کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێادێک بۆ شەهیدان د.سولەیمان چروکایە و شەهید ڕەسوڵ محەممەد زادە لە وڵاتی سوئیس بەڕێوە چوو

17:44 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدان د.سولەیمان چروکایه و شەهید ڕەسوڵ محەممەد زادە لە شاری زوریخی وڵاتی سوئیس کۆڕیادێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە وڵاتی سوئیس کۆڕیادێک بۆ هەردوو شەهید دوکتور سولەیمان چروکایه و شەهید ڕەسوڵ محەممەد زادە لە لایەن ڕێکخراوی کۆمکار و بنەماڵەی شەهید دوکتور سولەیمان و پارتی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆڕەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بی دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان د. فەوزی قەدوور نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوئیس لە پەیڤێکی کورتدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

پاشان کامران ڕەسوڵی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئیس وتارێکی پێشکەش به بەشداران کرد، ڕەسوڵی لە دەستپێکی قسەکانیدا وێڕای دەست خۆشی لە ڕێکخەرانی ئەو کۆڕیادە و لە پێوەندی لەگەڵ هەردوو شەهید گوتی: شەهید دوکتور سولەیمان چروکایه و شەهید ڕەسوڵ محەممەد زادە کەسانێک بوون کە بە شەهیدبوونی خۆیان مێژوویەکی نوێیان بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتوو نووسیەوە، ئەوان کەسانێک بوون کە بە تەقاندنەوەی مین بە خۆیاندا هێڵی سنوورە دەستکردەکانی مێژوویان لە ناو کورددا سڕییەوە، بۆیە نەوەکانی داهاتوو و مێژووی بزاڤی ڕزگایخوازیی کورد بە شانازییەوە لە داهاتوو ناویان دەبات و قوربانیدان لە پێناو سەروەرییەکانی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان یەک لە خاڵە پڕشنگدارەکانی مێژووی حدکاـیە و شەهید بوونی کاک ڕەسوڵ و دەیان تێکۆشەری دیکەی حیزبەکەمان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

ڕەسوڵی لە درێژەی قسەکانی گوتی: وەک هەمووان ئاگادارن لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان نزیک ئەبینەوە، پێشمەرگە و ئاڵا دوو لە هێما نەتەویی و دەستکەوتە هەرە بەنرخەکانی کۆماری کوردستانن کە بۆ ئێمەی کورد بەجێ ماوەن و بەشی زۆری قوربانییەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ماوەی حەوت دەیەی ڕابردوودا بۆ شەکاوە ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کورد بووە. وەک دەزانن لە ماوەی ٧١ ساڵی ڕابردوو تا بە ئیمڕۆ سەرەڕای پیلانی زۆر هیچ هێز و ناوێک نەیتوانیوە خۆی وەک ئالتەرناتیڤ بۆ ناوی پێشمەرگە دیاری بکات، بۆیە هەر جۆرە سوکایەتییەک بە ئاڵا و پێشمەرگە لە لایەن هەر هێز و لایەنیک تەنیا خزمەت بە دوژمنانی کورد دەکات و دەچێتە خانەی خیانەتی نەتەوەییەوە.

ڕەسوڵی لە پێوەندی لە گەڵ دۆخی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات گوتی : لە نەورۆزی ئەمساڵدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتێکی فرە ڕەهەند و هەمە لایەنەی لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێکردەوە، ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هەر دەم بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت لە باشووری کوردستان نرخی قورسمان داوە و باشترین و بەوەجترین ڕۆڵەکانمان لەو پێناوەدا لە دەست داوە، بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات دڵنیاین تا دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باشوووری کوردستان و ناوچەکە کورت نەکرێت و پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەگیردرێت، کورد بە گشتی و کوردستانی باشوور و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ڕۆژێکی ئارام بە خۆیانەوە نابینن، بۆیە لێرە دایە کە داوا لە هەموو نووسەران، شاعیران، هۆنەرمەندان و هەموو هێز و لایەنه سیاسی و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان و هەموو گەلی کورد دەکەین کە پشتیوانی لە ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن.

لە برگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا لە لایەن بنەماڵەی دوکتور سولەمان وتارێک پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە کۆتایی کۆڕیادەکەدا ژیاننامەی هەر دوو شەهید لە ڕێگای پرۆژۆکتۆر بە فیلم نیشان دران.