کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی ژەهری خۆی بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەڕێژێت

15:17 - 16 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە هاوکاریی ئیدارەی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، دژایەتییەکی چڕی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کورتە فیلمێکی دێکۆمێنتاری بە دژی جووڵانەوەی کورد لە ئێران و بە تایبەت ڕاسانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەناوی کاک و جاش لە کاناڵی ٣ی ئێران بڵاو کردۆتەوە کە ئەوپەڕی ترس و زراوچوونی سەرانی ڕێژیم لە جووڵانەوەی گەلی کورد نیشان دەدات.

لە نێوئاخنی ئەم فیلمە دێکۆمێنتارییەدا یەکێک لە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم کە چەندین کەس لە خزم و کەسوکارەکانی بوونەتە قوربانیی سیاسەتە چەپەڵەکانی ڕێژیم، زۆر شەرمێونانە هەڵدەکوتێتە سەر بزووتنەوەی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات و بە پێداهەڵکوتن بە بەژنی سپای پاسداران و دوژمنانی گەلی کورد، ئەوپەڕی خۆشخزمەتی و چڵکاوخۆریی خۆی دەسەلمێنێ.

هەندێک لە کارناسان و چالاکانی سیاسییش سەبارەت بەم چەشنە هەوڵانەی ڕێژیم دەڵێن: ئەوەیکە ڕوونە، ئەو فیلمە بۆ بەردەنگی کورد دروست نەکراوە، چوونکە ڕێژیم باش دەزانێ هیچ کوردێک بڕوای بەو درۆ و دەلەسانە نییە، بەڵکوو ڕووی قسەی ئەم فیلمە لە بەردەنگی غەیری کوردە و دەیهەوێ بڵێ؛ ئەگەر ئێوە تاران بشێوێنن کورد لە کوردستان سەر هەڵدەدا و کوردستان جیا دەکاتەوە. هەموو قسەکە ئەوەیە: خەڵکی تاران بێدەنگ دانیشن دەنا کورد جیا دەبێتەوە.

دوابەدوای پەیامی نەورۆزیی بەڕێز مستەفا هیجری لەپێوەندی لەگەڵ دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەبات لەسەر بنەمای گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار و هەروەها تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزی پیشمەرگە و چەکدارانی ڕێژیم لە چەندین شوێنی کوردستان، ڕێژیم لەهەموو پانتا و بیاڤەکاندا وەخۆ کەوتووە و هەوڵ دەدا ڕووبەڕووی ڕاسان ببێتەوە.