کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب کۆچی دوایی کرد

15:45 - 5 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: مەجید پاڵانی ئەندامی دڵسۆز و خەمخۆری حیزبی دێموکرات لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی کاک مەجید پاڵانی کوڕی مۆحەممەد لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

کاک مەجید لەدایک بووی ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی تەپەمارانسەر بە ناوچەی سەرپێڵی زەهاوە؛ ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی پێوەندی بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتەوە گرتووە و ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی دەبێتە پێشمەرگە و لە هێزی شاهۆی ئەو کات سازمان درا. دواتر بەهۆی ڕاپێچ کردنی بنەماڵەکەی بۆ ئۆردوگای ڕۆمادییە واز لە پیشمەرگایەتی دێنێ و دەگەڕێتەوە بۆ لای بنەماڵەکەی.

پاش دامەزراندنی کۆمیتەکانی حیزب لەم ئۆردوگا دەبێتەوە ئەندامی حیزب ؛ پاش ڕوخانی ڕێژیمی بەعس و گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لە باریکە و دواتریش لە کەلار جێگیر بوو و وەک ئەندامێکی دڵسۆز و خەمخۆری حیزب درێژەی بە کار و چالاکییەکانی دا.

بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە بەهۆی جەڵتەی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.