• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

زایینی: ٢١-١١-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/٠١ - ١٧:٣٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و سەربەستی وەکوو هەموو گەلانی دنیا کە خەبات و خوێنان داوە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، پڕه له سەرکەوتن و شکست؛ ئەوسا ئایا ئەو شکستە لە ڕووی هەڵەی سیاسی یا نیزامی بێت، لە مێژوودا تومار کراوە و ئاسەوارەکانی لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی وەکوو کۆسپێک دەمێنێتەوە و قەرەبووی هەندێک لەو شکستانە تا ئێستاش گەورەترین کۆسپی بۆ ڕەوتی سیاسەتی وڵاتانی جیهان و خودی نەتەوەی کورد دروست کردووە و لەو پێوەندییەش‌دا زیاتر لە هەموو لایەنێک خودی نەتەوەی کورد چ لە ڕووی ماددی و ماڵی باجەکەی داوە و ئێستاش دەیدات.

جیا لەوەیکە نەتەوەی کورد هەمیشە بۆ ئازادی و مافی خۆی شەڕی کردووە و دژی داگیرکەران وەستاوەتەوە، بەڵام زور جاریش هەلی زێڕینی بۆ ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە میژوودا لەدەست داوە.

کاتێک کە بریتانیا لە بڕیارێکدا ویستی شێخ مەحموودی حەفید بکات بە ڕێبەری دەوڵەتی کوردستان، شێخ مەحموود زۆر بە ئاسانی بە هۆی هەڵەیەک جا چ پێوەندی بە دۆخی فیکری و سیاسەتی ئەو کاتەوە هەبێ، یا هەر هۆیەکی دیکە، ڕەوڕەوی مێژووی خەباتی کوردی بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەخۆیی درێژ کردەوە. شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکرات لە کتێبی مێژووی کورد لە سەدەی شازدەهەمدا باس لەوە دەکەت کە؛ دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، دوای ئەوەیکە وڵاتانی جیهان بەو ئاکامە گەیشتن کە نەتەوەکانی جیهان بکەن بە دەوڵەت، نەتەوەی کورد بە هۆی کێشەی سیاسیی نێوخۆیی ئەو دەرفەتە زێڕینەی لەدەست دا و تا ئێستاش کە سەدەی ٢١ـه گەلی کورد بە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکانیەوە هەوڵ دەدات نیشتمانێکی سەربەخۆ پێک بێنێت کە حەشیمەتەکی ٤٠ میلیۆن کەسییه.

باسکردن لە مێژوو بۆ تاوتوێکردن و خەسارناسی کردنی، کارێکی زۆر سەخت و دژاورە چوونکه مێژوو کەمترین بەڵگەی بەردەست لە خۆی جێ دێڵێت یا ئەگەر لەبەردەستیشدا بێت لە لایەن داگیرکەر یا کەسانێک نووسراوە کە بە دڵخوازی خۆیان باسیان لە ڕووداوەکانی کردووە، بۆیە هەڵگرتنی مقەستێک و بڕین و دورینی بە دڵخوازی خۆ، گەورەترین تاوانە دژ بە هەموو ڕێبەرانی جووڵانەوەی کورد، بەڵام ئەوەیکە نەتەوەی کورد هەمیشە قوربانی بووە بۆ یەک هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە ئەویش بەردەوام کورد لە هاوکێشە سیاسی و ناوچەییەکان‌دا "فاکت = عامل" نەبووە، بەڵکوو "دێفاکتۆ = غیرعامل" بووە.

لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو نمایشنامە سیاسییەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ دەستێوەردانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نووسیبویان و دایاندەبەزاند، هەرێمی کوردستانیش بە هۆی کێشەی سیاسی و ئابووری و بە تەنیا مانەوەی هەرێمی کوردستان لە شەڕ دژی تێرۆر، بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان مەسەلەی سەربەخۆییان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق هێنایە پێش کە لەو کات و زەمەنەدا وڵاتانی ناوچەکەی هەژاند.

