کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی گشتیی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران / کومیتەی سوئێد، بەڕێوە چوو

16:56 - 9 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: لە شاری ڤێسترۆسی سوئێد، بە ئامادە بوونی بەرپرسی گشتی یەکیەتی ژنان لە دەرەوەی وڵات، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب و بەرپرسی گشتیی تشکیلاتی حیزب لە وڵاتی سوئێد، و نوێنەرانی یەکیەتی ژنان لە وڵاتی سوئێد، کۆنفڕانسی گشتیی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدا؛ لە ڕۆژی ٢٦/١١/٢٠١٦ لە شاری ڤێسترۆسی سوئێد، بە ئامادە بوونی بەڕێزان کەژاڵ نەقشبەندی بەرپرسی گشتیی یەکیەتی ژنان لە دەرەوەی وڵات و کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب و سەلاح ئارامش بەرپرسی گشتی تشکیلاتی حیزب لە وڵاتی سوئێد، و هەروەها نوێنەرانی یەکیەتی ژنان لە وڵاتی سوئێد، کۆنفڕانسی گشتیی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو .

کۆنفڕانسەکە سەرەتا بە ڕاگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

کۆنفرانسەکە بە باسێک لە سەر یەکیەتی ژنان بە گشتی و یەکیەتی ژنانی سوئێد بە تایبەتی، لە لایەن کەژاڵ نەقشبەندیەوە کرایەوە، دواتر پەیامی حێزبی دێموکرات کوردستان ئێران/سوئێد لەلایەن سەلاح ئارامشەوە خوێندرایەوە.

دواتر باسێک لە سەر ئەرک و بەرپرسایەتیی ژنان لەم قۆناغەی خەباتی حیزبدا و گرینگیی چالاکیی ژنان، لە لایەن بەرپرسی کومیتەی حیزبەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

پاشان باسێک لە سەر کارەکانی کۆمیتە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە لایەن مەهاباد مینووزادە بەرپرسی پێشووی کۆمیتەکە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا؛ هەروەها لە سەر بەشی ماڵیی کۆمیتە، ڕاپۆرتێک لە لایەن بەهیە حەیدەرییەوە ئاراستە کرا.

دووهەم بەشی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ ڕەخنە و پیشنیار و وەڵام دانەوە لە لایەن بەشدار بووان و لە بەشی سێهەمیشدا، هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێی یەکیەتی ژنان لە وڵاتی سوئێد بەرێوەچوو، کە تێیدا مەستوورە سوڵتانی بە زۆرینەی دەنگ بۆ بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی سوئێد هەڵبژێردرا.