کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک عەبدوڵڵا شەرەفکەندی کۆچی دوایی کرد

14:30 - 4 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: کاک عەبدووڵڵا شەرەفکەندی برای د. سادق شەرەفکەندی و ئەدیبی ناوداری کورد مامۆستا هەژار لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەبدوڵڵا شەرەفکەندی برای شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها مامۆستا هەژار نووسەر، وەرگێڕ و شاعیری بەناوبانگی گەلی کورد لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

کاک عەبدوڵڵا کارمەندی خانەنشین کراوی ئیدارەی سەبت و ئەسناد بوو و لە کاتی کارکردن لەو ئیدارەیەدا چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی شای دیکتاتۆر داوای لێکرابوو کە مل بۆ داواکاری و ویستە گەندەڵەکانی ئەوان دابنێت بەڵام بە هۆی ئەوەیکە ملکەچی داواکارییەکانیان نەبوو کەوتبووە بەر ڕق و قینیان.

کاک عەبدوڵڵا پیاوێکی خۆش ئەخلاق، جێگای ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵک دا بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی بەرێز و سەربەرزی کاک عەبدوڵڵا شەرەفکەندی دەکات.