کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕاسان کۆچی دوایی کرد

16:03 - 12 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ئێوارەی روژی پێنج‌شەممە دایکی شەهیدی ڕاسان، شەهید سەید عومەر حسەینی کە لە جەریانی حەماسەی قەرەسەقەڵدا شەهید بوو کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ دایە غەزاڵ مۆنعێم کچی مەلا سەید کەریمی بێژاوێ دایکی شەهید سەید عومەر حسەینی خەڵکی بێژاوێی شاری شنۆ لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.

دایە غەزاڵ یەکێک لە شێرەژنانی کوردستان بوو کە بە ڕووسوورییەوە منداڵەکانی بەخێو و پەروەردە کرد؛ هەموو کات بە شانازییەوە باسی لە سەید عومەری کوڕی دەکرد کە لە ڕەوتی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و لە جەریانی حەماسەی قەرەسەقەڵی شنۆ گیانی ئازیزی وێڕای ٥ کەس لە هاوبیرانی پێشکەش بە بارەگای پڕسەروەری کرد.

هاوڕێی شەهید سەید عومەر حسەینی كوڕی سەید قادر، خەڵكی گوندی بێژاوێی سەر بە ناوچەی شنۆ، ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە نێو بنەماڵەیەكی بەناوبانگی ناوچەی شنۆ لەدایك بوو.

ساڵی ١٣٧٨ بووە پێشمەرگە و هەتا ساڵی ١٣٨٠ درێژەی بە خزمەتی پێشمەرگایەتی دا. هەر لەو ساڵەدا نەقڵی ناوەندی ٣ی كوردستان كرا.

دواتر هەر لەو ساڵەدا كاك سەید عومر لە لایەن حیزبەوە بۆ مەئمووریەتێكی حیزبی نێردرابوو بۆ نێوخۆی وڵات ‌و لەوێ‌ سازمان درا.

دوای یەك ساڵ كار و تێكۆشان، لە لایەن ڕێژیمەوە گیرا و بە زیندانی درێژماوە حوكم درا. هاوڕێی شەهید، دوای دوو ساڵ تێپەڕین لە ماوەی زیندانەکەی، لە ساڵی ١٣٨٢ بە کەڵک وەرگرتن لە مەرەخەسی، لە زیندان هاتەدەر ‌و خۆی گەیاندەوە نێو ڕیزەكانی حیزب. پاشان ڕێگای دەرەوەی وڵاتی گرتەبەر ‌و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ‌ بوو. دوای وەرگرتنی ئیقامەی وڵاتی سوئێد، دەستی لە كاروباری حیزب شل نەكرد‌ و درێژەی بە كاروباری حیزبی لەو وڵاتە دا. ئەو لەو بەشەشدا سەركەوتنی بەدەست هێنا و بوو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوچەی ئۆروبروز. هەروەها بوو بە ئەندامی ناوەندی یەكیەتی كوردان.

دواجار پاش بڕیاری ڕێبەریی حیزب لە ساڵی ١٣٩٥ بۆ گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ، لە خۆشی‌ و ئاسوودەیی ژیانی وڵاتانی ئورووپایی دەستی هەڵگرت‌ و لە خۆشەویستەكانی و خێزان‌ و كچە خنجیلانەكەی ماڵئاوایی كرد‌ و گەڕایەوە كوردستان‌ و خۆی بە بنكەكانی حیزب لە سنوورەكانی كوردستان ناساند و چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی لە شان کردەوە و وێڕای شێرەکوڕانی ناوچەی شنۆ، بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێک کاروباری حیزبی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و لە ڕەوتی حەماسەی قەرەسەقەڵ قارەمانانە بەرگری لە باوەڕە پیرۆزەکەی و خەڵک و خاکی کوردستان کرد و سەلماندی کە ئازادیخواز بوون لە ناخ و خوێنیدایە و سنوور ناناسێت.

کاتێک کە داوای گەڕانەوە بۆ کوردستان و زێدی باب و باپیرانی کرد وتی: ڕێبەرانی پێشەنگ و مامۆستامان فێریان کردووین، بە شەهید بوونی هاوسەنگەرانمان، ورەمان ناڕووخێ و هەنگاومان شل نابێت و ناگرین، بەڵکوو خەباتمان شێلگیر و سەنگەرمان ئاوەدانتر دەکەین و باوەڕی قووڵمان بەوەیە: گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لە کۆچی دوایی دایە غەزاڵ سەرەخۆشی لە خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.