کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیڤید رۆمانۆ: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوێرانە بڕیاری داوە کە پێویستە وەزعی ئێران بگۆڕدرێ

14:43 - 11 بانەمەڕ 2718

كوردستان میدیا: ماڵپەڕی كوردستان میدیا لە سەر پرسی ڕاسان وتووێژێكی لەگەڵ دەیڤید رۆمانۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی میسووری لە وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێكهێناوە.

دەقی وتووێژەكە:

١ـ ئێوە وەک ئاکادمیسیەن و لێکۆڵەرێکی سیاسی ئایا لەگەل پرسەکانی ئێران و نەتەوەکانی ئێران و خەباتی ئەو نەتەوانە ناسیاویتان هەیە؟

لە زۆر رووەوە من قەد ناتوانم بەقەد کەسێک کەلە کوردستان لە دایک بووە و لەوێ گەورە بووە بە کێشەکە ئاشنا بم. بەڵام سەرەڕای ئەوەش من زۆر لە کوردستان گەڕاوم و زۆر لەنزیکەوە لە ساڵی ٩٤ بەملاوە لەسەر کێشەی کورد و رووداووەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەم کردوە. لەبەر زۆر هۆکار هیوام ئەوەیە کە بتوانم یارمەتیدەر بم بۆ ئەوەی کە پێرسپێکتیڤی کەسێکی دەرەکی بێنم بۆ کوردستان کە بتوانێت بۆ تێگەیشتن لەسەر زۆر پرسیار یارمەتیدەر بێت، بەڵام دەرەکیێک کە زۆر تێکەڵ بە کێشەی کوردە و زۆر لەگەڵ جووڵانەوە کوردیەکان ئاشنایی هەیە. هەروەها وەکوو مامۆستایێک و لێکۆڵەرێکی زانستە سیاسیەکان ئەو زانیاریانە و زانستەی کە سەبارەت بە تیۆری جیاوازی جووڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان و هەروەها مێژووی جووڵانەوەکانی تری شوێنەکانی تر هەمە دەیخەمە خزمەتی کوردستانەوە.

٢ـ سیستمی سیاسیی ئێران، ئایا بە ڕای ئیوە خۆیدەفرایەتی خەباتی نێو سیستمی هەیە یا نه؟

بەباوەڕی من زۆرینەی خەڵک لە ئێران خوازیاری پێکهاتنی گۆڕانکارین. بەڵام لە ناو ئەو وڵاتە دا هەندێک بەرژەوەندیی چەق بەستوو و سەقامگیر هەن کە گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی ئەوانا نیە. ئەم بەرژەوەندیانە کە لە ناو سیستەمی سیاسی ئێران دا چەقیان بەستووە یان تەنانەت لە پەراوێزی ئەم سیستەمە و نزیک بەم سیستەمەن تەنیا رێگە بە گۆڕانکاریێک دەدەن کە یەکەم لانیکەمترین بێت و دووهەم ببێتە هۆی مسۆگەر کردنی سەقامگیری رژێمی سیاسی، ئیمتیازات و ئێنحێساراتێ کە ئەو بەرژەوەندیانەیان پێک هێناوە و هەروەها زاڵ مانەوەی شێوە روانینی ئەو بەرژەوەندیانە سەبارەت بە داهاتووی وڵات کە چۆنیەتی و چیەتی ئەو داهاتوویە دیاری دەکات، هەوێنی خۆی بۆ ئەو داهاتووە دەکات بە بەهەوێنێکی زاڵ لە ناو کۆمەڵگا دا. 

٣ـ دۆخی خەباتکارانی نەتەوەی کورد و ڕۆڵی ئەو خەباته لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوڕەاست چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بە باوەڕی من کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین دا بوون بە هێزێک کە چیدیکە ناکرێت پشت گوێ بخرێن. لە حاڵێک دا کە خەبات لە عێراق و سووریە بۆ دابین کردنی مافە کۆمەڵایەتیەکانی کوردەکان لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، بەڵام دەبێت ئاگامان بێت کە هیچ شتێک لە بۆشایی دا نایێتە ئاراوە. 

دەوڵەتی ئێران ناتوانێت چیدی مافە سەرەتاییەکانی کوردەکان و باقی نەتەوەکانی ئێران لێیان زەوت بکات. هەرکاتێک کە مەلاکانی ئێران باس لە ئازادی بۆ کەمینەکان لە وڵاتە عەرەبیەکان وەکوو عەرەبستان، یەمەن یان بەحرەین دەکەن نەتەوەکانی ئێران بیر لەوە دەکەنەوە بۆ ئێمە نابێت ئەو ئازادیانەمان هەبێت. ئەگەرچی من باوەڕم بەوە هەیە کە هیچ نەتەوەیێک لە ئێران دا نە خوازیاری شەڕە نە خوازیاری دەستێوەردانی دەرەکی، بەڵام ئەوان خوازیاری گۆڕانی جیدین لە ئێران دا و گەیشتوونەتە ئاستێک کە ئیتر ناتوانن تەحەموولی باروودۆخی ئێستا بکەن و بۆیە لەگەڵ هەموو مەترسیەکان ئەو خواستە دەگوازنەوە بۆ ئاستی کردەوە و دەیکەن بە کردەوەی سیاسی و مەترسیەکانی ئەو کردەوەش قەبووڵ دەکەن. 

٤ـ دوای ٢٠ سال کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکییە چەکدارییەکانی خۆی هەلپەساردبوو، هەنووکه خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی ڕاسان دەستپێکردووە کە لەو خەباتەدا هێزەکانی پێشمەرگە دەڕۆنەوە نێو خۆی کوردستان و خەڵک، ئێوە ئەو ستراتژی نوێیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بە باوەڕی من حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بگرە هەندێک رێکخراوە و حیزبی تریش بوێرانە بڕیاریان داوە کە پێویستە ئەوە پیشان بدرێت و دەربخرێت کە بوەزعی موجوود لە ئێران دا بۆ زۆرینەیی هەرە زۆری خەڵک جێی پەسەند نیە. حیزبی دێموکرات بەم شێوە دەیەوێت پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵات پەرە پێ بدات و قووڵ بکاتەوە و بە خەڵک پیشان بدات کە ئیمکانی ئەوە هەیە کە بەرپەرچی وەزعی مەوجوود بدرێتەوە. ئەم ئیستراتیژیەی حیزبی دێموکرات بێ تێچوو و قوربانی دان نیە و ئەو هەزینانەش لەبەر ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران ناتوانێت هیچ چەشنە داخوازێک بۆ گۆڕانکاری تەحەموول بکات بە تایبەت لە ناو نەتەوە نافارسەکان دا. 

٥ـ ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە چ شێوەیەک دەتوانێت سەرنجی سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوایی و گرووپەکانی هاوبەرژەوەندی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت؟

ئەمە کارێکی زۆر دژوارە. لەبەر ئەوەی ئێران ڕێگا نادات کە میدیای ئازاد و چاودێری نێونەتەوەیی ئازادە دەستیان بە کوردستانی ئێران بگات. ئەگەر چاو لێبکەن میدیا بە ئازادی دەتوانێت بچێت بۆ باشوور، رۆژاوا، وڵاتە عەرەبیەکان و کێشەی ئیسرائیل و فیلیستین و ئەمەش بۆتە هۆی زیاتر دەنگدانەوەی کێشەی ئەوان. بۆیە ئەو شتانەی لە کوردستانی ئێران روو دەدات بە نیسبەت شوێنەکانی تر و لە ئاست گەورەیی رووداوەکان کەمترین دەنگدانەوەی دەبێت و کاری لەسەر دەکرێت. ئەم باروودۆخە زۆر لە باروودۆخی کوردەکانی ئێراق تا پێش ساڵی ١٩٩١ دەچێت. بۆیە گەورەترین تەگەرە لەبەردەم حیزبی دێموکراتدا ئەوەیە کە خۆی لەو شتانە کە روو دەدات ڤیدیۆ هەڵگرێت، دەستی بۆ پێوەندی لەگەڵ رێکخراوەکان و وڵاتەکان دریژ بکاتەوە و بەم شێوە بەردەوام بێت. بەم ئیدارە نوێیەی کە لە واشینگتۆن خەریکە دەستبەکار دەبێت لەوانەیە هەل بۆ بانگەشە سەبارەت بە دۆخی کوردەکان لە ئێران زیاتر بێت. زۆر بە داخەوە کێشەی کوردەکان و کێشەی کەسانی تر لە ئێران دا بۆ ئۆباما هیچ چەشنە گرینگیێکی نەبوو. 

٦ـ بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە و خوێندنەوانەی کە ئەنجامتان داوە، ئێوە چ پێشنیارێکی ڕوون، بۆ جیددی‌تر بوون و کاریگەرتربوونی خەباتی نەتەوەی کورد لە ئێراندا هەیە؟

زیاتر لە هەرشتێک کوردەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە ناکۆکیەکانی نێو خۆیان باشتر بکەن. دوای ئەوە پێویستە کە بەباشترین شێوە لە هێزە ئێرانیەکانی تر نزیک ببنەوە تەنانەت ئەو هێزانەی لە تاران کە خوازیاری گۆڕانی قووڵن. هەروەها پێویستە راگەیاندن بە شێوەیێکی نێونەتەوەیی چالاکتر بکرێت. 

٧ـ لە کۆتایی‌دا سپاس لەوەیکە قەبووڵتان کرد ئەو وتووێژەمان لەگەڵ پێک بێنن، بە کورتی خۆتان بۆ بەردەنگەکانی ئێمە پێناسه بکەن؟

ناوی من دەیڤید رۆمانۆیە. من بە رەچەڵەک خەڵکی بەشە فەرەنسیەکەی کانادام. من کورسی تۆماس جەی ستانگم لە سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوین لە زانکۆی میسووری لە وەلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە.