کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوە چوونی كۆبوونەوەیەكی بەرینی ھێزە كوردستانیەكان لە كۆپێنھاگ

16:24 - 8 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: لە سەر داوای حیزبی دێموكرات، كۆبوونەوەیەكی بەرینی ھێزە كوردستانییەكان لە وڵاتی دانمارك بەرێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ رۆژی یەك شەممە رێكەوتی ٢٧ی نوامبری ٢٠١٦ ، لە سەر بانگھێشتی كۆمیتەی گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارك كۆبوونەوەیەكی بەرینی ھێز و رێكخراوە كوردستانییەكان لە شاری كۆپێنھاگ بەرێوە چوو.

سەرەتای ئەو كۆبوونەوەیە بە ڕاگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەھیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان لە لایەن فەرھاد عەبدۆڵا پوور بەرپرسی كۆمیتەی شێلەندی حیزب بە خێرھاتنی میوانان و نوێنەرانی ھێزە كوردستانییەكان كرا.

دواتر سلێمان كەڵەشی بەرپرسی گشتی كۆمیتەی حیزب لە وڵاتی دانمارك باسێكی تێر و تەسەلی سەبارەت بە ئامانجی ئەو كۆبوونەوەیە و خەباتی حیزبی دێموكرات و بارودۆخی سیاسی كورد لە ھەر چوار پارچەی كوردستان پێشكەش كرد.

كەڵەشی لە باسەكەیدا وێڕای پشتیوانی حیزبی دێموكرات بۆ خەباتی نەتەوەیی لە ھەموو پارچەكانی كوردستان، جەختی لە سەر برایەتی و پشت بەستنی كورد بە كورد كرد و وتی كە چارەنووسی ھەموو نەتەوەی كورد بە یەكەوە گرێدراوە.

بەرپرسی كۆمیتەی گشتی ، ھەروەھا ئاماژەی بە قۆناغی نوێی خەباتی حیزب واتە راسان كرد و وتی : ئیرادەی شۆڕشگێڕی نەتەوەی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان و رێبەری و ئەندامانی حیزب درێژە بە ڕاسان دەدەن و ھەموو لایەك دڵنیا دەكەین كە ڕاسان درێژەی دەبێ.

سلێمان كەڵەشی لە كۆتایی وتەكانی دا وێڕای سپاسی ھێز و حیزبە كوردستانییەكان داوای ھاوكاری لە ھەموو حیزبە كوردستانییەكان كرد و وتی كە حیزبی دێموكرات ھەمیشە پشتی بە خەڵكی كورد بەستووە و ئێوەش بەشێك لە نەتەوەی كوردن.

لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیەدا لە لایەن نوێنەرانی حیزبە كوردستانیەكان كۆمەڵێك پرسیار ئاراستەی سلێمان كەڵەشی كرا كە لە لایەن ناوبراوەوە وەڵام درایەوە.

ھەروەھا ھەموو حیزبە كوردستانییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاسان و خەباتی حیزبی دێموكرات لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەربڕی و سپاسی كۆمیتەی دانماركی حیزبی دێموکراتیان كرد.