• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

سەرکوتی میدیاکان، پێویستیی دەسەڵاتە سەرەڕۆکانە

زایینی: ٠٦-١٢-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٩/١٦ - ١٠:٥٢ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
سەرکوتی میدیاکان، پێویستیی دەسەڵاتە سەرەڕۆکانە
"عەلی ئەسغەر فەریدی"

لە ساڵی ڕابردووی زایینی‌دا(٢٠١٥)،١١٠ ڕۆژنامەوان کوژراون کە زیاتر لە نیوەی ڕۆژنامەوانە کوژراوەکان بە ئەنقەست و لەکاتی جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیاندا کوژراون. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیدا بڵاوکراوەتەوە کە، لە هەر پێنج ڕۆژدا، یەک ڕۆژنامەوان لە جیهاندا دەکوژرێت. وڵاتانی چین، میسر، ئێران، ئێریترە و تورکیە کە بە گەورەترین وڵاتان لە بواری زیندانی کردنی ڕۆژنامەوانان بە ئەژمار دێن، زۆرترین ڕێژەی ۆژنامەوانانی زیندانییان لە بەندیخانەکانی خۆیاندا تۆمار کردووە.

ڕۆڵی ڕاگەنەکان لە کۆمەڵگا ئازادەکاندا

ڕاگەیەنە ئازاد و سەربەخۆکان، کە وەکوو یەکێک لە پێناسە و بناغەکانی دێموکراسی بە ئەژمار دێن، بە هۆی پەیوەندیی بەردەوام و ڕاستەۆخۆ لەگەڵ خەڵک و ڕووماڵ کردنی هەواڵ و ڕوونکردنەوەی ئەرک و کردەوەی دەوڵەتەکان و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان بەوانەوە، دەتوانن وەکوو گەرەنتیی دێموکراسی و لەمپەرێک بۆ سەرەڕۆیی و گەندەڵیی ماڵیی بەرپرسانی حکومەتی هەنگاو هەڵبگرن.

لە حکومەتە ناسەرەڕۆکاندا، کە دەوڵەتەکان و حیزبە سیاسییەکان بەدوای ڕاکێشانی پشتگیریی خەڵک بۆ سیاسەتەکانیانن، تەنیا لەڕێی کەرەستەکانی پێوەندی گرتن وەکوو ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و چاپەمەنی کە زۆرینەی خەڵک دەستی پێی ڕادەگات، مسۆگەر دەبێت.

هەروەها، ڕاگەیەن و چاپەمەنییە سەربەخۆکان، لەو کۆمەڵگایانەی کە دێموکراسی تێیدا زاڵە، جگە لەوەی کە دەتوانن تریبوونێک بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت و حیزبە سیاسییەکان بن، بە بردنە ژێرپرسیاری کردەوەی دەوڵەت، سیاسەتوانان، بنکە ئابوورییەکان، کۆمپانیا بەرهەمهێنەر و پێشەسازییە چووکە و گەورەکان، بە بڵاو کردنەوەی زانیاری و ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی، دەتوانن پێش بە گەندەڵی لە نێو کۆمەڵگادا بگرن.

لەو کۆمەڵگایانەی زۆرینەخوازن و خاوەنی سیستمی دێموکراسی و دەسەڵاتداریی یاسان، ڕاگەیەنەکان و بەتایبەت چاپەمەنییەکان، بە ئازادییەکی تەواو، ئەو دەنگە جۆڕاوجۆرانەی کە نوێنەری خواست و پێداویستیی و بیر و بۆچوون و حەزی چینە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگادایە، پەرەی پێ‌دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە.

هەروەها لەم کۆمەڵگایانەدا، پەرەپێدان بە بیر و بۆچوونی جیاواز و گرووپە جۆراوجۆرەکان، دەبێتە هۆی پێکهاتنی پانتایەک بۆ کوڵتووری وتووێژ، گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونە دژبەیەکەکان و کۆلتووری گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە ڕوانگە جیاوازەکان، جێگرەوەی کۆلتووری زۆرداری و توندوتیژی و وەلانانی دەژبەران دەبێت.

سووڕی بەتاڵی ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان لە ئێراندا

مێژووی بڵاوکراوە و چاپەمەنییەکان هەر لە سەرەتای پێکهاتنیانەوە هەتاکوو ئێستا، لە هەموو جیهاندا،ڕێگەگەلێکی پر لە هەوراز و نشێویان بەرانبەر بە سانسۆڕ و گوشاری دەسەڵاتداران، لەڕەوتی ئەرکی بنچینەیی و سەرەکیان کە هەمان ڕۆشنگەری بووە،تێپەڕاندووە. بەڵام لە ئێراندا، بە ماوەیەکی کورت پاش دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامە، بە ناوی" کاغەز ئەخبار" کە لە لایەن "میرزا ساڵحی شیرازی"ەوە، لە ساڵی ١٢١٦ی هەتاوی چاپ و بڵاو کرایەوە، ڕێگای سانسۆڕیش بۆ چاپەمەنی لەئێراندا کرایەوە.

پاش تێپەڕینی ١٦٦ساڵ لە یەکەمین ڕاگەیەنی حکوومەتی لە ئێران بە ناوی "وقایع اتفاقیە"، کە لە سێهەمین ساڵی دەسەڵاتداریی ناسرەدین‌شادا بڵاوکرایەوە و زۆربەی‌ زۆری بابەتەکانی بە پێداهەڵگوتن و زمان لووسی بۆ شا تەرخان کرابوو، هەتاکوو ئێستا ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان هەمان قەوان لێدەدەنەوە و هەمان ڕێچکە دەپێون.

لە ڕۆژنامەی "وقایع اتفاقیە"دا، تەنانەت لە کاتی دەسەڵاتداریی ئەمیرکەبیریشدا، لە شەش ڵاپەرەی ئەو ڕۆژنامەیە، یەک و نیو ڵاپەرەی بۆ وردەکاریەکانی کاروباری ڕۆژانەی ناسرەدین‌شا تەرخان کرابوو و هەواڵەکانی دیکەشی بە وەها زبانتەڕیی و زێدەڕۆیێکەوە بڵاو دەکردەوە کە تەنانەت ئاڵوگۆڕەکانی کەش و هەواش بە پێی نووسراوەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، بە "موبارەکیی بوونی شا"وە گرێ دەدا و دەیبەستەوە.

نموونەیەکی بەرچاو و هاوشێوە لە ڕۆژنامەی ""وقایع اتفاقیە" و هەواڵی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە مەودایەکی زەمەنیی سەد و پەنجا ساڵی‌دا سەبارەت بە ڕاپۆڕتە پێوەندیدارەکان بە کەش و هەوا، لە ڕاگەیەنە حکومەتیەکاندا جێگای سەرنج و تێڕامانە.

لە ساڵی ١٢٢٩دا، ڕۆژنامەی "وقایع اتفاقیە" لە ژمارەی سێهەمی خۆیدا دەنووسێت: "بە هۆی بەرەکەت و موبارەکیی بەختی بێ‌هاوتای بەڕێز خاوەن شکۆی پاشا، کەش و هەوای دارۆلخەلافەی تاران لەم کاتانەدا وەها خۆش و دڵڕفێن تێدەپەڕێت، کە وەها بەفرێکی قورس، لە ماوەی سێ تا چوار ڕۆژدا بە تەواوی لەو ئاقار و ناوچەیە نەما".

پاش ١٦٦ساڵ لە بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە سەبارەت بە کەش و هەوا، تەلەفزیۆنی حکوومەتیی ئێران، سەبارەت بە شەپۆلی بەفر و بۆران لە وڵاتی ئامریکا دەڵێت: "بەڵای ئاسمانی وڵاتی ئاو ئامریکای فەلەج کرد" و هەروەها سەبارەت بە تۆز و خۆڵ و ئاخبارانێک کە ژیانی ئاسایی خەڵکی خوزستانی شپرزە کردبوو و زۆر کەسی خستبووە نەخۆشخانە، دەڵێت: "کەش و هەوای خوزستان دیسانەوە بۆنی خاک و خۆڵی کەربەلای لێ دێت"، و دووپات بوونەوەی ئەو گەپچاڕە مێژووییە لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی حکوومەتی لە ئێراندا، گەلێک بەئازارە.

بەڵام سەرەڕای وتەکان و لێدوانەکانی هەندێ لە سیاسەتوانان و بانگەشەکارانی ڕۆشنبیری کە زۆرتر گرێدراوی ڕەوتی ڕێفۆرمخوازن و ئێستاش لە دەرەوەی وڵات، تریبوونی ڕاگەیەنە قەبەکانیان لەبەردەستە، سانسۆڕ، سەپاندنی سزای درێژخایەن بەسەر ڕۆژنامەواناندا، داخستنی هەڕەمەکیی چاپەمەنییەکان و پەرەپێدان بە کولتووری درۆ، پێداهەڵگوتن و زێدەڕۆیی، لە ڕاگەیەنە حکوومەتی و دەوڵەتییەکان، بە تەنیا بۆ یەک سەرکۆمار یان بەرپرسێکی وەزاڕەتی ئیرشادی ئیسلامی هەڵناگەڕێتەوە، بەڵکوو ئەم دەردە هەر لە سەرەتای دەسەڵاتداریی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، داوێنی میدیاکانی ئێرانی گرتەوە و تاکوو ئێستاش ئەم ڕەوتە بەردەوامە.

زیندانێک بە پانتای ئێران بۆ ڕۆژنامەنووسان

ئەگەرچی بە گشتی لە زۆربەی ناوچەکانی دونیادا، شوێنێکی ئەمن و پارێزراو بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بوونی نییە، بەڵام هەن وڵاتانێک کە دەسەڵاتدارەکانیان، تەنگیان بە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەوانان هەڵچنیوە و جەهنمێکیان بۆ میدیاکاران و ڕۆژنامەوانان پێک هێناوە. وڵاتانی چین، میسر، ئێران، ئێریترە وتورکیە لەو وڵاتانن کە بە گشتی زۆرترین ڕێژەی دەستبەسەر کردنی ڕۆژنامەوانان و زیندانی کردنی میدیاکارانیان هەیە.

بەو دواییانە، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، لیستەیەکیان بەناوی "لیستەی ڕەشی دڕندەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن" بڵاوکردووەتەوە. لەم لیستەیەدا، ناوی ٣٥ بەرپرسی حکوومەتی، ڕێبەری ئایینی، سیاسەتوان و هەروەها گرووپە تاوانکارەکان کە سانسۆڕی ڕاگەیاندنەکان دەکەن و ڕۆژنامەنووسان دەستبەسەر و زیندانی دەکەن و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن و دەیانکوژن، بەرچاو دەکەوێت.

لەم لیستەیەدا، ناوی "ئایەتوڵڵا خامنەیی" ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیرانیش لە تەنیشت ناوی کەسان و گرووپگەلێک وەکوو "پیێر نکاوراوزیزا" سەر کۆماری برۆندی، گرووپی ئیسلامگەرای توندئاژۆی "ئەنسارۆڵڵا بەنگلاتایم" لە بەنگلادێش، گرووپی "ئەلقاعیدە" و "تاڵیبان" لە ئەفغانستان و پاکستان، "حووسییە شیعەکان"ی یەمەن و گرووپە تاوانکارە قاچاخچیەکانی مادەی سڕکەر "کارتل لووس زێتاس" لە وڵاتی میکزیک جێی گرتووە.

هەروەها ڕێکخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ‌سنوور، لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆیدا بە ئاماژە بە ژمارەی ڕۆژنامەوانانی زیندانی کراو لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌دا ڕادەگەیەنێت کە؛ "لە سەرانسەری جیهاندا، ١٥٣ هەواڵنێری پڕۆفیشناڵ، تا نیوەی مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠١٥دا دەست بەسەر کراون، کە نیوەی ئەم ڕێژەیە لە زیندانەکانی چین ، میسر، ئێران و ئێریترە ڕاگیراون".

دیارە بەپێی پێناسە، چاپەمەنی و میدیای ئازاد وەکوو دەسەڵاتی چوارەمی دێموکراسی ناوی لێ دەبرێت، هەربۆیەش ئەگەر لە وڵاتێکی وەکوو ئێران، بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ئیسلامی، سەرکوتکەر و توتالیتێر نیشانەیەک لە لانیکەمی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ بوونی نەبێت و ڕۆژنامەوانان سزای دڕیژخایەنیان بەسەردا بسەپێت، زۆر ئاساییە و هیچ جێگای سەرسووڕمان نییە.

نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و سەرکو‌ت، وەکوو دوو نموونەی ئاشکرا و بەرچاو لە هەموو دەسەڵاتە سەرەڕۆ و سەرکوتکەرەکاندا بوونی هەبووە و هەیە. ئەم دوو بابەتە بەردەوام لە کۆمەڵگا سەرکوت کراوەکاندا بەردەوامە و بوونی هەیە و لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بەسەر خەڵک و کۆمەڵگادا سەپێندراوە،لە ئێرانیشدا لە کۆنەوە هەتا ئێستا هەبووە و هەنووکەش لە خراپترین شێوەی خۆیدا هێشتاش زاڵە.

بە دڵنیاییشەوە گەلێک بەجێ و ڕاستە کە ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، ڕێبەری ئێرانی لە ڕیزی تاوانباران و باندە مافیاییەکانی مادە سڕکەرەکان و گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییە سوننە و شێعەکان لە لیستەی ڕەشی دڕندەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن گونجاندووە، لەبەر ئەوەیکە هەموو ئەمان لە ڕۆشنگەری و لەقاودان تۆقیون.

دواجار ئەگەر ڕۆژنامەوانێک لە ئێراندا لە هەموو هەڕەشەکان و ڕوانینە ئەمنیەتیەکان دەرباز بێت، بەهۆی نەبوونی سەقامگیریی ئیش و کار، داخستنی بڵاوکراوەکان کە لایەن دەزگای دادوەری و ئەمنییەتی ئێرانەوە بەتوندی بەڕێوەدەچێت، کەم بوونی حەقدەست و مۆکافەئە کەموکورتەکان، بێبەش بوون لە خزمەتگوزاریی خانەنشینی و بیمەی خزمەتگوزاریی دەرمانی، لە دیکەی بابەتە سەخت و دژوارەکانە بۆ تەنگەبەر کردنی ژیانی ڕۆژنامەوانانی نێوخۆی ئێران.

ڕوانگەی ئەمنییەتی‌تر‌ لەسەر ڕۆژنامەوانانی کورد لە ئێراندا

بەپێی کردەوەی ساڵانی ڕابردووی کاربەدەستان و حکوومەتی ئێران بەرانبەر ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیەنەکان، بۆئەوەی ئێران ببێتە یەکێک لە خراپترین وڵاتانی دونیا لە بواری چالاکیی ڕاگەیاندنەوە، ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و ڕۆژنامەوانانی کورد، هەم لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ و هەم لە تاران، بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتی بۆ بەپرسی کوردستان و کورد لە ئێران، لە ژێر گوشار و سانسۆڕی چەند قاتی ئەمنیەتیدایە.

سەپاندنی سزای دڕیژ خایەن و تەنانەت ئێعدام بۆ چالاکانی ڕاگەیەندنکاری کورد، یەکێک لە نموونەکانی ڕوانگەی توندی ئەمنیەتی‌تر لەسەر ڕۆژنامەوانانی کوردە، بە نیسبەتی ناوچەکانی دیکە لە ئیراندا. بۆ نموونە، لە نێوان دەیان حوکمی نادادپەروەرانە و نا مرۆڤانە سەبارەت بە ڕۆژنامەوانانی کورد، دەکرێت ئاماژە بە "عەدنان حەسەن پوور" و "محەممەد سدیق کەبوودوەند"بکرێت.

"عەدنان حەسەن پوور"، ئەندامی دەستەی نووسەرانی "حەوتوونامەی ئاسۆ" بوو کە لە بەفرانباری ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا دەستبەسەر کرا. پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ حوکمی ئیعدامی لە دادگایەکی نهێنیدا، لە لایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە پارێزەر وبنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا و لە ٣٠ی مانگی ڕەزبەری ١٣٨٦ی هەمان ساڵدا، ئەم حوکمە لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەگەرچی لەسەر داوای پێداچوونەوەی حوکمەکەی، لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٧دا ، دادگای ئینقلابی سنە، حوکمی ئیعدامی حەسەن پووری هەڵوەشاندەوە و ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی بە ١٥ساڵ زیندان حوکم دا، بەڵام دواجار ناوبراو ١٠ساڵ لە تەمەنی لە زینداندا تێپەرکرد.

"محەممەد سدیق کەبوودوەند"، دامەزرێنەری "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان" و سەرنووسەری حەوتوونامەی "پیام مردم" یەکێکی دیکە لە ڕۆژنامەوانە دەست بەسەرکراوەکانی کوردستانە کە لە مانگی پووشپەری (١٣٨٦)ەوە دەست بەسەر و زیندانی کراوە و هەنووکەش زۆرتر لە ١٠ساڵە لە زینداندایە.

دانانی پارازیت لەسەر شەپۆلە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنییەکان، یەکێکی دیکە لە کردەوەکانی حکوومەتی ئێرانە کە هەر لە سەرەتای دەسەڵاتداریەوە تاکوو ئێستا بەردەوام لە ڕەوتی بێدەنگ کردنی دەنگە دژبەرەکانی کەڵکی لێ وەرگرتووە.

لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵانی ٥٧ و دەیەی ٦٠ی هەتاویدا کە زۆربەی خەڵکی کوردستان گوێیان لە ڕادیۆی دوو حیزبی سەرەکیی کورد، ڕادیۆ کۆمەڵە و ڕادیۆ دیمۆکرات "دەنگی کوردستانی ئێران"، کە لەسەر شەپۆلی نێوەڕاست بڵاو دەکرایەوە، ڕادەگرت، بەهۆی ناردنی شەپۆلی پارازیتەوە، دەنگی ئەم دوو ڕادیۆیە زۆر بە دژواری دەگەییشتە لەی بەردەنگی خۆی.

لە ئێستاشدا کە ڕاگەیەنە دەنگ و ڕەنگەکان و ماهوارە گەییشتۆتە نێو ماڵەکانی خەڵک، حکوومەتی ئێران سەرەڕای ئاگادار بوونی لە زەرەر و خەسارەکانی بوونی پارازیتێک لەسەر شەپۆلی تەلەفزیۆنی بۆ سەر تەندرووستیی ئەو کەسانەی کەڵک لەم ڕایەڵەگەلە وەردەگرن، بەڵام تا ئەو شوێنەی تێکنۆلۆژی ڕێی پێ بدات، لە ناردنی پارازیتی ناتەندرووستب بۆ گیانی شارۆمەندان، بۆسەر کاناڵە تەلەفزیۆنییەکان، بەتایبەت تەلەفزیۆنی حیزبە کوردییەکان، لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران دەست ناپارێزێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک