• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

فەرامەرز بەختیاری:خەم و دەردی هاوبەش، پێویستی بە خەبات و بەرەنگاریی هاوبەشە

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/١٦ - ١٠:٤٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
فەرامەرز بەختیاری:خەم و دەردی هاوبەش، پێویستی بە خەبات و بەرەنگاریی هاوبەشە
وتووێژی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ "فەرامەرز بەختیاری"

وتووێژ: شەهرام میرزائی

وەرگێڕانی: شەریف فەلاح


زاگروس به درێژایی مێژووی خۆی شاهێدی قۆناغگەلێکی جیاوازی سیاسی-کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی بووه و سەرەڕای ئەوەی که لانکەی شارستانیەتی جیهان بووه و زۆرێک له یەکەمین دەسکەوتەکانی جیهان وەکوو یەکەمین نیشتەجێ بوونەکان، یەکەمین گوندەکان، یەکەمین شارەکان و... ، لەم سەرزەمینە پێکهاتووه و دواتر بۆ ناوچەکانی دیکه شۆڕ بووەتەوە، بەڵام به درێژایی ٢٥٠٠ ساڵی ڕابردوو و دوای زال بوونی دەسەڵاتی فارسەکان به سەر کوردستاندا، هەتا ئێستا بێجگه له قڕ کردن و له نێوبردنی جەستە و ڕۆحی، ئەم گەله هیچ شتێکی دیکەی له جیهانی بیانی نەدیوە و پێشکەشی نەکراوه. بەڵام به هۆی سەرکش بوون و باوەڕی قووڵی خەڵکی دانیشتووی زاگرۆس به ئازادی و ژیان، له بڕگه بڕگەی ئەم مێژووە تاڵه قەت بەرانبەر به داگیر کەرانی خاک و نیشتمان چۆکی نەداوه و له قۆناغگەلی جیا جیا و به شێوەگەلێکی جۆراوجۆر بۆ بەدەست هێنانی ژیانێکی ئازاد خەباتی کردووه، تەنانەت ئەگەر له ئاکامی تاڵی ئەو خەباتانەیش ئاگادار بووبێت.

لوڕستان بەشی دانەبڕاوی زاگرۆسه که ناوی به مێژوویەکی سەرانسەر خەبات و خۆڕاگری بەرانبەر به دەوڵەته داگیرکەرەکانی ئێرانی گرێ دراوه و بۆ تاوتوێ کردنی بارودۆخی سیاسی ئەم ناوچه که له دوای سەرکوتی خەباتی هاوچەرخی لوڕ بەدەستی "ڕەزا میرپەنج"- مخابن هەتا ئەمڕۆکه جووڵانەوەکەی لاواز بووه- لەو پێوەندییانەدا لەگەڵ بەڕێز کاک "فەرامەرز بەختیاری" وتووێژکمان پێکهناوە که پێشکەشی خوێنەرانی ئازیز دەبێ:
له سەرەتای وتووێژەکەمان "فەرامەرز بەختیاری" ئاماژەی به هۆکارەکانی لاوازبوونی خەبات له لوڕستان له ٧٠ سالی ڕابردوودا کرد و گوتی: "لوڕەکان، لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، چەندین بزاڤی جۆراوجۆریان وەڕێ خستووە. گرنگ و سەرکەوتووترین ڕاپەڕینی لوڕەکان، لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە و ڕزگارکردنی تاراندا بووە. لوڕەکانی (بەختیاری) بە فەرمەندەیی و ڕێبەریی (عەلی قولیخانی سەردار ئەسعەدەی دووەم) و (سەمسام ئەلسەڵتەنە) و خانەدانە گەنجە خوێندەوارەکانی دیکە، سەرەتا ئیسفەهان و پاشان تارانیان کۆنتڕۆڵ کرد و دێموکراسی و ئازادییان بۆ ئێران بەدیاری هێنا، بەڵام بەداخەوە پارێزگاریی لێ نەکرا و بە کوودەتای قەزاقەکان و بە هاوکاریی ئینگلیزییەکان ئەم شەمەندەفەرە لە ڕاستەڕێ لای دا و بە ئاراستەی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی ناوەندگەری و کەسۆکی ڕێگەی گرتەبەر کە هێشتا کاریگەرییە نەرێنییەکانی داوێنگیری خەڵکی ئێرانە.

چەند ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی، ڕاپەڕینی "عەلیمراد خان و سەردار فاتێح" (باوی شاپوور بەختیار) دەستی پێکرد کە بووە هۆی ڕوودانی چەندین شەڕ لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە (دەشتی سپی) ڕووی دا کە بە نێوەندگیریی ئەو (بەختیاری)ییانەی کە لەنێو دەسەڵاتدا بوون، کۆتایی پێهێنرا و سەرەنجام ئەو دوو خانەدانەی بەختیارییەکان گوللەباران کران.

ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (ئەبولقاسم خانی بەختیار) کە لە ئورووپا خوێندبووی، خەڵکی لوڕستانی لەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و سەرکوتکەر تەیار کرد و هانیانی دا.

لەم ڕاپەڕینەدا ناوەچەکانی (کهگیلوویە و بوویر ئەحمەد)یش لەگەڵی بوون کە بەداخەوە دیسانەوە لە بەرانبەر ئەرتش و هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ناوەندیی ئێراندا شکستیان خوارد.

دوایین ڕاپەڕینەکان لە ساڵانی ١٣٤١ – ١٣٤٨ لە ناوچەی باشووری لوڕستان، لە بوویر ئەحمەد و مەمەسەنی ڕوویان دا، کە دیسان لەلایەن هێزی ئاسمانی و پەڕەشووتوان، ئەرتش و چەند پیلانێکەوە سەرکوت کران و (عەبدوڵڵا خان زەرغامپوور) و یارانی گوللەباران کران.

پشتکردن لە دەسەڵاتی ناوەند و دژی داگیرکاری و سەرەڕۆیی هەردەم لە ناوچەکانی لوڕستان هەبووە، بەڵام هیچکات ئەنجامی شیاو و پێویستی بەدەست نەهێناوە. لێرەدا ئەرکی سەرشانی ڕۆشنبیرانی لوڕە هەتا لە هۆکار و بنەماکانی ئەم شکست و بە ئەنجام نەگەیشتنەی ڕاپەڕین و بزاڤەکان بکۆڵنەوە، هەتا لە ڕاپەرینەکانی دیکەدا سەرکەتوو بن".

دواتر ئەو پرسیارم له "بەختیاری" کرد که سەرەڕای دامەرزاندنی پارتی "ستارەی بختیاری" که حزبێکی بە تەواوی مودێڕن بوو، بۆچی خەڵکی ڕۆشنبیری لوڕ دوای سەرکوتی خەباتی لوڕستان نەیانتوانی درێژه بەو شێوه ڕاپەڕینه مۆدێڕنه بدەن؟ وەڵامی بەڕێزیان ئەوە بوو که: "ستەم و سەرەڕۆیی نێوخۆیی بە پشتیوانیی داگیرکەر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ درێژەی بە سەرکوت دەدا و لەو سۆنگەیەوە چەکوچۆڵی نوێیان پێ دەدا. دەبێ سەرنج بەوە بدەن کە لە سەردەمی ڕەزاشادا بوودجەی سەربازی ٨٠% بوو، لە بەرانبەردا بڕە بوودجەی پەروەردە و بارهێنان ٣% بووە. سیستمی پەروەردە لەژێر چاودێریی ڕاوێژکارە بیانییەکاندا بەڕێوە دەچوو. لە دوایین شەڕەکانی ئێمە لەگەڵ ئەرتشی ئێران، هێزی ئاسمانی، فڕۆکە و چەکوچۆڵی زۆر قورس بەکار هێنرا. هەرچەندە پەیوەندییەکان چەشنی ئەمڕۆ زۆر پێشکەوتوو نەبوون، بەڵام نەتەوەکانی نێوخۆی ئێران لە بارودۆخی یەکتر بێئاگا نەبوون. بۆ وێنە ڕاپەڕینی بەختیارییەکان هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان و سەرکۆماریی پێشەوا قازی محەممەد لە مەهاباد، بەڵام بەداخەوە پەیوەندییەکی چڕوپڕ و ڕێکخراو لە ئارادا نەبووە، کە دەبێ ئەم کەموکووڕییە چارەسەر بکرێت. دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، لەو قۆناغە لە مێژووی نەتەوەکەماندا، فەلسەفە و ئایدیای سۆسیالیزم برەوی سەند و ڕۆشنبیرانی ئێران ڕێگەچارەیان بە (خەباتی چینایەتی) دەزانی و بە دیاردەیەکی پێشکەوتوویان لەقەڵەم دەدا، لە حاڵێکدا هیچ چەشنە هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێڵ و تایفەگەریی ئێمە نەبوو. لە کردەوەدا (توودە)ییەکان کەوتنە بەرەی پرۆسەی ناوەندگەرێتی و سڕینەوەی ئێڵ و خانەدان کوژییەکانی ڕەزاشا (فیۆدالیزم)یان چەشنی سیستمی خان و ئاغاوات و دەرەبەگایەتی پێناسە کرد و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پرۆسەی ئایدیای یەکسانی و بەرابەری دەستیان دایە سەرکوتی حکوومەتە بچووکە ناوچەییەکان.

گەشە و پەرەسەندنی خەباتی شوناسخوازیی ئەمڕۆ، پەرچەکردارێکە بە سیاسەتە شکستخوادووەکانی ئەندێشەی یەکسانیخوازیی دوێنێ".

له پرسیارکدا ئاماژەم به ڕێژەی زۆری چەکدارانی لوڕ بەرانبەر به ئەرتەشی داگیرکەری ئێرانی کرد و پرسیم بەو هەموو چەکدارهوە بۆچی نەمانتوانیوه بەرانبەر به فارسەکان سەرکەوتن به دەست بینین و مافی خۆمان دیاری بکەین؟ بەختیاری لە وەڵامدا گوتی: "بایەخە ئەخلاقییەکان بەسەر ئێڵ و عەشیرەدا زاڵ بوون، بنەما و جەوهەرگەلێکی وەک پابەند بوون بە بەڵێن، خۆڕاگری و بەسەر ویستی خۆدا زاڵبوون، یەکڕەنگی، ڕاستبێژی، بوێری و هیمەت و قسەلەڕوویی و شەفاف بوون. بەڵام لە ناوەنددا بەم بنەما و جەوهەرانە پابەند نەبوون و تەنیا پاراستن و پارێزگاری لە دەسەڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو، هەر بەم بۆنەوە هەر چەشنە بێ‌ئەخلاقییەکی وەک "درۆ، چەواشەکاری، خەڵک فریودان، دووڕوویی، دەنگۆسازکردن، فریو و فێڵ کردن بۆ پاراستنی سیاسەتی دەسەڵات ئاسایی و ڕێگەپێدراو بوو.

زۆربەی ئەو کەسانەی ئێمە کە گوللەباران کران، ئەو کەسانە بوون کە حکوومەت بەڵێنی پێ‌دابوون گەر لە شاخ بێنە خوارەوە و چەک دابنێن، کاریان پێیان نابێت. خاڵی دووەم ئەوەیە کە حکوومەتی ناوەندی هەموو کات بەشێک لە سەرۆک هۆز و عەشیرەکانی لە پایتەخت وەک بارمتە ڕادەگرت، هەتا برا و کەسوکاریان نەتوانن لەدژی حکوومەت و نادادپەروەرییەکان ڕاپەڕن. خاڵی سێیەم، دەسەڵاتی قاجاڕ پۆست و پلەی دەدا بە سەرکردە و سەرۆک هۆزەکان و لە کاتی ڕوودانی قەیران و شەڕەکاندا، لەدژی یەکتر بەکاری دەهێنان".

له درێژەی وتوێژەکەدا ئاوڕێکمان له هۆکارەکانی جیایی و دوو دەستەیی و یەکگیرنەبوونی خەڵکانی دانیشتووی زاگرۆس – له باکوور هەتا باشووری زاگرۆس به تایبەت له نێوان لوڕەکان- دایەوە، که بەڕێز بەختیاری لەو باوەڕەدا بوو که: "لە دەورانی قاجاڕدا ئێڵخانی بەختیاری توانییان کۆنفدراڵیزمێک دابمەزرێنن. هەموو نیشتمانی لوڕ زمان، لە لوڕستان و پشتکۆوە بگرە هەتا بەختیاری و کهگیلۆیە و بوویر ئەحمەد و مەمەسەنی هەتا لێوار و کەنارەکانی کەنداو، لەژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆلێ ئەودا بوون و بەتەما بوو لەڕێگەی کەشتییەوانی لە ڕووباری کاروونەوە هەتا بەندەر و دوورگەکانی هێند دەست بداتە بازرگانی و لە ناوچەی بەختیارییەوە کەلوپەل و کاڵا هەناردە بکات و تەنانەت گرێبەستیشی واژۆ کرد.

دەسەڵات و خۆشەویستی، ژیەر و وریایی ئێڵخانی بەختیاری بووە هۆی ئەوەی کە؛ لەلایەن (زەلەل سوڵتان) کوڕی (ناسرەدین شا) لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزدا کە بۆ دانی باج و سەرانەی ساڵانە هاتبووە ئیسفەهان، لەلایەن خزمەتگوزارەکانەوە لە ژوورێک بە دیل گیرا و پەڕۆیەکیان خستە نێو دەمی و کوشتیان و سوڵتان دەنگۆی بڵاو کردەوە کە تووشی سەکتەی دڵ بووە. دوای ئەو (سەردار ئەسعەد) کوڕی ئیلخانی لە سەرەتای شۆڕشی مەشرووتە کە لە پاریس و لە ڕێگەی بەسرەوە گەڕابۆوە ئێران، لەگەڵ شێخ (خەزعەل) حاکمی عەرەبستانی سعوودی دیداری کرد و دوایی لەگەڵ (سەوڵەت ئەلدەوڵە)ی قەشقایی (غوڵامڕەزا خان ئەرکەوازی) والیی پشتکۆ ڕێککەوتنیان کرد و دواتر گەڕایەوە ناوچەی بەختیاری.

لەڕاستیدا لەوێ جۆرێک لە کۆنفدراڵیزم هەبوو کە دەکرا بکرێتە فیدراڵیزمێکی هاوچەرخ و بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەی سروشتی گەشە بکات، بەڵام ئەندێشەی زاڵی حکوومەتی تاک نەتەوە و خۆسەپێن لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا سەرئەنجام دەبێتە سەرکوت و زەبر و سەرەڕۆیی، کە ئەمڕۆ لە ئێران شایەتی ئەم شێوازە حکوومەتەین. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کێشە و دووبەرەکێ لە نێوان هۆز و ئێڵە لوڕەکان ئەوەیە کە کۆمەڵێک لە لوڕەکان بەشێکن لە پەیکەرەی دەسەڵاتی سەربازی – سیاسیی ئاخوندەکان و دەمیان گەیشتووەتە نان و ئاو و پۆستیان بەدەستە. ئەو کەسانە لە شەڕ لەدژی عێراقدا بەشدار بوون و کەوتوونەتە ناو جۆرێک لەڕوو دامان و هەتا ئێستا لەگەڵ باڵی بەناو ڕێفۆرمی حکوومەتدان و لە ئەنجامدا پەیوەندییان لەگەڵ ئاخوندەکان کەم و کەمتر دەبێتەوە".

پرسیارم له بەختیاری کرد کە بیری عەشیرەیی و ناوچەیی تا چ ڕادەیەک زەربەی له خەباتی لوڕستان داوه؟ له وەڵامدا گوتی: "دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە لوڕەکان زەربە و خەسارێکی زۆریان پێ‌گەییشتووە. لەوانەیە چیرۆکی قەسابیی لوڕستانتان بیستبێ. ئەو تاوان و جینایەتانەی ئەرتشی ڕەزاشا لە لوڕستان ئەنجامی داون، لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئێران ڕوویان نەداوە. پاش ئەو هێرشە سەربازی و نیزامییە، لوڕستان بە یەکجاری لە خەڵک چۆڵ بوو، وێران و تاڵان کرا.

دادوەری باڵای ئەوکاتی ئەمریکا (ویلیام داگڵاس) پاش ئەو هێرشە دڕندانەیە سەردانی لوڕستانی کرد و باس و بەسەرهاتی ئەو سەفەرەی بە وردی لە کتێبێکدا نووسیوە. کوشتارێکی بەکۆمەڵ و بەربڵاو ڕوویدا. کۆمەڵێکیش ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق کرد و کۆمەڵێکی دیکەش ڕوویان کردە پەراوێزی شارە گەورەکانی ئێران و لەنێو خانووە تەنەکەکانی ناسراو بە (حەڵەبی‌ئاوا) نیشتەجێ بوون و تووشی دابڕان و ناڕوونیی ناسنامە بوون. ناوچەی لوڕ زمانیان لە نێوان ١١ پارێزگای ئەوکاتی ئێران دابەش کرد و ئەو یەکپارچەییەمانیان تێکدا. گەنجەکانیش لەژێر ناوی سەربازی و ئەرکی حکوومەتی، برانە بێگاری و فەرمانبەری و زەجر و ئازارێکی زۆریان چەشت. ئەمڕۆش پاش ساڵانێکی زۆر لە هەژاری، بێبەشبوون لە پێداویستییەکانی ژیان، دیسانەوە بزووتنەوەی بێداری و نەتەوەیی لوڕستان دەستی پێکردووە و ڕوو لە گەشەیە".

بەڵام گەنگەشەی سەرەکیمان لەم وتووێژەدا له بوون یان نەبوونی بزووتنەوەی شوناسخوازی له ئەمڕۆی کوردستاندا بوو، که بەڕێزی لەو باوڕەدا بوو که: "ئەمڕۆکە بە شکستی ئایدیۆلۆژییە گشتگیر و جیهان تەوەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، گوتاری سیاسیی ناسنامە و شوناسخوازیی بووەتە گرنگترین گوتاری نێوان نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران. بزووتنەوە دێموکراتیکەکانی دژبەری سەرەڕۆیی و ستەمی نەتەوەیی، خوازیاری دەستەبەربوونی ویست و داخوازییە زەوتکراوەکانی خۆیانن کە لە ماوەی ٩٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕەش و نگریسی ڕابردووی ئێراندا لێیان بێبەش کراون. ئێمە لە ناوچەکانی لوڕستاندا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شایەتی بەرین بوونەوە و گەشەکردنی خەباتی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسین. ئەوەی خەباتی ئێمە دەکاتە خەباتێکی ڕەوا، هەوڵدانە بۆ دەستەبەرکردنی سەرەتاییترین مافە سروشتی و مرۆییەکانمان. لوڕستان پاش ئەو زەربە سەربازییەی کە خواردی و لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە داگیر کرایەوە، هەموو کات لەژێر هێرشێکی فەرهەنگی بێگانە و سووکایەتی و گەرمارۆدا بووە. ئەمڕۆ ئیدی ڕاستییەکان بۆ ئێمەی لوڕ ڕوون و ئاشکرا بوون و نهێنی و نەوتراوەکانی مێژوو وتراون و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی لوڕ خەریکە دەگاتە ئاستی پێگەیشتوویی سیاسیی خۆی.

ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێ بەپێی هەڵکەوتەی شیاوی جوغرافیایی و ناوچەیی خۆی و کەڵکوەرگرتن لە ژێئۆپۆلۆتیک و بە پاڵپشتیی نەتەوەی کورد، لە ناوچەکە ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت".

بەختیاری له نێو قسەکانیدا ئاماژەی به ڕۆڵی خوێندکار و زانکو له خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان کرد و گوتی: "لە هەر کۆمەڵگایەکدا توێژی خوێندکار لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی دادپەروەرانەدان. لە ئێراندا بەو پێیەی لە زانکۆکان کەش و دۆخێکی ئەمنیەتی زاڵە و خوێندکار هەڵوەدای بەدەستهێنانی بڕوانامە و پیشەیەکی گونجاوە و دەبێ بە زمانێکی جیا لە زمانی دایکیی خۆی دەرس بخوێنێ، هەلومەرج بە جۆرێکە کە دەیهەوێ نەختێ بە پارێزەوە لە چاو توێژەکانی دیکە بجووڵێتەوە. لەژێر زەخت و گوشارێکی زۆری ئاسیمیلاسیۆندایە و حکوومەتیش بەردەوام هەوڵ دەدا لە نێوان ئەو و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگیدا دابڕانی فەرهەنگی بخولقێنێ. خوێندکاری لوڕ دەبێ دەست بکا بە ڕۆشنگەری و وشیاریی نەتەوەیی خۆی و ویست و داخواز و کەم و کووڕییەکان بە زمانی سیاسەت فۆرموولە بکات و ببێتە پێشەنگ و ڕێنوێنی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ".

دواجار پرسیارم کرد کە؛ ئێمەی خەڵکی زاگرۆس چۆن دەتوانین به یەکگرتووییەکی سەرانسەری بگەین و له باکوور هەتا باشووری زاگرۆس به کردەوە له یەک بەرەدا دژ به داگیرکەری خاکمان و بەدەست هێنانی مافی چارەنووس، بوونمان هەبێ؟ که بەختیاری لەم بارەوه گوتی: "زاگرۆس، سەرچاوە و ناوەندی شارستانیەتە. شارستانیەتی عیلام لە ٤٠٠٠ ساڵ پێش لەم ناوچەیە بووە. وشەی عیلامات بە مانای کوێستانە.

ئێمەی لوڕ، بەشێک لەم شارستانییەتە بووین و ئەگەر هەتا ئێستا لەناو نەچووین، خاترجەم بن لەمەودواش ناتوێینەوە. گرنگترین سەرچاوە و کانگاکانمان، سەرچاوەکانی نەوت، گاز و ئاون. دوو ڕووباری گەورەی (کاروون و زایندەڕوود) لە دڵی (زەردکێو) لە بەختیاری لە ناوچەی زاگرۆسی ناوەندییەوە سەرچاوە دەگرن. هەر بەم هۆێەشەوە داگیرکاری و سەرکوتی ئێمە زیاتر بووە. لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا بە سەرنجدان بە دراوسێتیی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە زاگرۆس، زەروورەتی مێژوویی وا دەخوازێ هەتا خەباتگێرانی ئێمە لەگەڵ یەکتر و شانبەشانی یەکتر، یەکێتییەکی بەربڵاو بنیات بنێین و خوازیاری ماف و ویستەکانی خۆمان بین و ئیزن نەدەین حکوومەتی ناشایستی ناوەندی ئێمە لەدژی یەکتر بەکار بێنێ. پێویستیی ئەم یەکێتییە، خۆناسین و وشیارییە. بەبێ ناسینی یەکتر، ناتوانین بگەینە یەکیەتی. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک ناسینی زیاتر و قووڵتر لەسەر یەکدی بەدەست دەهێنن. لەوانەیە ئەم وتووێژەش بە جۆرێک یارمەتیی ئەم ناسینانە بدات. هەموو مافەکانمان لە ناوەند (تاران)ەوە لێمان زەوت کراون، دەبێ ئاراستەی پڕ لە جووڵەی خەباتمان بەرەو تاران بێت. لەم سەردەمی وشیاریی نەتەوەییەدا ئیدی ناکرێ نەتەوە ستەم لێکراوەکان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی ناوەنددا بهێڵرێنەوە.

خەم و دەردی هاوبەشمان، پێویستی بە خەبات و بەرەنگاریی هاوبەشە، هەتا سەرەنجام پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنی هاوبەش بگێڕێن. بە هیوای ئەو ڕۆژەی ڕێگەی ئازادیی ئێران لە ناوچە و دڵی زاگرۆسەی تێپەڕێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا