کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کۆنگرەی ١٦ی حدکا! بەشی سێهەم

16:55 - 7 سەرماوەز 2716

محمد سلێمانی

حدکا وەك هێزێکی دیارو تێکۆشەری سیاسی و تەشکیلاتی و دێمۆکڕات و ئازادیخوازی کورد هەرلەسەرەتای پێك هاتنییەوە خۆی بە مڵکی گەل و ئەندام و لایەنگرانی خۆی زانیوە و ناکرێت لە ئێستادا لەو ڕێڕەوە مێژوویە بترازێت. کاتێك ڕەخنە دەگرین بۆ ئەوەی خۆمان بۆ داهاتووی سیاسی وڵات بەباشترین شێوەی موومکین سازو ئامادەبکەین. لە پێشتردا زۆرخاڵمان خستەڕوو بۆ ئەوەی لە کۆنگرەدا بکرێن بە میحوەری دیالۆگ و باس لەسەریان. بەڵام بائەوەش بڵێین کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەك لە ڕابردوودا پێشڕەو پێشەنگی خەبات و بەرخۆدانبووە، لە ئێستایشدا ئەو رەساڵەتەمێژووییەی کەوتۆتەسەرشانی و، زۆر بەباشی هەوڵدەدات هەتا بەرپرسیارانە لە ژێریدا بمێنێتەوە. ئەوجاریش پێمان باشە تیشك بخەینە سەر چەند بابەتێکی نوێ و گرینگ لە پێناو گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی کاری حیزبیدا و هەر لەو پەیوەندیەشدا زۆر لازمە بەهەموو لایەك کار و باری سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی ڕێکبخرێتەوە و هەموو بەشەکانی کاراو چالاکتر تێبکۆشین و ئیمکانیش هەیە هەتا هەموو جومگە سەرەکیەکانی تێکۆشانی حیزبی بەربڵاوتر و گشگیرتربکڕێن و هەموو دەنگ و ڕەنگێك تێیدا مەجالی تێکۆشانی پێبدرێ. سەبارەت بە میدیای حیزب وەك پێویست تەشکیلاتی و گشتی نەکراوە و هەموو لایەك بیروباوەڕە سیاسی و تەشکیلاتیەکانیان تێیدا ڕەنگ ناداتەوە و کۆنگرە لازمە ئەو بەشە هەستیارەی حیزب بەربڵاوتر و گشتگیرتر بکات لە رەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزبیدا و ناکرێ بە ڕێگای سەلیقە و کرداری شەخسی و کۆنتڕۆڵکردن و پەراوێزخستنی نووسەران و توێژەرانی سیاسی و ئاکادیمیدا بەڕێوەببرێت. حیزبی دێمۆکڕات خەڵکی پێگەیشتوو و بەتوانەی گەلێك زۆری هەیە و لازمە کەڵك لە بیرو هزریان وەربگیرێ. بەداخەوە ئەو بەشەی حیزب پاوانی دەستەیەكی گەلێك پچووك لە پێك هاتەی حیزب کراوە، کە ئەو خاڵەش لە گەڵ روح و گشتگیری حیزبی ناتەبایە. بەروویەکەی تریدا کاتێك دەڵێین حدکا لە رووی کۆمەڵایەتییەوە لە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی کوردستان پێك هاتووە و لەوەیشدا کە بەوجۆرە حەمەل ناکرێت، جێگای لێوربونەوە و باشترکردنە.

بەرپرسانی میدیای ئەو کەس و دەستانەیان زۆر تر خستووتە بەرچاو کە لەخۆیان نزیکن یان بەواتایەکیدیکەدا، بەدڵی ئەوان و لە خۆیان نزیکن.

حیزبی بوون و تێکۆشانی ڕاستگۆیانە یەکێكە لە نەریتە بەرزو دیارەکانی دکتۆر قاسملوو کە نابێت لە درێژەی رەوتی خەباتی حیزبیدا لە بیر بکرێ.

هەربۆیە دەبێت میدیا و سەرجەم بەشەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی لە خزمەتی هەمووان و لە پێناوی هەموواندابێ. ڕەنگە ئێستا بگووترێ ئەو مەسەلەیە بەتەواوی لە جێگای خۆیدانیە و لە ڕاستیەوە دوورە، بەڵام بەدڵنیایەوە، بەزیادەوەش خۆمە خۆمە و دۆستایەتی و لێك نزیکبوون دەوری خۆی هەبووە و نابێ بمێنێت. چوونکی زیانی گەورە بەئاستی وشیاری و پێگەی بەرزی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی حیزب دەگەیەنێت ، لانیکەم لە نێو تەشکیلاتی خۆیدا. باشترە ئەو بەشەی حیزب لە لایەن کەسانی سەر ڕاست و بەئەزموون و دوور لە دەمارگیری و ناوچەگەرایی و خزمخزمێنێ ئیدارەبکرێ و بدرێتە دەستی کەسانی شارەزا و بێلایەن لە بەڕێوەبەردنی کاری حیزبیدا. نموونەی پەراوێزخستنی تێکۆشەرانی ئەمەگناس و لە خۆبردووی حیزبی زۆر بەرچاو و دیارە و و هەرلەوپەیوەندیەشدا گەورەکردنەوەی هێندێك سیمای لاوەکی، کە بەشێکیان زۆریشیان کەملوتفی بەرانبەر بە حدکا کردوە، وەك دیاردەیەکی نامۆ خۆی دەرخستووە و بەو پێیە دڵی زۆرینەی ئەندامانی تێکۆشەر و لێهاتوو و پێگەیشتووی حیزبی لە نێو تەشکیلاتدا حدکا زوێر دەکرێ .

کاتێك خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی حدکا دەستی پێکردەوە ، بەڕاستی لە هەمووتان دەپرسم ئەو کەس و کەسانە ئامادەبوون بێن و بەشداری ئەو خەباتە بکەن و وێرای کادرو پێشمەرگەکانی حیزب بگەڕێنەوە بۆ نێوخۆی وڵات؟!! بەشێك لەو بەناو چالاکوانە سیاسی و هەڵسوڕانەی ئەمڕۆ دیداریان لە گەڵدا ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە سیاسی و دیپلۆماسیەکان لە ئاستی ناوچەی و گیتیدا و، پاشان ئاوێزانی میدیای حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکرێ، بەشێکیان کەسانێکن کە لە کاتی تەنگانێ و ئەندامەتی رێبەری حدکادا، حیزبیان بە جێشتووە بە هۆکاری بێبنەمای کۆمەڵایەتی و تەشکیلاتی و ئەمڕۆش بۆ دیدار و گفتوگۆی سیاسی دەبێت سڕەیان بۆ ڕێك بخرێ !! هەربۆیە دەبێت کۆنگرە زۆر سەربەرزانە سنوورێك بۆ ئەو شێوە لە هەڵسوکەتکردنە دابنێت.

حیزب دەبێت بۆهەمووان بێ و هەموویان وەك یەك و بێ جیاوازی جوگرافیای لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی حدکادا بەشداری کاری حیزبی بکرێن. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران پوێستە وەك سەرمایەکی بەنرخ و مەعنەوی چاو لە تێکۆشەرانی خەباتی شار و شاخ بکا و لە داهاتوو و ئێستایشدا هەر ئەوان وەك بڕبڕەی پشتی حیزب دەمێنەوە.

مانەی ئەو دێرانەش بە هیچ جۆرێك نابێت والێك بدرێتەوە کە پێمان وابێت ئەو کەسانەی تازە دێنە نێو ڕیزی شۆڕش پشتگووێ بخرێن و بایخیان پێنەدرێت. مەنزوری ئەو چەند دێرە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە گوێرەی هەلومەرج و بەرژەوەندی خۆیان هەڵسوکەت دەکەن و لە حیزبایەتیشدا هەڵبەزدابەزی زۆر بەو لاولادادەکن! کاتێك ئەو خاڵ و بابەتانەوەك نەزەرەت و پێشنیاز دەخرێنە بەر چاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و دڵسۆزانی بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەوەیە هەتا هەموولایەك لە کاراترکردنەوە و ئیدارەدانی حیزبیدا بەشداربن و کەس لە رەوتی خەباتی سیاسیدا خۆی پەراوێزنەخات. کە دەڵێین حیزب هی هەمووانە و دەبێت بۆهەمووان و بە هەمووڵایەکیش بەرێوەببرێت.

مەبەست ئەوەیە کە ژیانی ڕێکخراوەی چڕوپڕتر بکرێ و هەموو لایەك بە خۆشەویستی و هەستی بەرزی کورد پەروەری لە خزمەتی حدکا و جووڵانەوەی ئازادیخوازیدا تێ بکۆشین. کۆنگرە ئەرکێکی تریشی دەکەوێتە سەر شان ئەویش سەرلەنوێ ڕێکسختنەوەی بنەما و میکانیزمەکانی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لە گەڵ حیزب و لایەنەسیاسی و تێکۆشەرەکانی کوردە لە هەر چوار بەشی کوردستاندا. حیزب دەبێت وێڕای پاراستن و لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی سیاسی و نیشتیمانی گەلی کورد لەو بوارەدا، لایەنی بڕیاردانی سەربەخۆی ساسی لە بیر نەکرێ ، بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و تەشکیلاتی و ئەمنی حدکاش. لە کۆتایدا زۆر شانازی بە حیزبە تێکۆشەر و دێمۆمراتەکەمانەوە دەکەین و کاتێك ئەو بابەت و مەسەلانەی پەیوەندیدار لە پەیجی تایبەت بەکۆنگرەیدا بڵاو دەکرێنەوە، نیشانەی وشیاری و پێگەی پتەوی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب دەگەیەنێت و بەرویەکەی تریدا مانەی ئەوەیە کە دێمۆکراسی سیاسی و تەشکیلاتی بە شێوەیەکی بەربڵا بە نێو جومگەکانی حدکادا ڕێشەی داکوتاوە و مەبەستی ئێمەیش ئەوەیە کە حیزب هەروەك هەمیشە بەسەربەرزی و بڕیاری نەتەوەی رەوتی خەبات و تێکۆشانی خۆی ببڕێت.