کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات و ژنان لەگەل پارتی سوسیالیستی گەلی دانمارک دیداریان کرد

14:26 - 6 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: لە دیداری شاندێکی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات و ژنان لەگەل پارتی سوسیالیستی گەلی دانمارک SF، مێژووی دامەزران و ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دژایەتیی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەل ویست و داخوازەکانی نەتەوەی کورد کرد هاتنە بەر باس.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی هاوبەشی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە، سەلام سدیقی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات له ئالبۆرگ و شەیدا ساڵح‌زادە بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان بە هاوڕێیەتیی قومری ساڵح زادە ئەندامی حیزبی دێموکرات، سەردانی پارتی سوسیالیستی گەلی دانمارکیان کرد و لەگەڵ شاندێکی پارتی سوسیالیست پێکهاتوو لە یەنس تۆفت نیلسن ئەندامی سوسیالیستی کۆمۆنی ئالبۆرگ و یەعقووب کلیڤاگێر ڤێستاگۆرد بەرپرسی ئەو حیزبە لە ئالبۆرگ کۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات باسێکی لە سەر مێژووی دامەزران و ئامانجەکانی حیزب بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، و دژایەتیی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ویست و داخوازەکانی نەتەوەی کورد کرد.

لەو دیدارەدا بەرپرسی کۆمیتەی ژنان باسی له ڕۆڵی ژنان لە خەباتی نەتەوایەتی و چارەسەریی پرسی کۆمەڵایەتی لە کوردستان و لە تاراوگەدا کرد.

ساڵح زادە هەروەها ڕایگەیاند کە؛ ئێمە وەک یەکیەتیی ژنان ڕۆڵی چالاکمان هەیە بۆ پەروەردەکردنی خێزانی و گرتنی کۆڕ و سیمینار لەلایەن پسپۆرانی بواری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەرونی و هەروەها بەشی پەروەردەی منداڵ و پەرەپێدانی زمانی دایك لەو وڵاتە، و زیاتر جەختی لە ڕۆڵی گەنجان بۆ داهاتووی کۆمەڵگا بە تایبەت لە تاراوگە کردەوە.

پاشان شاندی خانەخوێ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو دیدارە و ئەو باس و بابەتانە و پێداگری لە سەر دۆستایەتیی لە مێژینەی هەردوو حیزب، یەک بە یەک چوونە سەر ئەو خاڵانە و بە بایەخەوە باسیان لە خەباتی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی سەربەو حیزبە کرد، و داوایان کرد دیداری زیاتریان لە داهاتوودا هەبێ و پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن. هەر وەها لە سەر ڕۆڵی ژنان و گەنجان و پرسی منداڵانی کورد لەو وڵاتە، داوایان کرد پێکەوە کار لە سەر پەروەردەی منداڵانی کورد و ڕۆڵی ژنان و لاوان لە کۆمەڵگای دانمارکی‌دا بکەن.

لە کۆتاییدا هەردوو شاند وێڕای خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە، لە سەر درێژەی پێوەندییەکان جەختیان کردەوە.