کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە واشینگتون دەخرێتەوە گەڕ

17:39 - 14 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: دەوڵەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەتەمای چاوخشاندنەوە بە دۆسیەی ئەتۆمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێککەوتنی ناوکی گرووپی ١+٥ لەگەڵ ئێراندا هەڵناوەشێتەوە بەڵام لەهەمبەر کار و کردەوەکانی ئەو ڕێژیمە شێلگیرتر دەبن.

لەو پێوەندییەدا، کریستین ساینس مانیتور لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ کە بە درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە کۆنگرەی ئامریکادا، دەردەکەوێ کە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە ڕۆژەڤی دەوڵەتی نوێدا دەبێت.

سیاسەتە شاراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوو و کردەوەکانی ئێستای وەک پەرەدان بە مووشکی بالیستیک و گێرەشێوێنی لە ناوچەکەدا ئەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی گرینگیدانی دەوڵەتی ئامریکا بە بابەتی ئێرانە.

ئەو ڕۆژنامەی چاپی ئامریکا پێشبینی دەکات کە دەوڵەتی ترامپ ڕێککەوتنەکە هەڵنەوەشێنێتەوە بەڵام کردەوەی تۆڵەئەستێنی ئێران، ئەوا بەرجام بەرەوە نەمان دەبات.

هەر لەو بەستێنەدا، ڕۆژی هەینی، ڕۆژنامەی فاینشناڵ تایمز ڕاپۆرتی دا کە تیمێکی ترامپ سەرقاڵی دانانی گەمارۆی نوێ بەسەر ئێران دایە.

ئەم بڵاوکراوەی چاپی بریتانیا، بەرنامەی مووشەکی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە دوو بابەتی گرینگ دەزانێ کە ئەگەری هەیە بەهۆیانەوە گەمارۆی نوێ بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی ڕابردووش فەرماندەی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئامریکا لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا، باسی لە بەهێزکردنی ئەرتەشی وڵاتەکەی بۆ ئەگەری هەڕەشەی وڵاتانی وەک چین، کۆرە، ئێران و ڕووسیە کرد.

دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، ئێرانی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەنییەکانی ئامریکا زانی و ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجامی بە خراپترین ڕێککەوتنی مێژووی ئامریکا ناوزەد کردبوو.