ئەوانەی بە کەمی تەماشای دەکەن، هەموو کاتێ کێشە و جیاوازیی بۆچوون هەیە. واتە گربنێر وێڕای جیاوازی دانان بۆ بەردەنگی ئاسایی و تەماشاچیی تەلەڤیزیۆن، پەیامی ئەم ئامێرە بەدوور لە کەتوار دەبینێ کە بە هۆی دووپاتە و چەندپاتەی لە کۆتاییدا وەک ڕوانگەی چەسپاوی کۆمەڵگا وەردەگیرێت کە بریتییە لە یەکسانسازیی ڕوانگەکان کە هەر هەمان بۆچوونی تەلەڤیزیۆنە. ناوبراو تەماشای زیاتر لە ٤کاتژمێر تەلەڤزیۆن بە کاریگەر لەقەڵەم دەدات و لە ڕاست وەرگەڕانی بیردۆزەکەی ئاماژە بە دوو دیاردەی توندوتیژیی و سێکس دەکات. ئەو لەبارەی توندوتیژییەوە ڕستەی "سەندرۆمی جیهانیی نه‌شیاو" بەکار دەبا کە هێمایەکە بۆ نەخۆشییەک کە ئەو کەسانەی زیاد لە ڕاده‌ چاو له‌ تەلەڤیزیۆن دەکەن و جیهان بەگشتی لەژێر هێژمونیی بەرنامەکانی پێوەندیدار بە سووکایەتی، دەستدرێژی و كوشتن وەک شوێنێکی کارەساتبار وێنا دەکەن کە بێجگە لە کوشت‌وبڕ، هیچی دیکەی نییە. لەسەر سێکسیش بەهەمان شێوە، تەلەڤزیۆن لە گوتار و هەڵسوکەوت و تەنانەت جلوبەرگی ئەکتەرەکانی هەوڵ بۆ زەقکردنەوەی لایەنی سێکس و ورووژاندنی بەردەنگ دەدات و ئەو کەتوارە مەجازییەی درووستی دەکات، زۆر لە جیهانی واقعی جیاواز و سێکسیترە.

دۆخی ئێران

بە سەرنجدان بە دروونناسیی خەڵکی ئێران و پشتبەستن بە ئامار و ژمارە، بینین و بیستن بۆ خەڵکی ئێران زۆر زۆر هاسانتر لە خوێندنەوە، وێناکردن و بیر کردنەوەیە. دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتیش زۆر بەچاکی لە ڕۆڵ و کاریگەریی ڕاگەیاندن و تەلەڤیزیۆن تێگەیشتووە و بۆیە نەبوونی ڕاگەیەنی سەربەخۆ، دەبێتە پاوانی هەرەمی دەسەڵات و ڕاست لە خزمەت ئایدیۆلۆژیای حاکمدایە. بەگشتی تەلەڤیزیۆن لەبواری ئازادیی ڕادەربڕین و فرەیی بیروبۆچوونەکان داخراوترە لە ڕادیۆ و سیاسەتی یەکسانسازی هەستپێکراوتر و جێگیرترە. هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ڕادیۆ لە ئێراندا ڕاگەیەنێکی زۆرتر پیاوانەیە و تایبەت بە توێژی کەمخوێنەوار و خانەنشینی ناو گوندەکانە. لەدوای ٣٧ ساڵ لە شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕێژیمی ئاخووندی چەندی ئاڵوگۆڕی بەسەر سیاسەتی خۆیدا هێناوە، بەڵام بنەما و ماکەی خۆی هەر نەگۆڕیوە و ئێستاش لە قۆناغێکدایە کە خۆی بە "جنگ نرم" ناودێری دەکات. ئێستا پرسیار ئەوەیە، مەبەست لەم سیاسەتە نوێیە لەبواری ڕاگەیاندن و بەتایبەتی تەلەڤیزیۆن چییە؟ ئایا جیاوازییەک لە نێوان ئەو بەرنامانەی عەبدۆلکەریم سرووش لە سەرەتای دەیەی ٦٠ی هەتاوی باسی پاکسازیی زانستگەکانی دەکرد، لەگەڵ ئەو دانپێدانانە ئەمڕۆ چالاکانی سیاسی لە تەلەڤیزیۆن دەیکەن، هەیە؟

سەردەمانێک کارکردی تەلەڤیزیۆن بەلاڕێدابردن یان شاردنەوەی کۆمەڵێک کار و کردەوی ڕێژیم و تەنانەت کۆمەڵگاش بوو، بەڵام ئێستا به‌ هۆی ڕاگەیاندنی دیکە، هیچ نەماوە بۆ شاردنەوە و حکوومەتی ئیسلامییش لەمە تێگەیشتووە و سەرقاڵی سووک کردن(ابتذال)ـی کەتواری ناو کۆمەڵگایە تاکوو کێشەکان، ئاڵۆزییەکان و گرفتەکان ئاسایی بێتەبەرچاو، ئاسایی بە واتای ئەوەی دەسەڵات پێیخۆشه‌ لە ڕێگای وێنەوە ڕاڤە و لێکدانەوە( بخوێنەوە پاساو)ـی بۆ بکات. ئەگەر لە وڵاتانی دیکە ڕەخنە لە کارکردی ڕاگەیەنەکان بەگشتی و تەلەڤیزیۆن هەیە، ئەوا لە ئێراندا بەهۆی پێکهاتەی سیاسی و لەخزمەتدابوونی تەلەڤیزیۆن بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت، ئیتر ڕۆکنی چوارەمی دێموکراسی لە ئێراندا مەوزووعییەتی نامێنێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا