کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە فینلاند لەگەڵ حیزبی بەرەی نەتەوەیی دیداری کرد

15:19 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند لەگەڵ منینیا تیمپێری لە پارلمانی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنی پێک هێنا و لە سەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، شنە ڕەزاوی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە فینلاند، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ منینیا تیمپێری، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی حیزبی دەسەڵاتداری بەرەی نەتەوەیی دیداری کرد.

سەرەتا نوێنەری حیزبی دێموکرات بە کورتی باسێکی لە سەر خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد و گوتی کە وێڕای دانی قوربانییەکی زۆر و هەوڵی سەرکوتکەرانەی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار، کورد هەردەم لە خەباتی ڕەوای خۆی بەردەوام بووە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی و مافی نەتەوەیی خۆی.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە بە درێژایی تەمەنی ڕێژیمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەوڵی داوە لە ڕێگەی خەباتی چەکداریی و لە ڕێگەی گفتوگۆوە، چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا بکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی باوەڕ بە مافی نەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی هیچکات خوازیاری چارەسەری ئەو پرسە نەبووە و بەڵکو لە بەرامبەردا و لە سەر مێزی گفتوگۆدا، ڕێبەرانی وەک د. قاسملوویان تیرۆر کردووە، بۆیەش تا وەها ڕێژیمێکی سەرکوتکەر لە سەر کار بێت، مافی هیچ نەتەوەیەک و کەمایەتییەک لە ئێران‌دا دەستەبەر نابێت.

هەروەها نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لە هاوچەشنیی هەڵسوکەوتی گرووپی تێرۆریستیی داعش و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە هەر دووکیان بە توندترین شێوە، دژی بەها مرۆییەکان، بیر و باوەڕی جیاوازو مافی ژن دەوەستنەوە؛ هەروەها لەم پەیوەندییەشدا باسی لە بێڕێزیی کردن بە باوەڕمەندانی ئایینی یارسان و زیندانیی کردنی ڕۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی لەوانەش محەممەد سدیقی کەبودوەند کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لە قۆناغی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کرد و گوتی، کە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناو خەڵک، بەرپەچی پرۆپاگەندەکانی کۆماری ئیسلامییە، کە ئێران دورگەی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها باسی ئەوەی کرد که خەڵکی کوردستان پێشوازیی گەرمیان لە هێزی پێشمەرگە کردووە.

لە کۆتاییدا منینیا تیمپێری، وێڕای پێشوازی و سوپاسی خۆی بۆ ئەو باس و زانیارییانە، پرسی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گرینگ وەسف کرد و بە پێویستی زانی، کە ئەم پرسە زیاتر لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی تایبەت بە کاروباری دەرەوە لە فینلاند، بخرێتە بەرباس.