• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٣ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

خوێن‌جمانی ڕۆژهەڵات لە شاڕەگی "ڕاسان"ـەوە

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/١٦ - ١٠:١٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
خوێن‌جمانی ڕۆژهەڵات لە شاڕەگی
مەنسوور عەزیزی

"ڕاسان" ئەو وشەیە کە لە ئاکامی بڕیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ چوونەوە نێو خەڵکی خۆی، بەستەڵەکێکی پڕ پاڵەپەستۆی شکاند و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لەو "شەوەیە" دەرهێنا و شۆکێکی لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا پێکهێنا.

ئەم بڕیارە دواتر لە لایەن خەڵکەوە بە "ڕاسان" ناوی دەرکرد و بووە هێمای گەڕانەوەی دووبارەی متمانە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات.

"ڕاسان" و "ڕاس بوونەوە" واتە دەست بەرزکردنەوە بۆ لێدان، ژێستی لێدان لە شتێک بەخۆوە گرتن، واتە ڕاسبوونەوە، هەڵسانەوە، دوای کەوتن ڕاسبوونەوە لەسەر پێ، لە نەخۆشی چابوون. (هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژار، لاپەڕەی ٣٤٠)

باسێک کە من دەمهەوێ لە دووتوێی ئەم بابەتەدا لە سەری بدوێم، بڕیاری ڕێبەریی حیزبی دێموکراتە بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەی ڕاسان و کاریگەریی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر سەرجەم جمگە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. لەسەر ئەم باسە بیروڕای جودا هەن و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ کە نزیک بە دوو ساڵ لەو بڕیارە تێپەڕێوە، هەن کەسانێک، یان ئەو لایەنانەی کە هەوڵیان ئەوەیە لە ڕەدی ئەو بڕیارەدا بدوێن یان هەڵوێست بگرن. بەڵام ئایا چەندە ئەو بڕیارە کردەییە و چەند کاریگەریی هەیە لەسەر گشتییەتی پرۆسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، ئەو پرسیارانەن کە گرنگە هەموومان ـ چ ڕازییەکان و چ ناڕازەییەکان ـ لە خۆمانی بکەین و بە دوای وەڵامی دروستدا بگەڕێین. ئەو بڕیارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ. جگە لەوەی کە هەر لە سەرەتاوە باس هەڵگر بووە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا زۆر پەرتووکی لەسەر دەنووسرێ و شیکاریی زانستی و سیاسیی لەسەر دەکرێ. من ئارەزەوو دەکەم کە زۆر کەسی دیکە، چ ئەوانەی دژی ئەو جووڵەیەی حیزبی دێموکراتن و چ ئەوانەی کە لەگەڵین، ڕای خۆیان بڵێن و شیکاریی ڕاوبۆچوونی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتر بێتە کایە و شێوە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی دروست ببێ لە نێو هەموو تێکۆشەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لەم بابەتەدا من لە خانەی ڕیزبەندێکدا قۆناغی ڕووداوەکانی باشووری کوردستان و پێوەندییان بە ڕۆژهەڵاتەوە باس دەکەم و هەوڵ دەدەم لە چەند بەشدا ئاکام لە باسەکەم بگرم.

بەشی یەکەم:

باشووری کوردستان:


لە پاش شۆڕشی باشووری کوردستان لە دژی ڕێژیمی بەعسی عێراق و دابەزینی هێزە کوردییەکانی ئەو بەشە بۆ نێو شارەکان و گرتنە دەستی دەسەڵات، چەند فازی نوێتر لە ژیانی سیاسیی ئەواندا دەست پێدەکات.

بە حوکمی ئەوەی کە خەڵک بەڕێوەی دەبەن و پێویستە وەڵامدەری پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خەڵک بن، ڕۆڵیان دەگۆڕێ و لە حیزبی شۆڕشگێڕەوە، دەبنە حیزبی بەڕێوەبەری دەسەڵات.

لێرەدایە کە لە پێوەندی لەگەڵ دەرودراوسێکانیشیاندا ڕۆڵیان دەگۆڕێ و هەندێک جار لە دژایەتیدان و هەندێک جاریش تەبان لە گەڵیان و ساتوسەودای بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لە نێوان ئەوان و دراوسێکانیاندا دەست پێدەکات.

پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە باشوور، ئەوە ڕوونە لە لای هەمووان کە ئەو بەشە لە کوردستان لە قۆناغێکی دیکەدایە و بێگومان شۆڕشی ئێمەش، بە حوکمی بوونی پێوەندیی لەمێژینە لە نیوان پارتەکانی باشووری کوردستان و ڕێژیمی ئێران، چاوەڕوانیی ئەوەی لێکراوە بکەوێتەوە بارودۆخێکی تایبەتەوە.

بارودۆخی تایبەت:

١. ڕێژیمی ئێران فۆرمی پێوەندییەکانی لەگەڵ باشووری کوردستان دەگۆڕێ و کاراکتێری نوێی سیاسی دروست دەبێ.

بۆ نموونە: ئەگەر لە پێش شۆڕشی ساڵی ١٩٩١ی زایینی، ئەو ڕێژیمە نەیدەتوانی پێیەک بە دیوی باشووری کودستاندا بنێ، لە پاش شۆڕشی باشوور ئیدی دەیتوانی ئازادانە بێتە نێو باشووری کوردستان یان بە قەولی خۆیان باکووری عێراق و لەوێ بە دوای بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆیدا بگەڕێ و هەوڵ بدات زەمینە بۆ ئەوە ساز بکات کە هێڵی گەیشتن بە قودس وردە وردە پێکبێنێ و" دۆمین" ێکی نوێ داڕێژێ.

٢. خەڵکی باشووری کوردستان لە بواری ئابوورییەوە لاواز بوون .

٣. حیزبەکانی باشووری کوردستان ئەودەم لە دەسەڵاتدارەتیدا تەواو نوێ بوون، ڕاست وەک خەڵکی ئەو بەشە لە کوردستان و لە ڕاستیدا کورد یەکەم جار بوو لەو ئاستەدا بکەوێتە نێو پرسی قووڵی دەسەڵاتدارەتی و سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێوەندیشیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هۆی جەنگی دژی دەسەڵاتی بەعس و هاوسنوور بوون، لە ئاستێکی بەریندا بوو.

٤. دیپلۆماسیی کورد لەو سەردمەدا بە هۆی ئەوەی کە هێشتا لە سێبەری ڕووداوە جیهانی و ناوچەییەکاندا بووە، نەیتوانیوە متەقی لێوە بێ و هەڵواسراوی ڕووداوەکانی دەوروبەری بووە و سەربەخۆ نەبووە.
ئاکام گرتن لە بەشی یەکەمی باسەکەمان.

بە پێی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باس کران و لە دەرەوەی بازنەی سۆزن و زیاتر ئاوەزمەندانەن، وەڵامدانەوەی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە داوای حیزبەکانی باشووری کوردستان ـ لەو کاتەداـ بۆ ڕاوەستاندنی خەباتی چەکداری لە دیوی ڕۆژهەڵات لە دژی ڕێژیمی ئێران، وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی بووە و جگە لەوەش تێگەیشتنێکی ڕوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بووە بۆ ئەو بارودۆخەی کە هاتووەتە پێش و هاوکاتبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی بووە لە لایەن ئەوانەوە، بەو مانایە کە ئەگەر باشووری کوردستان پێ‌بگرێ و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە جێگە پێی خۆی بکاتەوە، دەتوانێ سەکۆیەکی بەهێز بێ بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی خۆی لە پارچەکانی دیکەش. وەک دەزانین لەگەڵ ئەوەی کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت حیزبی دێموکرات، ڕەچاوی بارودۆخی پێشهاتووی کرد و بەهانەی لەدەستی کۆماری ئیسلامی نەهێشتەوە بۆ ئاڵۆزکردنی باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی هێرشی تێرۆریستیی خۆی بۆ سەر ئەو حیزبانە بە تایبەت حیزبی دێموکرات لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستان هەر درێژە دا و لە ئاکامی ئەوەشدا سەدان کەس لە تێکۆشەرانی کوردی لەو ماوەیەدا لە باشوور، شەهید کرد. بە هەموو ئەو پاوانخوازییانەی کۆماری ئیسلامیشەوە، لە ڕەهەندی ستراتیژیی نەتەوەییەوە گەر چاو لەو بابەتە بکەین، دەبینین کورد ـ بە باشوور و ڕۆژهەڵاتییەوە_ توانی سەربکەوێ بە سەر پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیدا و باشووری کوردستان لە ئێستادا گەیشتووە بە ئاستێکی بەرزی سیاسی و دیپلۆماسی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

بەشی دووەم:

ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا


لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ی زاینییەوە، بە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، ئەمجار ڕێژیمی ئێران نفوزی خۆی لە عێراق بەهێزتر کرد و بە کردەوە هەموو باشووری وڵاتی عێراقی خستە کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. ئەو حیزبە شیعە عەرەبییانەی کە ساڵانێکی زۆر بەشێک بوونە لە سیستمی ستراتیژیی ڕێژیمی ئێران بۆ داگیرکردنی عێراق و لە ڕاستیدا وەک باسکی سیاسی و سەربازیی ئیتلاعاتی ئێران و سپای پاسداران کاریان دەکرد، هاتنە دەسەڵاتەوە و دەستیان گرت بە سەر نەوت و گاز و خاک و خەڵکی عێراقدا و سێبەریان کێشا بەسەر ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکەدا.

لە ئێستادا ئیدی ڕێژیمی ئێران جۆگەلە سیاسییەکانی خۆی بەرەو عێراق وەگەڕ خستووە و بە کردەوە هەوڵی ئەوە دەدا عێراق بکاتە بەشێک لە ئێران و بۆ ئەو کارەش چەند هەوڵی بنەڕەتیی هەیە:

١. لە ڕێی بیروباوەڕی ئاینییەوە کولتوورێکی نوێتر و بەربڵاوتر دروست بکات لە سایکۆلۆژیی خەڵکی عێراقدا و وا هەست بکەن کە بەشێکن لە ئێران و ئەوان لە خۆیاندا بتوێنێتەوە.

٢. لە بواری سەربازییەوە هەوڵ بدات کە کۆمەڵێک جمگی سەربازیی تایبەت بە سپای پاسداران پێکبێنێ و هەر لە ڕێی پارلمانی عێراقەوە یاسامەندیان بکات وەک ئەوەی کە لە سەر حەشدی شەعبی لە پارلمانی عێراقدا دەنگی پێدرا و بە فەرمی ناساندیان.

٣. هەوڵی تەواوی ئەو ڕێژیمە بۆ تێکدانی دێموگرافیی عێراق و تێکدان و لەنێوبردنی شار و گوند و جێگە و ڕێگەی سوننەکانی عێراق و ئەمن ڕاگرتنی شارە شیعە نشینەکان و ئاوەدانکردنەوەیان و پەرەدان بە دروستبوونی هەژموونی شیعە لە ناوچە سوننەنشینەکان. واتە لە درێژماوەدا ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات خەڵکی عەرەبی سوننە بەرەو مەزهەبی شیعە بڕۆن و ئەمەش دەتوانێ جێگە پێی ئەو بەهێزتر بکات.

٤. گوشاری زۆر بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وردە وردە بچێتە ژێر هەژموونی شیعە لە عێراق و لە ئاکامدا دەستەمۆکردنی بزووتنەوەی کورد لە باشوور.

٥. هەوڵە سەرەکییەکە ئەوەیە کە بە تەواوی عێراق بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ و خاک و خەڵک و فەرهەنگ و زمان و ئابوورییەکەی بکاتە بەشێک لە خۆی.
ئاکام تا ئێرە:

ڕێژیمی ئێران و هەژموونیی ئەو ڕێژیمە، دەتوانێ وەک ئاوێکی ڕژاو بگاتە بن پێیەکانی ئێمەش وەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە باشوور نیشتەجێین و ئەگەر وریا نەبین، بە دڵنیاییەوە کڵاشەکانمان تەڕ دەبن.

ئەوە حاشاهەڵنەگرە و نابێ دەست لە سەر دەست دانیشین و ڕۆڵی سەرەکیی خۆمان وەک حیزبی شۆڕشگێر و خودان خەڵک، لەدەست بدەین. دوژمن شەو و ڕۆژ پیلان دادەڕێژێ و ئێمەش دەبێ خاوەن پلانی خۆمان بین.

باشووری کوردستان لە ئێستادا و بارودۆخی پارچەکانی دیکە:

١.کورد لە باشوور لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزدا ڕۆڵ دەگێڕێ و خاوەن ئابووری و دیپلۆماسیی خۆیەتی و وەک لایەنێک کە ڕاستەوخۆ لە نێو کایەکاندایە ڕۆڵ دەگێڕێ نەک وەک کارتێک کە بەکاری بهێنن.

٢.نەوتی کوردستان گەیشتۆتە بازاڕە نێونەتەوەییەکان و وا بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٧ی زاینیشدا گازی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بچێتە نێو کایەی بۆرسە نێودەوڵەتییەکانەوە و ئەمەش وا دەکات باشووری کوردستان زیاتر قورسایی هەبێ و شەریکی زۆرتر بۆ خۆی ببینێتەوە.

٣. کورد لە بواری سەربازییەوە ، هێزی سەربازیی خۆی تاقیکردەوە و سپای کوردستان شەڕی جبهەیشی لە دژی یەکێک لە دڕندەترین سپاکان(داعش) لە مێژووی کۆن و نوێی مرۆڤایەتیدا، ئەزموون کرد و لەو شەڕەشدا سەرکەوتوو دەرکەوت.

٤. بارودۆخی کورد لە ناوچەکە گۆڕاوە و ڕووداوەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە داهاتوویەکی باش چاوەڕوانی کوردە.

جوڵەی ئێمە و بەرژەوەندییەکانی باشوور:

ئەو لایەنانە، یان ئەو کەسانەی دەڵێن کاتی چوونەوە نێو خەڵک نەهاتووە، بەهانەیان ئەوەیە کە نابێ ئارامیی خەڵکی خانەخوێ واتە باشووری کوردستان، تێکبدەین. بەڵام ئایا بە ڕاستی بوونی ئێمە لە نێو خەڵکی خۆمان ئاسایشی باشوور تێکدەدات یان بە قازانجیانە؟

بە چەند هۆکار من پێموایە ئەو ڕوانگەیەی ئەوانە هەڵەیە، لەبەر ئەوەی کە:

١. لە ئێستادا کە ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات حاڵەتی هێرشبەرانە لە سەر باشوور بکاتە ژێستێک بۆ ئەوەی کوردەکان لەو بەشە لە کوردستان، تەسلیمی ویستەکانی بەغدا بن و لە قسەی ئەوان دەرنەچن، دەنا لە بواری ئابوورییەوە تووشی کارەساتیان دەکات، یان ئەوەی لە بواری سەربازییەوە لە مۆرەکانیان دەدات، یان ئەوەی لە نێوخۆی کوردەکانی باشووردا دژبەریان بۆ دروست دەکات، بوونی ئێمە لە سنوورەکان و لە نیوخەڵکی خۆمان، کۆماری ئیسلامی تووشی پاشەکشە دەکات لە بەرانبەر باشوور و ئەودەم دەزانێ کە دەست خستنە نێو باشووری کوردستان لە ئاکامدا بە زیانی دەکەوێتەوە.

٢. لە ئەگەری بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەدا لە نێو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەردەم کۆماری ئیسلامی داوایەکی هەیە کە ئاراستەی دەسەڵاتی باشووری کوردستانی بکات و لە ڕاستیدا پێوەندییەکانی لە هەڕەشەکردنەوە دەگۆڕدرێ بۆ داواکردن.

٣. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات ئەودەم بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی باشوور ڕابکێشی ـ لە بەر ئەوەی زیانە ستراتیژییەکە نەکات ـ دەرگە ئابوورییەکان زیاتر بەسەر باشووردا بکاتەوە و ئەمەش دیسان بە قازانجی خەڵکی باشوورە.

٤. ڕێژیمی ئێران بە بوونی ئەو بارودۆخە نێودەوڵەتییە و ئەو نفووزەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهاندا هەیەتی، ناتوانێ کەمەربەندی ئیمەنی بە دەوری باشووردا بتەنێ و لە ڕاستیدا ئەوان ـ ڕێژیمی ئێران ـ باش دەزانن کە هەولێر ئیستا زیاتر لە تاران لە نێو کایە نێودەوڵەتییە سیاسی و سەربازییەکاندایە.

٥. هەروەک چۆن بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژئاوا لە قاڵبی ستراتیژیدا پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ دۆزی کورد لە باشوور، بوونی جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات، وەزنەی باشووری کوردستان قورستر دەکات نەک سووکتر. واتە تاران لە کاتی ئێستادا بە بوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، زیاتر ڕێز لە باشووری کوردستان دەگرێ و پێویستیی زیاتری پێی دەبێ.

پشتی جبهە:

هەندێک جار، چەند کەسێک لە بەرپرسانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وێڕای ئەوەی کە هەوڵ دەدەن بە باسکردنی ئەو خاڵەی کە ئێمە دەبێ ئاسایشی باشوور بپارێزین و بەهانە نەدەین بە کۆماری ئیسلامی، خاڵێکی دیکە وەک بەهانە دێننەوە و ئەویش ئەوەیە کە دەڵێن: بەکام پشتی جبهەوە ئەو خەباتە دەست پێدەکەینەوە؟

یەکەم ئەوەی دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کە هەروەک چۆن بارودۆخە سیاسی و سەربازییەکان لە قاڵبی کلاسیکیی خۆیاندا گۆڕاون، ئاوەهاش بابەتی پشتی جبهە ئاڵۆگۆڕی بەسەردا هاتووە. پێش لە هەموو شتێک خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵات بەو ئاستە لە ڕۆشنبیری و تێگەیشتوویی گەیشتوون کە ببنە پشتی جبهەی جووڵەکانی ئێمە و لە ڕاستیدا ئەوان سەرەکیترین پاڵپشت و هاوکاری پێشمەرگەن.

دووەم ئەوەی کە پێویستیی کورد بۆ سەرکەوتنی ئەو بەشەی کە خۆی تێیدا دەژی، لە خودی خۆیدا پێویستیی بەوە هەیە پاڵپشتیی دۆزی کورد لە پارچەیەکی دیکە بکات و هەوڵ بدات ئەو کەمەربەندە ئەمنییەتییە دروست بکات، تەنانەت گەر لە بەر مانەوەی خۆشی بووە.

سێهەم ئەوەی کە لە بەرانبەر ڕێژیمێکی وەک ڕێژیمی ئێراندا کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا وەک ڕێژیمێکی بێزراو چاوی لێدەکرێ و بە باشی وەری ناگرن، جووڵەی کورد لە ڕۆژهەڵات درەنگ یان زوو لە لایەن کۆمەڵگەی نیودەوڵەتییەوە بەهەند وەردەگیرێ و دەستکەوتی گەورەتری دەبێ، بابەتەکە تەنیا بەستراوەتەوە بە کاتەوە و بەس.

ئاکام:

پێش هەر شتێک ئەوە دەبێ ڕوون بێ کە ئێمە وەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی و نەتەوەییمان لەسەرە و ئەو ئەرکەمان خۆمان بە کۆڵ کێشاوە و ڕامانگەیاندووە کە ڕێبەریی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد دەکەین لە ڕۆژهەڵات، کەواتە پێویستە بە ئەرکی خۆمان هەستین و بەهانەی جیاجیا نەهێنینەوە بۆ پاسیڤ بوونمان.

پاشان ئەبێ بزانین کە ئەو قۆناغە، واتە ئەو بیست ساڵەی پێیدا تێپەڕین، ئیستا ئیدی بەسەرچووە و نەوەی نوێی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات، پێویستی بە بەرنامە و پلانی نوێتر هەیە بۆ ڕێبەری کردنیان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بە دڵنیاییەوە جەوهەری ویستی حیزبەکانی باشووریش کە ڕووی لە ئێمەیە، ئەوەیە کە بچین بە دوای ویستەکانی خۆماندا و ئیدی ئەوان ناچارمان ناکەن خەباتەکەمان ڕاوەستێنین و لە ڕاستیشدا پێویستیی ڕاوەستانی ئەو خەباتە، نەماوە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات لەو دوو ساڵەدا پێشوازییەکی بەرینی لێکراوە لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە و دەلاقەیەکی نوێی کردەوە بۆ تێڕوانینە سیاسییەکان و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، هەموو لایەک شیکاریی نوێ بکەن بۆ ئەو ڕاسانە و بەبێ دەمارگرژی و لە خانەی ڕاستبینیی زانستیدا ئەو هەنگاوە بە کردەوەیە بەهێزتر بکەن و لە ئاکامدا ڕاسان ببێ بە پلانی هەمووان و پێکەوە دەوڵەمەندتری بکەن و بەرەو پێشەوەی ببەن لە پێناو ویستە ڕەواکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک