کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەدا: ئێران، ئێران و ئێران

21:46 - 15 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: وەزیری پێشنیار کراوی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا ڕێژیمی ئێرانی وەکوو سەرەکیترین هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکە ناوزەد کردووە.

جێرووزالم پۆست لە ڕاپۆرتێکدا هێناویە: جێیمز مەتیس، وەزیری پێشنیارکراوی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا سەبارەت بە گرینگترین نیگەرانییەکانی گوتوویە کە؛ سێ هێزی سەرەکی، ڕێگری سەرەکیین لە بەرانبەر سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا: ئێران، ئێران و ئێران.

بەپێی نووسراوی جێرووزالم پۆست، مەتیس نیگەرانیی خۆی لە کردەوەکانی سپای پاسداران لە ناوچەدا بەم چەشنە باس دەکات: هەموو بەیانییەک کە لە خەو ڕادەبم، گرینگترین پەرۆشیی من چۆنیەتیی ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەگەڵ کردەوەکانی حکوومەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

هەروەها دێیڤید پێترائوس، بەربژێری بەدەستەوەگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە دەوڵەتی ترامپدا، گوتوویەتی کە؛ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کردەوە شەرئەنگێزانەکانی حکوومەتی ئێران لە سووریە، عێراق و یەمەن لە گرینگترین بەرنامەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ دەبن.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی الاهرامی وڵاتی میسر، لە ڕاپۆرتێکدا تاوتوێی سێناریۆ شیمانەییەکانی دەوڵەتی ئامریکا پاش هاتنەسەر کاری دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری نوێی ئامریکا، بەرانبەر ڕێژیمی ئێرانی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکەم هەنگاو، هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی دەبێت کە بە لێکدانەوەی ئەو ڕۆژنامەیە، بەو هەنگاوە، ئاواتەکانی حکوومەتی ئێران بە با دەچێت.

ئەم ڕۆژنامەیە، لە درێژەدا وێڕای ئاماژەدان بە دووهەمین هەنگاوی دەوڵەتی ترامپ لە دژی حکوومەتی ئێران، دەنووسێت؛ ئامریکا لە دووهەمین هەنگاودا بە توندتر کردنەوەی گەمارۆکان، هەوڵی لاواز کردنی ڕێژیمی ئێران دەدات.

لە هەنگاوی سێهەمدا خەزانەداریی ئامریکا، غەرامە و گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو کۆمپانییە بیانییانەی کە لەگەڵ کۆمپانییە پەیوەندیدارەکان بە سپای پاسداران هاوکاری دەکەن.

ئامریکا لە چوارەمین هەنگاودا هەوڵ دەدات بە هۆکاری دیکەی وەکوو پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، پشتگیری کردنی تێرۆریسم و پەرەپێدانی مووشەکە بالستیکەکان، گەمارۆکان توندتر بکاتەوە.

الاهرام، دوایین هەنگاوی ترامپ لەدژی حکوومەتی ئێڕانی بە پشتگیری کردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی ڕێژیم ناوزەد کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە؛ ئەم هەوڵە تا کاتی ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێستای ئێران بەردەوام دەبێت.