کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ پێشەنگایەتی ڕزگاریی گەلانی ئێران

14:47 - 5 سەرماوەز 2716

کاوە بەهرامی

بە سەرنجدانێکی خێرا لە بارودۆخی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خوڵقاندنی قەیران و ململانێ دیار و نادیارەکانی دیکتاتۆرەکان بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی زیاتری خۆیان و هاتنەئارای دیاردەی کێشەی تایفی و تێکچوونی سەقامگیریی وڵاتانی ناوچە کە پاش هاتنەئارای بەهاری عەرەبی دەستی پێ کرد، سەقامگیریی ئەم دەڤەرە بە شەڕ و پێکدادانێکی خێرا و کتوپڕ وڵاتانی دوور و نزیک، کۆتایی پێ نایە. کورد لە شەڕی چاڵدران هەتا ئێستا بەردەوام لەژێر چەکمەی دیکتاتۆرەکان مافی پێشێل کراوە، نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و مافخوراوە، لە هەلومەرجی هەنووکەییدا کورد بە پێشەنگایەتیی پێشمەرگە، لە شەڕی جیهانیی دژی تیرۆر، بووە بە فاکتەرێکی گرینگ بۆ دابینکردنی ئازادی و دێموکراسی و ئاشتیی ناوچەکە. ئەمەیش کاتێک مسۆگەر دەبێ کە ڕێژیمە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانی وەک ئێران کە پشتیوانێکی بەهێزی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤە و لە نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەوری سەرەکیی هەیە، هەوڵی سەرنگوونیی بدرێ، ئەو ڕێژیمە بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچە جێگای مەترسییە و لە سەروەت و سامانی ئێران بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی لە بوارەکانی چەکی شیمیایی و کۆمەڵکوژ و تیرۆر و تۆقاندن کەڵک وەردەگرێ. ‎ڕێژیمێک کە بۆ پەرە پێدانی ئیدئۆلۆژیی خۆی سنوور ناناسێ و سنووری وڵاتانی ناوچە دەبەزێنێ، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بە مافی خۆی دەزانێ، وەک سەردەمداری جیهانی شیعە و ڕاست بەو ناوەوە کە پێشتر بە ناوی هەناردەکردنی شۆڕش ڕێگای ڕزگاریی قودسی لە کەربەلاوە دەزانێ و بە پشتیوانی کردن لە بەرەی تیرۆر، چەند وڵاتێکی ناوچەی وەک یەمەن، بەحرەین، عێراق، لوبنان و سووریەی بە تەواوەتی تێک داوە و شیعەکانی ئەو وڵاتانەی لە چوارچێوەی گرووپی میلیشیایی وەک حەشدی شەعبی، حووسییەکان و هتد ... چەکدار و ماڵوێران کردووە.

گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی، خوێندنەوەی بۆ ئەم ڕێژیمە ئەوە بووە کە ئێستا وڵاتانی جیهان و ناوچە باسی لێوە دەکەن و پێوەی گیرۆدەن. بۆیە کاتی دیاریکردنی سیستەمی سیاسیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، حیزبی دێموکرات دەنگی نای بۆ ڕیفراندۆمی دیاریکردنی سیستەمی دەسەڵات لە ئێرانی بەرز کردەوە. پاش تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی، هەنووکەش کەلە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا بە تەواوەتی فەشەلی هێناوە، بە دەس درێژ کردن بۆ وڵاتانی دیکە، پەلەقاژێی ئەوە دەکا و دەیهەوێ کێشەکان لە خۆی دوور بخاتەوە.

بزوتنەوەی نەتەوەیی دیمۆکراتیکی خەڵکی کوردستان لە فازی ئێستای خەباتی هەمە لایەنەی خۆیدا کە بەناوی ڕاسانی رۆژهەڵات ناوبانگی دەرکردووە، خەریکی کار و تێکۆشانی جیدییە. ‎ڕاسان بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنەیە بۆ پیشەنگایەتیی گەلانی ئێران و لەو پێوەندییەدا حدکا وەک هێزێکی پاڵنەر و بنەرەتی راسان لە رۆژهەڵات لە ڕاگەیەنە فەرمی و نافەرمییەکانیدا گەلانی ئێران بۆ بەربەرەکانێی چالاک دژی ڕێژیمی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی، بانگهێشت کردووە.

پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە کە زمانحاڵی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی خۆیەتی، چوارچێوەی بەربەرەکانێی لەگەڵ ئەم ڕێژیمەی دیاری کردووە. پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل بەردەوام لە مەیدان دایە و پاڵپشتیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و تەواوی گەلانی ئێران دەکات. ‎بۆ سەرکەوتن بەسەر هەموو کەند و کۆسپەکان، بەتایبەت وەگەڕخستنی خەباتێکی جەماوەری، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەت حیزب و لایەن و کەسایەتییە ئێرانی و کوردستانییەکان بۆ بەشداری لە هەر شێوە خەباتێکی هاوبەش و هاوکار کە پێیان دەکرێ بانگهێشت کردووە. ‎سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمێکی دیکتاتۆری دژە مرۆڤی وەک کۆماری ئیسلامی، پێویستی بە یەکڕێزی و هاوئاهەنگیی هەموانە کە دەبێتە زامنی سەرکەوتنی گەلانی ئێران بەگشتی و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی بەسەر ڕێژیمی تاریک‌پەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. هەلومەرجی هەنووکەیی خەڵکی ئێران دەرفەتێکی لە بارە لە پێوەندی لەگەڵ هاتنە مەیدان بۆ خەباتێکی هەمەلایەنە دژی ئەم ڕێژیمە. ڕاسان خەباتێکی ڕەوایە بۆ سەرنگوونیی ڕێژیمێکی کۆمەڵکۆژ و تیرۆریست. ‎ڕاسان بەردەوامە و وەرزی سەرما و گەرما ناناسێ.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە وەرزی زستان و سەرمادا بە پێشکەش‌کردنی یارمەتییەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ کادر و پێشمەرگە لە ناوخۆ و دەروە کاریگەریی ئەرێنی لە بەرەو پێش بردنی خەباتی گەلەکەمان دادەنێن. ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەهەر شوێنێک دەژین، پێویستە هاوکاریی ئەم پرۆسەیەی خەبات بن. بەشداریی هاوڕێیانی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە بواری ماڵی و بەشداریی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پێشمەرگە لە شاخ و ناوخۆی کوردستان، کاریگەریی ئەرێنی لە بەرەو پێشچوونی ئەو ڕەوتە دا نا. بەگشتی و لە کۆتاییدا بۆ بەردەوامی خەبات لە وەرزی سەرمادا پێویستە بە یارمەتیی هەمە لایەنەی خۆتان بە کادر و پێشمەرگە، دەوری بنەڕەتیی خۆتان مسۆگەر بکەن.

بێ گومان خەباتی شار و شاخ کاتێک تێکەڵ و پێکەوە گرێ دەدرێ و وڵامدەری ئامانجەکانی ڕاسان دەبێ کە تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات بە هاوکاری یەکتر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و زەبر وەشاندن لە بە کرێگیراوان و مشەخۆرانی ڕێژیم، هەنگاوەکانیان لە ڕاستای بە ئاکام گەیشتنی ڕاساندا بە بڕشتەوە هەڵبگرن.

پێشمەرگە بەردەوامە و هەردەم باسکی بە هێزی گەل، پێشمەرگەیە.