کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کەمپێکی پەناخوازان لە دانمارک ڕێز لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان گیرا

21:47 - 7 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە لە پێناو نرخە نەتەوەیی و مرۆییەکان لە پێشوازی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا، بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و بە ئامادە بوونی کوردانی نیشتەجێی دورگەی بۆرنهۆڵمی دانمارک کە دەکەوێتە نێو دەریای باڵتیک ڕێوڕەسمێک لە ژێر ناوی راسانی خاک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ٢٦ی نۆڤامبری ٢٠١٦ لە دوڕگەی بۆرنهۆلمی وڵاتی دانمارک ژمارەیەک پەناخوازی کورد کە بەشێکی بەرچاویان لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبن لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزیان لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان گرت.

ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیبو ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان، دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەری کۆڕەکە خاتوو بەهار حوسێنی شاعیر و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەخێر هاتن و پێشوازیی لە میوانانی ڕێوڕەسمەکە، پێناسەیەکی کورتی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە شێعرێک لە لایەن بەڕێز ئیبراهیم وەتمانییەوە دەستی پێکرد. دواتر بەهار حوسێنی وتارێکی لە ژێر ناوی سەرماوەز، لانكەی كۆرپە زێڕینەكەی مێژوو پێشکەش کرد. خاتوو بەهار لە ناوەرۆکی وتارەکایدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە: لە 26ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاویدا خرۆشی پێشمەرگانەی خەڵكی مەهابادی هەمیشە دێموكرات، وەك گەردەلوولێكی بەسام لاپەڕەی ژیانی دوایین بنكەی سەركوت و كاولكاریی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەویی تێكەوە پێچا و ئاڵای نەتەوەیی كوردستان لە سەر بینای شارەوانیی مەهاباد هەڵكرا و بەیداخی ژیانەوەی كوردان بە دەم هەناسەی ڕزگاریی موكریانەوە شەكایەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، بەهار حسینی پڕژایە سەر باسێک لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات و پێویستیی دەستپێکرانی ڕاسانەوەیەکی نوێ بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە یەک ساڵی ڕابردوودا و باسی لە خەباتی یەکساڵی کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات و قوربانییەکانی کرد: كوردستانی ڕۆژهەڵات وەكوو لانكەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیسمی مۆدێڕنی كورد، ئەمساڵ پاش بێدەنگییەكی بیست ساڵە، مەكۆی گیانبازی و حەماسە خولقاندنی پێشمەرگە قارەمانەكانی حیزبی دێموكرات بوو كە لە چوارچێوەی بزاڤی پیرۆزی ڕاساندا دوورگەی بە ڕواڵەت ئارامی ڕێژیمی داگیركەری تارانیان لە كوردستاندا شڵەژاند.

بڕگەیەکی دیکەی ڕیوڕەسمەکە بەڕێوەبردنی پێرفۆرمەنسێک بوو لەپێوەندی لەگەڵ خەباتی پێشمەرگەدا کە لە لایەن خاتوو مۆژگان میرزاییەوە پێشکەش کرا. یەکێکی دیکە لە بەشدارانی ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کە لاوێکی کوردستانی ڕۆژئاوا بوو بە چەند سروودی شۆڕشگێڕانە و تاکژەنیی مۆسیقا، کۆڕەکەی ڕازاندەوە.

بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە، ڕێزگرتن بوو لە کاک عەلی مەجیدیان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەی دێرینی کوردستان بووە.

ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە ئامادەبوونی میوانانی دانمارکی و کوردانی نیشتەجێی دورگەی بۆرنهۆڵم، با شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات.