کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم نوقمی قەیرانی ماڵی بووە

20:54 - 14 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ گوشاری ماڵیی زیاتر بۆ بنەماڵەی قوتابیان دێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم له پارێزگای ورمێ داوای لە هەموو ئیدارەكانی پەروەردە و بارهێنان لە شار و گوندەكانی ئەو پارێزگایه كردووە كە تێچووی قوتابخانەكان لە بنەماڵەی قوتابییان دابین بكەن و نابی ئەو بڕە پارەیەش لە ٥٠ هەزار تەمەن كەمتر بێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها ڕایگەیاند کە ئیداری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ لە بخشنامەیەكدا لیستەی فرۆشی ماشینەكانی ئەو ئیدارەیەی بە كارمەندانی ئەو ئیدارەیە بە شێوەی قەستی ڕاگەیاندووە.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئیدارەی پەرەوەردە و بارهێنانی شاری سەقز لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە بنەماڵەی قوتابیانی ئەو شارە کردووە، بڕی ٧٠هەزار تەمەن بە قوتابخانە بدەن.

بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی مادەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ‌بەرانبەردا، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، هاتووە: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بە بێ‌بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.

خەمساردی و دابین نەکردنی تێچووی قوتابخانە بۆ بارهێنان و پەروەردە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی زۆر بوونی وەرگرتنی بڕی پارەی نەخت لە قوتابیان بە تایبەت لە قوتابخانەکانی کوردستان و هەروەها هاتنە خوارەوەی ئاستی حەقدەستی مامۆستایان.