کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمان پەروەر لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

16:56 - 8 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: مۆحەممەد عیسا ناسراو بە مۆحەممەدی مام مەجید، کەسایەتی خۆشناو و نیشتمان پەروەری کورد لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ چەند ڕۆژ پیش ئێستا مۆحەممەدی مام مەجید لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە پیرانشار بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە و خزم و کەس و کاری بە خاک سپێردرا.

ناوبراو لە ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی لە گوندی کاسەکەران سەر بە ناوچەی پیرانی شاری پیرانشار لە دایک بوو. لە ساڵانی ٦٠ی هەتاویدا ماڵی ناوبراو شوێنی حەسانەوە و حەوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

مۆحەممەدی مام مەجید بەردەوام هانی لاوانی دەدا کە خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیان بکەن و هیچ کات نەکەونە داو و پیلانەکانی دوژمنانی گەل؛ بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەشەوە ببووە جێگەی ڕێز و متمانەی خەڵکی ناوچە.

ناوبراو هیچ کات پێوەندی خۆی لەگەڵ شۆڕشی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەپساند و بەردەوام بە خەمخۆرییەوە لە حیزبی دەپرسییەوە.

لەپاش ڕاگەیاندنی ڕاسان لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئەم کەسایەتییە خۆشناوە هاوشێوەی هەموو نیشتمان پەروەرانی کورد بە دڵخۆشییەوە باسی لە ئاکامەکانی دەکرد و بەتاسەوە بوو تاکوو کوردستان بە ئازادی ببینێت کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە خۆشناوە دەردەبڕێ و خۆی بە شەریکی خەمی خزم و کەس و کاری ناوبراو دەزانێت.