• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٤ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

کاتێک سەرۆکی هێزی دادوەری گەندەڵ بێت!

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/١٦ - ١٠:٤٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کاتێک سەرۆکی هێزی دادوەری گەندەڵ بێت!
شەماڵ تەرغیبی

بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی (فەسڵی ١١، ئەسڵی ١٥٦)، هێزی دادوەری هێزێکی سەربەخۆیە کە پشتیوانی لە مافی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەکات و بەرپرسی وەدیهێنانی "یەکسانی و عەداڵەت"ە و ئەم ئەرکانەی لە ئەستۆیە:

١.تاوتوێ کردن و دەرکردنی حوکم لەپێوەندی لەگەڵ دەستدرێژییەکان، سکاڵاکان، زوڵم و زۆرییەکان.

٢.زیندووکردنەوەی مافە گشتییەکان و پەرەدان بە دادپەروەری و ئازادییەکان.

٣.چاودێری کردن بەسەر شێوازی بەڕێوەجوونی یاساکان.

٤.دۆزینەوەی تاوان و سزادانی کەسانی تاوانبار.

بەواتایەکی ڕوونتر، لەنێوئاخنی ئەم یاسادا و بەپێی لق و پۆپەکانی یاسای ئاماژەبۆکراو، ئەرکی خەبات لەدژی گەندەڵییەکان و یەک لەوان گەندەڵییە ماڵییەکان وەکوو یەکێک لە تاوانەکان دەکەوێتە ئەستۆی هێزی دادوەری، کە لە ڕێگەی "دەزگای بازڕەسیی گشتیی وڵات"ەوە ئەنجام دەدرێت؛ بەڵام ئەگەر سەرۆکی ئەم هێزە (کە بەدەستنیشانکراوی خودی وەلی فەقیهە) بۆ خۆی یەکێک لە گەندەڵکاران بێت و لە ڕێگەی بەرپرسایەتیەکەیەوە سەرقاڵی گەندەڵی واتە "ئیختلاس" بێت، چ ڕوو دەدات؟

"مەحموود سادقی"، نوێنەری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز لە نامەیەکدا بۆ سادقی ئامۆلیی لاریجانی (سەرۆکی هێزی دادوەری) باسی لە گەندەڵییە ماڵییەکانی ناوبراو کرد و داوای لێکردبوو کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر حیسابە شەخسییەکانی بخاتەڕوو. ئەم پرسە هەڵڵایەکی نوێی لە ئێراندا نایەوە و هێمای پرسیارێکی گەورەتری خستە سەر سیستمی دادوەریی ئێران کە پێشتریش کۆمەڵێک گومان لەمەڕ گەندەڵیی ماڵی و ئیداریی لەسەر بوو.

بەپێی ئەم لەقاودانەی مەحموود سادقی، سادقی لاریجانی خاوەنی ٦٣ حیسابی بانکی لە بانکی "ملی"یە، کە بڕی ١٠٠٠ میلیارد تمەن پارەی تێدایە؛ ئەم پارە بریتییە لە داهاتەکانی هێزی دادوەری کە لە ئەنجامی سکاڵا حقوقی و کەیفەرییەکان دەخرێنە نێو حیسابە بانکییەکانی هێزی دادوەری؛ بەپێی دوایین ڕاپۆرتە بڵاوبووەکان، قازانجی ساڵانەی لاریجانی لەم ٦٣ حیسابە بانکییە بریتیی بووە لە ٢٥٠ میلیارد تمەن، واتە لە هەر مانگێکدا نیزیک بە ٢٠ میلیارد تمەن لە پارەی خەڵکی ئاسایی چووەتە گیرفانی ئەم زاتەوە.

لەبەرانبەردا هەوالدەرییەکانی ڕێژیم و لەوانە هەواڵدەریی "مێهر" وێڕای هێنانەوەی پاساو ئەم پەروەندەیان بە ناڕاست و ساختە لەقەڵەم دا، بەڵام پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٣دا مەحموود ئەحمەدی نژاد، سادقی لاریجانی و براکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە گەندەڵییە ماڵییەکانیان دەخاتەڕوو، کە ئەوکات بە نێوانگیریی عەلی خامنەیی ئەو باس و بابەتە داخرا و بە نهێنی مایەوە.

لێرەدا بۆ ئەوەیکە زۆر و زەوەندیی گەندەڵییەکەی جەنابی سەرۆکی هێزی "دادوەری" بخەینەڕوو، بەراوردێک لەنێوان حیسابە بانکییەکەی لاریجانی و داهاتی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کوردستان دەکەین، کە ڕۆژانە لەژێر ناوی "قاچاخچی و تێکدەری سیستمی ئابووری وڵات" دەکوژرێن:
ئەگەر وەها گریمانە بکەین کە هەر کۆڵبەرێک لە شەو و ڕۆژێکدا بڕی ٣٠هەزار تمەن داهاتی هەبێ و لە ماوەی ساڵدا هەموو شەوێک بتوانێ بارێکی ٣٠ هەزار تمەنی بگوازێتەوە، بڕی داهاتەکەی دەکاتە ١٠٩٥٠٠٠٠تمەن؛ ئێستا ئەگەر ئەو کۆڵبەرە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بەردەوام و هەموو شەوێک بارێکی ٣٠ هەزار تمەنی بگوازێتەوە، داهاتە گشتییەکەی دەکاتە؛ ٣٢٨٥٠٠٠٠٠ تمەن کە بەبەراورد لەگەڵ بڕە پارەی ئاشکرابوو لەسەر لاریجانی، دەگەینە ئەو ئەنجامەی حیسابی ئەم زاتە گەندەڵکارە یەکسانە لەگەڵ ژیانی ٣٠٤٤ کۆڵبەری کورد لە ماوەی ٣٠ ساڵدا، بە داهاتی ٣٠ هەزار تمەن لە شەو و ڕۆژێکدا.

٣٠×٣٠٠٠٠=١٠٩٥٠٠٠٠تمەن
٣٠×١٠٩٥٠٠٠٠= ٣٢٨٥٠٠٠٠٠تمەن
١٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ / ٣٢٨٥٠٠٠٠٠= ٣٠٤٤

ئەمە یەکەمجار نییە کە هەواڵی لەم چەشنە لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاو دەبێتەوە و لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی بەملاوە بەردەوام ئێمە شاهێدی زنجیرە ئیختلاسی لەم چەشنە لە قەبارەی جۆربەجۆر هەین؛ ئەم دۆخەش وای کردووە کە وەک ئابووریناسان و کارناسانی بواری ئابووریی ئێران دەڵێن؛ گەندەڵی ئاوێتەی سیستمی ئابووریی ئێران بووە، کە پەروەندەکانی وەک بابەک زەنجانی، مێهـ ئافەرید ئەمیر خۆسرەوی، مورتەزا ڕەفیقدوست، شاندیز، بیمەی ئێران، ئیختلاسی ١٢هەزار میلیاردی و مووچە نجوومییەکانی لێکەوتۆتەوە.

وەک چاوەدێرانی بازاڕ و شارەزایانی ئەم بوارەش دەڵێن، "گەندەڵی" لە ئێراندا بەشێوەیەکی سیستماتیک "نەهادینە" کراوە و لەهەر کون و قوژبنێکی ئەم وڵاتەدا ئاسەوارێکی گەندەڵی دەبیندرێ، بەچەشنێک کە ئەگەر کەسێک هەلی کەڵکاژۆوەرگرتن لە پێگە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکەی بۆ هەڵکەوێت و کەڵکی لێ‌وەرنەگرێ، وەک کەسێکی گەمژە و نەزان سەیر دەکرێت! بە واتایەکی دیکە، دیاردەی گەندەڵی و ئیختلاس لە ئێران هەنووکە وەک فەرهەنگی زاڵ سەیر دەکرێت کە تێیدا هیچ کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو کارەی دەیکات درووستە یان هەڵەیە، چوونکە کاتێک سەیری دەوروپشتی خۆی دەکات دەبینێ کە هەمووان، هەر لە دەسەڵاتبەدەستانەوە بگرە تاکوو بەڕێوەبەر و کارمەندێکی ئاسایی ئیدارە یان کۆمپانیایەک، وەکوو ئەو، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە دەدەن، بۆیە پێی وایە کە زۆر ئاساییە کە ئەو گەندەڵییە ئەنجام بدات.

هۆکار و ڕیشەی سەرهەڵدانی ئەم دۆخەش لەڕاستیدا بوونی ئابووریی داخراوی حکومەتی لە ئێران و لەهەمانکاتیشدا شۆڕبوونەوەی گەندەڵی لە نێو دام و دەزگا حکومەتییەکانە؛ بەتایبەت ئەو ناوەند و دەزگایانەی کە یان جێبەجێکاری یاساکانن یان چاودێر بەسەر یاساکان و بەڕێوەچوونیانن، بۆ وێنە: شۆراکان و شارەدارییەکان، کەرتی نیـمچە حکومەتی، بانکەکان، نوێنەرانی مەجلیس، هێزی دادوەری، حەوزەی عیلمیە و وەزارەتەکانی دەوڵەت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک