کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی سوئێد لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات قسەیان کرد

16:59 - 7 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی سوئێد لەگەڵ ئەندام پارلمان و نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی لیبراڵ، فرێدریک ماڵم (Fredrik Malm) کۆ بوونەوە و لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی حەمید تەیموری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد لەگەڵ ئاسۆ ساڵح و ئەنوەر کاکایی بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندام پارلمان و نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەیەکانی حیزبی لیبراڵ، فرێدریک ماڵم (Fredrik Malm) له پارلمانی ئەو وڵاته کۆبوونەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێک خاڵیان خسته بەرباس، بەتایبەت لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات و کاریگەرییەکانی ڕاسان لە ناوچەکە و کوردستان و ئێران و بەگشتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەیان کرد.

لەو دیدارەدا بە کورتی ئەم خاڵانە باس کران:

باسی هەلومەرجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگە لە نێو خۆی کوردستان و جێگیرکردنی هێزی پێشمەرگە لە سەر سنوورەکان و پێشوازی خەڵکی کوردستان لە ڕاسان و بڕیاری ڕێبەری حدکا و هاتنی لاوانی کورد بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و جێبەجێی کردنی ئەرکی نیشتمانی و پێشمەرگایەتی.

هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بۆردومانی ئۆردوگای پێشمەرگە و تەنانەت بۆردمانی باشووری کوردستان و داگیرکرانی لە لایەن هێزی سپای پاسداران و ئەرتشی ئەو وڵاتە و هەڕەشەی دەست پێکردنەوەی تێرۆری چالاکانی سیاسی کورد و ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، سەر لە نوێ.

ناردنی هێزی نیزامی و میلیشیای چەکدار بۆ نێو خاکی وڵاتانی عێراق و سووریە و یەمەن و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە و بە شێوەیەکیش ناردنی حەشدی شەعبی بۆ باشوری کوردستان بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ داعش و کەڵک وەرگرتن لەو هێزانە دژی کورد بە گشتی و تێکدانی کوردستان بە گشتی.

گرتنی لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵات و ئێعدامی لاوان و ئەشکەنجەدانی زیندانیان و چاودێری کردنی چالاکوانانی مەدەنی، مامۆستایان، کرێکاران، ژنان و بڵاوە پێکردنی تاقمە سیخوری و ئەمنیەتییەکان لە نێو بازاڕ و شار و گوندەکان بە مەبەستی کونترۆڵ کردنی خەڵکی کورد. سەرەڕای ئەمانەش قەیرانی ئابووری، بێکاری و هەژاری و گرانی خواردەمەنی، نەبوونی دەرەتان بۆ خەڵک.

لەلایەکی دیکەشەوە رێژیم خەڵک هان دەدات چەک هەڵگرن و دژی هێزە کوردییەکان کەڵکی نەشیاویان لێ وەردەگرێ. ئەوەیە کە هەندێک خەڵک بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان هانا دەبەنە بەر ئەوەی کە بە ناچاری چەک هەڵ بگرن.

بە کورتی باسی ڕاسان کرا کە ڕاسان نە هەر دیفاع لە خەڵکی کورد دەکات بەڵکو پشتیوانی لە هەموو هێزێک دەکات کە دژبەری رێژیمی ئاخوندی بوەستێتەوە و بۆ دابینکردنی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤی گەلانی ئێران وەک پشتیوانی لە بەلووچ، عەرەب، تورکمەن، ئازەری و هەر هێزێک کە دژی ئەو نیزامەیە لە ئێران. هەروەها باسی کوردە یارسانەکان کرا کە لەم دواییانەدا کەوتوونەتە بەر سووکایەتی و هێرشی رژیمی ئاخوندی.

لەبەرامبەریشدا فرێدریک ماڵم کۆمەڵێک پرسیار و لێکدانەوەی خۆی لە سەر هێزی پێشمەرگە و چۆنیەتی کاریگەرییان لە ناوچەکە ئاراستەی وەفدی میوان کرد و خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە دەربڕی و ڕاشیگەیاند کە حیزبەکەی بەتەواوەتی ئامادەیە تاکوو پشتیوانی لە خەباتی کورد بکات و هەر یارمەتییەکیش کە بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە دەستیان بێت درێغی ناکەن.