ئەگەرچی سەربەخۆیی مافی هەر گەلێکە بەو مەرجە دیاریکراوانەی کە بۆ وڵاتێک لە نەزەر گیراوە، بەڵام هەنووکە هەرێمی کوردستان وەکوو دەوڵەتێکی "ضمنی" لە جیهاندا دانی پێدا نەنراوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو شوێنێک و ڕۆژەڤی سیاسەتدا باس لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

لێرەدا پرسیار ئەوەیه هەرێمی کوردستان ئەگەرچی دەبێتە دەوڵەتێکی فەرمی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا، بەڵام چارەنووسی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو نێوانەدا چی لێ دێت؟ بۆ هەموو کەس ڕوونە کە دوای بە دەوڵەتبوونی هەرێمی کوردستان نابێ هیچ حیزبی سیاسی چەکدار، گرووپی چەکدار و... هتد، لە نێو ئەو دەوڵەتدا بوونی هەبێت، چوونکە مەترسییە بۆ سەر ئەمنیەتی ئەو دەوڵەتە و لە بواری یاسای نێودەڵەتیشەوە قبووڵ ناکرێت.

لەو ساتەوەختەدا هەڵوێست و ئیقدامی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات چی دەبێت؟ ئایا دەکرێت پێشینەی خەباتی سیاسی و نیزامی خۆیان بۆ هەمیشە فیدای ئەو بەشە لەو دەسکەوتە نەتەوەییە بکەن؟ ڕێگای خەباتی دیکە دژی ڕێژیمێکی سەرکوتکەری وەکوو ئێران هەڵدەبژێرن؟ یان دیسان خۆیان و نەوەیەکی دیکەش دەکەنە قوربانیی بەشێکی دیکە لە کوردستان؟ و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە لەو پێوەندییەدا.

لەو پێوەندییەدا یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" کە بە شاهێدیی مێژوو لە بەر دەسکەوتی نەتەوەیی بەشێکی دیکەی کوردستان خۆی قوربانیی کردووە، ئایا دیسان دەیهەوێ خۆی قوربانیی سەربەخۆیی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بکاتەوە؟؟ بیروڕای گشتی لەو سەردەمەی ئێستادا ئەو هەوڵوێستە لە حیزبی دێموکرات قبووڵ دەکات؟ خودی بەدەنەی حیزبی دێموکرات دەیهەوێ ببێتە قوربانی و دیسان ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی بن چاڵ بکات و لە دوورە وڵاتی‌دا کاری سیاسی بکات؟

بۆ هەموو کەس ڕوونە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی ٢٠ ساڵە لەبەر هەرێمی کوردستان خەباتی چەکداریی خۆی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگرتووە؟؟ ئەوەش بۆ هەموو کەس دیارە کە هیچ قازانجێکی بۆ حیزبی دێموکرات و کوردستانی ڕۆژهەڵات نەبووە؛ جیا لە دوورکەوتنەوەی لە مەیدانی خەبات و بە هۆی گرتنەپێشی ئەو سیاسەتە، ڕۆژبەڕۆژ دوور کەوتنەوەی ئەندامانی ئەو حیزبە. حیزبێکی شۆڕشگێڕ کە لە کاتی شۆڕشدایه مەنتقی نیە و جێگای هیچ باسێک ناهێڵێتەوە که خەبات و تێکۆشانی خۆی لەبەر هەر هۆکارێک بوەستێنی.

لەو پێوەندییەدا بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، حیزبی دێموکرات وەک یەکەم حیزبی شۆڕشگێر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە زیاترین پشتیوانیی خەڵکی لەپشتە و وەکوو یەکەم حیزبی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیسانەوە ڕووی لێ هەڵێنراوە کە واز لە خەباتی "ڕاسان"ی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە تازە دەستی پێکردووە بێنێت و دیسان خۆی بکاتە قوربانیی سیاسەتی بەشێکی دیکەی کوردستان.

هەمووی ئەو پرسیار و ئەمما و ئەگەر و شیمانەگەلە لە کاتێکدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی نوێی خۆی دەست پێکردووە و مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نووسین و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ئێمە ماوەی ٢٠ سال دەرفەتمان بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دا کە مافی کورد بدات، بەڵام ئەو ڕێژیمە زیاتر خەڵکی کوردستانی سەرکوت کرد و هەروەها هەرێمی کوردستان هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئێمە نەبووە و بۆیە ئێمە دەستمان بە خەباتی نوێ لەژێر ناوی "ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات" کردووە.

ئەو وتانەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە ڕوونی سەلمێنەری ئەوەیە کە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵه دەسکەوتی حیزبی دێموکرات تەنیا زیان بووە، زیانی وەک کەم بوونەوەی سەرمایەی مرۆیی، نەبوونی کاریگەری لە سەر هاوکێشەکانی ناوچەکە، ئەمنییەتی کردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ملهۆڕتربوونی ڕێژیمی ئێران و گەلێک زیانی دیکە. لەو نێوانەدا سەرمایەی مرۆیی حیزبی دێموکرات گرینگترین خاڵە کە بە ئاسانی لە کیس حیزبی دێموکرات چووە، سەرمایەیەک کە بە بێ کەمترین خەرج و هەزینه هاتووەتە نێو حیزبی دێموکرات و بە هۆی نەبوونی پلانێکی کاری و نەبوونی چالاکی و لەبەرچاوگرتنی هەرێمی کوردستان، مەیدانی شۆڕشیان جێهێشت و پەڕیوەی وڵاتانی دیکە بوون.

هەر لەو بارەیەوە ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرنامەی تایبەت لە تەلەفزیۆنی تیشک تی وی،‌ لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەگەر ڕێژیمی ئێران سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بناسێت، حیزبی دێموکرات داوای حکوومەتی هەرێم بۆ کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگه لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات قبووڵ دەکات؟ لە وەڵامدا دەڵێت: "هەر وەک چۆن پێشتر لە بەر هەرێمی کوردستان خەباتی خۆمان ڕاگرت، ئەگەر ڕێژیمی ئێران سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان قبووڵ بکات ئێمە دیسان حیزبی دێموکرات دەکەینه قوربانی و پاشەکشە بە هێزەکانی خۆمان دەکەین".

ئەو لێدوانانە جێگای پرسیار و لێکۆڵینەوەی زۆرن، بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە بۆ دەبێت حیزبێکی شۆڕشگێڕ خۆی قوربانیی بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی بەشێکی دیکە لە کوردستان بکات. بەڵام ئەو قسە لایەنی دیکەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بە کردەوە دەریدەخا کە کۆماری ئیسلامی دژی بەرژەوەندیی کورد لە هەموو بەشەکانە. چوونکە کۆماری ئیسلامی قەت بە سەربەخۆیی کوردستان ڕازی نابێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ماوەی ٧١ ساڵە خەبات دەکات و شەهید بۆ ڕێبازی خۆی دەدات، کاتێک لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە، پێشمەرگەکانی خۆی لەژێر ناوی "هێزی تایبەت" لە چیاکانی کێلەشین سازمان دا، بە زوترین کات هەڵوێستی سیاسی و دژکردەوەی توندی هەندێک لایەنی سیاسیی لێکەوتەوە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش وەک هەمیشە و توندتر لە جاران، هەڕەشەی لە حدکا کرد.

هەنووکە کە حیزبی دێموکرات لە سەر خەباتی خۆی بە شێوەیەکی قورس و قایم پێداگره، لایەنەکانی دژبەر و موافق بە ڕوونی بوونەتە دوو بەش کە دەبێ هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات حوزووریان نەبێ؟ بۆ ئەم جۆره لێدوانانە دەدەن؟ چون لە نەفسی خۆیاندا حەزیان لێ نیە کە حیزبی دێموکرات گوتار و باڵانسی سیاسی لە ناوچەکە تێک بدات ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ هەموو لایەنێک ڕوونە کە حیزبی دێموکرات لە نێو خەڵکی کوردستان تا چ ڕادەیەک جێگە و پێگەی هەیە.

کۆتایی:

بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ وشیارتر دەبێتەوە و لە هەمان حالیشدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەو خەباتەی دەست پێکردووە، ئیتر پاشەکشەی لێ ناکات و بگره بە شێوەیەکی سازماندراوتر و قایمتر درێژە بە خەباتی خۆی دەدات و ئەوەش لە ١٤ـەمین پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێداگری لە سەر کراوەتەوە. خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات چیتر چاوەڕوان نابن کە ڕزگاریدەرێک بۆیان پەیدا بێت. حیزبی دێموکرات وەک هەمیشە سەربەخۆ و پشتبەستوو بە پشتیوانیی خەڵکی خۆی درێژە به خەبات دەدات.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا