کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتێکی نوێی گرانی لە ئێران بەڕێوەیە

15:27 - 16 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی اعتماد لە مانشێتی ڕۆژی دووشەممەی خۆیدا مزگێنی گران بوونی بێنزین لە ساڵی نوێی دا.

بەپێی ئەم مانشێتە کە تایبەتە بە پێوەرەکانی بودجەی ساڵی ٩٦، بێنزین لە ساڵی ٩٦دا ٥% گران دەبێت و بەم پێیەش دەگاتە ١٠٥٠ تمەن بۆ هەر لیترێک.

بەوتەی ئەم ڕۆژنامەیە: بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، لانیکەمی چوونەسەری نرخی بێنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە لە ساڵی داهاتوودا ٥% دەبێت؛ کارناسانی ئابووریش دەڵێن گرانتر بوونی بێنزین وەک یەکێک لە سەرەکیترین سووتەمەنییەکان لە ئێراندا، خۆبەخۆ دەبێتە هۆی گران بوونی نرخی گواستنەوە و هاتوچۆ؛ بە واتایەکی دیکە بە گران بوونی بێنزین دەبێ چاوەڕێی گرانتر بوونی نرخی شتومەک و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک بین، لەوانەش نان، میوە، خواردەمەنییەکان، کەلوپەلی بیناسازی و... هتد.

هەروەها بەشێک لە کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە؛ بە زیادکردنی ٥%ی نرخی بێنزین، هەڵاوسانی گشتیی وڵاتیش ٢% هەڵکشان بەخۆوە دەبینێت.؛ ڕێکخراوی زانیارییە ئابوورییەکانی ئامریکا ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە؛ نرخی هەڵاوسانی ئێران ٣/١٥%ە کە دەکاتە ٨ قات زیاتر لە وڵاتێکی وەک عێراق.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی پشتیوانی لە بەکارهێنەر، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا نرخی بێنزین ١١٠ قات زیادی کردووە.