کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی عەرەبی، گەمییە چەکهەڵگرەکانی ئێران لە یەمەنیان بۆردومان کرد

21:36 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە ڕێبەریی عەرەبستانی سعوودی، گەمییە چەکهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران، کە چەکوچۆڵیان بۆ میلیشیا حووسییەکانی یەمەن قاچاخ دەکرد، لە کەنارئاوەکانی المخاء و ناوچەی ذوباب لە ڕۆژئاوای پارێزگای تعز لە باکووری گەرووی باب المندب کردە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی العربیە، شاهێدە باوەڕپێکراوەکان لە شوێنی ڕووداوەکە، گوتوویانە کە؛ فڕۆکە شەڕکەرەکان، گەمییەکانیان بۆردومان کردووە. ئەم هێرشە بووەتە هۆی تەقینەوەگەلێک کە دەنگی لە مەودای دووریشەوە بیستراوە. پاش ئەم تەقینەوانە، نێڵەی ئاگری گەمییەکان بەرز بۆتەوە.

ڕێژیمی ئێران بە ناردنی قاچاخی چەکوچۆڵ و کەرەستەی تەقینەوە بۆ بەکرێگیراوانی خۆی و تێرۆریستەکان لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچە و جیهان، لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا، هەردەم یەکێک لە گەروەترین هەڕەشەکان لە دژی ئاشتیی و سەقامگیریی جیهانی و گەورەترین هۆکاری ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە.

یەمەن لەو چەند ساڵەی دواییدا بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی ئاژاوەگێڕیی کۆماری ئیسلامی و شەڕی بە وەکالەتی بەکرێگیراوانی حووسی لە دژی خەڵکی ئەم وڵاتە و دراوسێ باشوورییەکانی ئێران وەکوو عەرەبستانی سعوودی.