کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیبەیتی تایبەت بە ڕاسان لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو

17:16 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بە دەستپێشخەری کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سۆئێد دیبەیتێکی تایبەت بە ڕاسان لە ڕوانگەی چەند کەسایەتییەکی سیاسی و ئاکادیمیکەوە تاوتوێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی دیبەیتێکی تایبەت بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە شاری ستۆکلهۆڵم بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و کوردانی نیشتەجێی وڵاتی سوید بەڕێوەچوو کە تێیدا بەڕێزان: کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران)، کەماڵ مەجیدپوور (خوێندکاری دکتۆرا لە بواری زانستی سیاسی و دانیشتووی وڵاتی هۆلەند)، کاوە ئاهەنگەری (چالاکی سیاسی و دانیشتووی وڵاتی بێلژیک) و مامۆستا حیسام دەستپیش (مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین کە لە کوردستانەوە بە ڕێگای سکایپ بەشدار بوو) ڕاوبۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد.

سەرەتای دیبەیتەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاوەستانی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوید پێشکەش کرا؛ پاشان دۆکیۆمێنتارێک لەسەر ڕاسانی دێموکرات نیشان درا کە تێیدا باس لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو قۆناغە نوێیەی خەبات و ئامادەکارییەکانی حیزب بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە، کرابوو. هاوکات ئاماژەی بە کار و چالاکی پیشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کردبوو کە لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵی تەمەنی ڕاساندا بە بەربڵاوی لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادەییان هەبووە و چالاکی تەشکیلاتی و نیزامییان بەڕێوەبرد بەشێوەیەک کە بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی ناوەندگەرا لە ئێراندا تووشی ترس و نیگەرانی بووە.

دوابەدوای ئەم دێکیۆمێنتارە بەڕیز کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی باسێکی گشتی لەسەر ڕاسان و گرنگی ئەو پڕۆژەیە لە ئێستای باروودۆخی کوردستان بە تایبەتی و ناوچەکەدا بە گشتی پێشکەش کرد.

بەڕێز شیوەسەڵی لەباسەکەیدا وتی کە نەک ڕاسان کردەوەیەکی خۆڕسک و بێ بەرنامە نەبوو بەڵکو پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی بە ڕابردوو و ئێستا و دواڕۆژی ئێمەوە هەبووە و هەیە. ڕاسان ڕیشەی لە قۆناخە سەخت و خوێناوییەکانی ڕابردووی ئێمەدا هەیە و وەڵامێکی ئەوڕۆییە بۆ پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و تەنانەت ناوچەکەشدا. ڕاسان وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ کۆمەلکوژییەکان.

بەباوەڕی بەڕێز شیوەسەڵی هۆکارەکانی ڕاسان بە گشتی لە دوو دەستەدا پیناسەی بۆ دەکرێت: دەستەی یەکەم ئەوەی کە پەیوەندی بە نێو بازنەی تەشکیلاتی حیزبەوە هەیە و دەستەی دووهەمیش ئەوەی کە لەدەرەوەی بازنەی تەشکیلاتی حیزب و لە ڕاستیدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حیزبی دێموكراتدا شکڵیان گرتووە.

لەبەشێکی دیکەی دیبەیتەکەدا بەڕێوەبەری دیبەیتەکە چەند پرسیارێکی ئاراستەی بەڕێزان کەماڵ مەجیدپوور، کاوە ئاهەنگەری و حیسام دەستپیش کردکە هەرکام لە بەشداربووان بە وردی وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.

دوابەشی دیبەیتەکەش تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و سەرنجی بەشداربووان کە لەلایەن کۆڕگێڕانەوە وەڵام درانەوە.

دوای ٤ کاتژمێر گفتووگۆی تێروتەسەل لەنێوان کۆڕگێڕەکاندا دیبەیتەکە کۆتایی پێهات.

دەقی پرسیار و وەڵامەکان بەم چەشنە بوون:

ئایا بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ خەباتی مەدەنی کۆمەڵگای کوردستان و خەباتی سیاسی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە چ ئاستێکدایە؟ ڕاسان لە ئێستای بزوتنەوەی کورددا چ ڕۆڵێک دەبینێ؟ چ گرنگییەکی هەیە؟ فەلسەفەی بوونی ڕاسان لە چی دایە؟ سیاسەتی کوردی و گوتاری هاوبەشی حیزبەکان چۆن دەبینن؟ ڕاسان لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی غەیرە کوردەوە چۆن پێشوازی لێکرا و ئەوان چ ڕۆڵێک دەتوانن بگێڕن لە ڕەوتی خەباتی ڕاساندا؟

کۆی وەڵام و سەرنجەکانی بەڕێز مەجیدپوور لەو خاڵانەدا خۆی دەرخست:

بزوتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات بەر لە ٢٠ ساڵ پیش ئێستا خاوەنی ئۆتۆریتە و پریستیژێک بوو کە پێشمەرگە خاوەنداری لێدەکرد.

لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووشدا هێزە سیاسییەکان بۆ ماوەیەک زۆر لەیەک نزیک بوونەوە و بۆ ماوەیەکیش بەداخەوە لەباری سیاسییەوە لێک دووردەکەونەوە. لێکنزیکییەکان لەبارەی ستراتیژی نەتەوەیی و ڕێکاری خەباتەکەیان، لێکدوورکەوتنەوکانیش پەیوەندی هەبوو بە کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکان و لێکدابڕانەکان هەر ئەوەش بووە هۆی کەمڕەنگکردنی پرستیژ و ئۆتۆریتەی حیزبەکان و پێشمەرگە. بۆ ماوەیەکیش شاهیدی سەرهەڵدان و گەشەی بیری سیاسی تاکی ڕۆژهەڵاتی دەبین کە لە چوارچێوەی چالاکی مەدەنیدا خۆی دەدیتەوە و ئەوەش نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوو کە کۆمەڵگای کوردستان خاوەن تواناییە و ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی لە فۆرمی دیکەدا هەیە. بەڵام ئەو چالاکییە مەدەنییانە لە نەبوونی سیاسەتێکی کوردی کە بتوانێ هەموو وزە وتواناکان کۆبکاتەوە و ئاراستەیان پێبدات بەرەو لاواز بوون ڕۆیشت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا و پێشکەوتنی سەردەم، بە هەمان ئاستیش هێزە سیاسییەکان دەتوانن متمانە و پێگەی جەماوەری خۆیان بە ئاسانتر بگەڕێننەوە دۆخی جاران. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هەوێنی سیاسەتێکی کوردی هاوبەش کە هەموو هێزە سیاسییەکان لەسەری ڕێکدەکەون بکرێتە دەلاقەیەک و لەوێوە هێزی کۆمەڵگا ڕێبەری بکەن. ئەو سیاسەتە کوردییە نە تەنیا ئەرکی هێزە سیاسییەکان بە تەنهایە بەڵکوو ڕۆشنبیران و باقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەتوانن تێگەیشتنێکی هاوبەش بێننە ئاراوە و بۆ نموونە لەسەر دیاردە دزێوەکان و پەتاکانی کۆمەڵگا خۆراکی سیاسی و فەلسەفی بدەن بە جەماوەر و ئەو هێزە بوروژێنن بەڵام دواجار ئەوە سیاسەتی کوردییە کە هێزە سیاسییەکان نوێنەری دەکەن دەتوانن ڕابەری ئەو ڕەوتە بگرێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە گۆڕینی باڵانسی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵوگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکانی بەردەم ڕاسان وتی، وڵاتانی زلهێز و بەتایبەتی ئەمریکا لەسەر بنەمانی بەرژەوەندی و دەسکەوت سیاسەتی دەرەوەی خۆی بنیات ناوە و ئەوەش بەو مانایەیە کە لەباری ئەخلاقییەوە پشتیوانی مافی مرۆڤ و ئازادی و دێموکڕاسییە بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتێک یان نێوان دوو وڵات وێناچێت تازە پەنا بباتە بەر دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و ئەوەش بەو مانایەیە کە هەموو پشتیوانییەکی سیاسی و مەعنەوی و ئەخلاقی لە ڕەوتێک دەکات کە لەڕاستای بەرژەوەندییەکانی هەنگاو دەنێت بەڵام ئامادە نابێت خۆی بکاتە ئەکتەرێکی سەرەکی کێشەکە هەروەک پێشتر لە ئێراق و ئەفغانستان کردبووی. دووبارە پێداگری کردەوە لەسەر بوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی کوردی و هێزێکی کاریگەر کە دەتوانێ سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەلای خۆیدا ڕابکیشێت و بتوانی داوای پشتیوانی و هاوکارییان لێ بکەیت.

پێیوابوو ڕاسان بەبێ بوونی ئەو سیاسەتە کوردیە یەکگرتوویەی کە هێزە سیاسییەکانی دیکەش پاڵپشتی بن، قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر حیزبەکەی واتە حیزبی دێموکڕات کە دەبێ لەڕێگای دیپڵۆماسی حیزبی خۆیەوە ئەو پشتیوانیە مسۆگەر بکات.

کۆی وەڵام و سەرنجەکانی بەڕێز ئاهەنگەریش بەو شێوەیە بوو:

باروودۆخی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵات نە لەئاستی خەباتی چەکداری و نە لە ئاستی خەباتی مەدەنیدا لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا وەڵامدەر نەبووە و بە ئەندازەی خۆی لاواز بووە. هەر ئەوەش ڕەنگە یەک لەو هۆکارانە بێ کە ڕاسانی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڕای من دەبێ خەبات ئۆرگانی بێت و دەبێ فرە ڕەهەندیش بێت. هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشێوەی خۆیان چالاکییان هەیە و بەستەرێکی سەرەکی خەباتی مەدەنی کۆمەڵگان. دەبێ ڕاسانیش ئەو بەستەرانە لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە. تەنانەت ناڕازییانی کۆمەڵگاش بەهەر هۆکارێک بن دەبێ هەم ئۆرگانیزە بکرێن و هەمیش ڕابەری بکرێن، بە ڕای من ئەو ناڕازییانە پۆتانسییەلی سەرەکی خەباتن بۆیە دەبێ گرنگیان پێ بدرێ. پێناسەی من لە ڕاسان ئەوەیە کە زۆرینەی دینامیزمی سیاسی-کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان بەکاربێنین. ئێمە وەک حیزبە سیاسییەکانی کوردستان تا ئێستا لەو هێزە ناڕازی و پۆتانسییەلەی لە ناوخۆدا هەبووە خافڵ بووینە. لێرەدایە کە ڕاسان دەبێ گرێدانی هەردوو بەستەری هێزی جەماوەر و بەستەری هێزی سیاسی خاوەن ستراتیژ بێ.

لەبارەی سەرنجی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سەبارەت بە خەباتی چەکداری کە ئەوان بە زەربە بۆسەر خەباتی مەدەنی دەیبینن، من تەنها لە نیگەرانی و ترسی ئەوانی دەبینم کە پێیانوایە لە داهاتوودا کورد فاکتەرێکی بەهێزی گۆڕەپانی سیاسی ئێران دەبێ. ئەوەش هەمان ئەو نیگەرانییەیە کە لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە هەبووە و هەیە. هەرچەندە لەهیچ گەڵاڵەیەکی جیهانی و نێونەتەوەییدا خەباتی چەکداری دژایەتییەکی لەگەڵ دێموکڕاسیدا نییە. لەڕاستیشدا پێشمەرگە تەنها سیمبوولی خەباتی چەکداری نییە، بەڵکوو هێمای ئازادی و دێموکڕاسییە، هێمای کۆمەڵی مەدەنییە، هێمای خەباتی خوێندکاری و یەکسانی ژن و پیاوە، هێمای دادپەروەری و خۆش بژێوییە. چوونکە پێشمەرگە ئاڵاهەڵگری هاتنەدی ئازادی و دێموکڕاسی و دادپەروەرییە، هیچ کۆمەڵگایەکی دێموکرات و ئازادیش بەدەر لەوانە نییە.

لەبەشێکی دیکەی بۆچوونەکانیدا جەختی کردەوە کە ڕاسان ڕووی لە بەستەرێکی دیاریکراوە و لەگەڵ هیچ ڕەوت و خەباتێک لەهیچ شوێنێکی جیهان بەراورد ناکرێت. ئاماژەشی بەوە کرد کە ڕاسان درێژەی سیاسەتی نەتەوەیی حیزبی دێموکڕاتە و پێویست ناکا گومان لە کوردیی بوون یان نانەتەوەیی بوونی سیاسەتەکەی بکەین. ئەوە کە هێزە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نایەنە بەرەی پشتیوانی لە ڕاسان باسێکی تایبەتییە و زۆرتر پەیوەستە بە کێشە ناوخۆییەکان و لێکجودابوونەوەکان.

ئەگەرنا پێموانییە ئەوانیش لە ناوەڕۆکدا لەسەر ئەو شێوەیە لە خەبات کێشەیەکیان هەبێت. بۆیە لە ئێستادا بە ئەرکی هەموو حیزبەکانی دەزانم کە دەبێ هەموو توانای خۆیان لە پێناو چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بخەنە گەڕ و دوای قۆناخی ڕزگاری پایەکانی دیکەی کۆمەڵگا وەک کۆمەڵی مەدەنی، ژنان و کرێکاران و ئازادی و دێموکڕاسی کاری بۆ بکەین و لەڕێگەی بەدامەزراوەیی کردنەوە بناغەیان بۆ دابڕێژین تا ئامانجەکانمان بێنێتە دی.

بەڕێز دەستپیش وەڵام و سەرنجەکانی خۆی بەو شێوەیە دەربڕی:

سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بەر لە ڕاسانی دێموکڕات وتی کەلە قەیرانێکی زۆر گەورەدابوو، یەکەم، ئاسیمیلاسیۆن لەوپەڕی خۆیدا بوو و دەسەڵاتی حاکم کۆمەڵگای بە ئاراستەیەکدا بردبوو کە هێز و ئیرادەی لە تاک ستاندبۆوە. هەروەها دووەم خاڵی جێگای سەرەنج ئەوەبوو کە سیستەمی سیاسی لە ئێران وایکردبوو کە هەموو کردەوە و بۆچوونەکانیان بەو ئاراستەیە دەڕۆیشتن کە مەفهومی تەغیر و ڕیفۆرم بکاتە تەنها بابەتێکی جێی مشتومڕ و تەنانەت وایکردبوو کە ئەو بابەتە بخزێنێتە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردەوە. خاڵێکی تر ئەو بۆشایی و مەوداییە بوو کە هەم هێزە کوردیەکان لەگەڵ کۆمەڵگا بۆیان پێشهات و هەمیش کۆمەڵگا لەئاستی گوتاری مەدەنی و سیاسی خۆیدا دووچاری شکست هاتبوو و توانای خۆ پێناسەکردنی نەمابوو. ئەو سێ هۆکارە وایان کرد کە زەرورەتی سەرهەڵدانی ڕاسان بێتە کایەوە و ئەویش لە ئاستی خۆیدا ئەگەر نەشیتوانیبێ بە پێی پێویست بەناو کۆمەڵگادا ڕۆبچێ ئەوا توانی ستۆپێک بداتە ئەو ئەجێندا و پیلانانەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کە لەوە زیاتر نەتوانێ ئاراستەی کۆمەڵگا بە مەیلی سیاسەتەکانی خۆی بەڕێوە ببات. سەبارەت بە فەلسەفەی ڕاسان پێیوابوو کە بەر لەوەی ڕاسان باس بێ لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، یان هێزی ڕزگاریدەری کوردستان، بریتییە لە ئیرادەیەک کە دوای وەستانێکی زۆر و وچانێکی درێژ توانی خوێندنەوەیەک بۆ بە جوڵەخستنەوەی خۆی بکات و خۆی کارا بکاتەوە. جوڵەیەک کە ئاوڕدانەوە بوو لە پانتاییەکانی کۆمەڵگاکەی. ئەوەش کە چ گوتار و ستراتیژێک هەڵدەگرێ باسێکی ترە.

لەبارەی گرێدانی خەباتی شاخ و شار پێیوابوو کە ئەوانە دوو مەفهومی سیمبولیکن کە نوێنەرایەتی ستراتیژێک دەکەن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگا. شاخ نوێنەرایەتی مێژوو دەکات کە چەندین داستان و چیرۆک و ئەفسانەی لەسەرە کە لەڕاستیدا کۆمەڵگاکەت پێی ئاشنایە. دووهەم مەفهومی شارە نەک بە مەفهومە مەکانییەکەی، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پانتاییە لە کۆمەڵگا کە ئاڵوگۆری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و شێوەی بیرکردنەوە و ئاستی تێگەیشتنی تاکدا پێکهێناوە. لێرەدایە کە دەبێ توانا ووزەکانی نێو ئەو پانتاییە فیکرییە بێنینە نێو بازنەی خەباتەکە و دوولایەنە یەکتر تەکمیل بکەن.