کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

15:03 - 1 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: شەمسی فەراهەنی ناسراو بە پوورە شەمێ ئەندامێکی بە وەفا و دێرینی حیزبی دێموکرات و خووشکی دوو شەهید ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات شەمسی فەراهەنی ناسراو بە پوورە شەمێ کچی محەممەد، خەڵکی ناوچەی پیرانشار سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای ناوەندی ٢ی حیزبی دێموکرات، بە هۆی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی ۷٥ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ڕانیە لە باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.

پوورە شەمێ خوشکی شەهیدان ئیبراهیم و قادر فەراهەنی و هەروەها دایکی ئەندامێکی بەوەفای حیزبی دێموکرات جوانەمەرگ حەسەن بوو. هەروەها زاوای پوورە شەمێ ناسراو بە قادری حاجی عەبدوڵڵا لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا شەهید بووە.

لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵدا پوورە شەمێ لە زۆر بنکە و بارەگای حیزبی دێموکرات و لە زۆر ئۆرگانەکانی حیزب، وەک دایکێکی نیشتیمانپەروەر، جێگای متمانە و ڕێز و حورمەت، خزمەتی بە ڕێبازی حیزب کرد و هەموو کادر وپێشمەرگە و بنەماڵەکانیان کە ئەو مرۆڤە پاک و دڵسۆزەیان دەناسی بە دایک و پووری خۆیان بانگیان دەکرد و ڕێز و حورمەتی تایبەتیان بۆ دەگرت.

پوورە شەمێ ئەمەگی دایکایەتی بە سەر هەزاران کەس‌دا هەبوو کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خزمەتیان کردبوو، ناوبراو نموونەی دایكێکی دڵسۆز و بەوەفایە که لە تەواوی ساڵانی ئاوارەیی و دەربەدەریدا هەرشوێنێک حیزبی لێ بوایە ئەویش هەبوو و خزمەتی دەکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی له بنەماڵه و خزم و که‌سوکاری ناوبراو دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.