کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە و چین بڕیارنامەی ئاگربەسی حەلەبیان ڤیتۆ كرد

15:33 - 16 سەرماوەز 2716

كوردستان میدیا: ڕووسیە و چین ڕۆژی دووشەممە ٥ی دیسامبر بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیان لەمەڕ ڕاگەیاندنی ئاگربەسێكی حەوت ڕۆژە لە حەلەب، ڤیتۆ كرد. ڤێنزۆئیلاش دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەو ڕەشنووسە كە لە لایەن ئیسپانیا، میسر و نیووزلاندەوە ئامادە كرابوو، دەربڕی.

پاش دەنگدانەكە، ڤیتالی چۆركین، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیە لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگكرتووەكان ڕایگەیاند: ڕووسیە ناتوانێ لە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەك بەو ناوەڕۆكەی ئێستایەوە پشتیوانی بكات.

ناوبراو هەروەها وتی: چاوەڕوانی ئەوە بووین كە ڕەشنووسی بڕیارنامەكە خشتەی زەمەنی و ڕێڕەوێك بۆ چوونە دەرەوەی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی تێدا بێت، بەڵام لەو ڕەشنووسەدا هیچ ئاماژەیەك بە كشانەوەی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب نەكراوە.

هێزەكانی ڕێژیمی سووریە و پشتیوانە دەرەكییەكانیان لە ماوەی دوو حەوتوو لەمەوپێشەوە هێرشێكی بەربڵاویان بۆ وەدەرنانی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەست پێكردووە. ئەو هێرشە بارودۆخی مرۆیی لەو شارەدا لەگەڵ قەیران و كارەسات بەرەوڕوو كردووە و بۆتە هۆی قوربانیبوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مەدەنی.

لە كاتێكدا كە نەیارانی ڕێژیمی ئەسەد لە حەلەب، تا هەنووكە پێداگرییان لەسەر مانەوە و خۆڕاگری لە سەنگەرەكانی خۆیاندا كردۆتەوە، بەرپرسێكی ئۆپۆزیسیۆن ڕایگەیاندووە هێزەكانیان بۆ پاراستنی گیانی خەڵكی ئاسایی كە ماوەی پێنج مانگ لەمەوپێشەوە لە ژێر بۆردمانی چڕی هێزەكانی ڕێژیمدان، لەوانەیە هیچ ڕێگایەكیان بەدەر لە چۆڵكردنی ڕۆژهەڵاتی حەلەب لە بەردەستدا نەبێت.

هاوكات، یاسر ئەلیووسف، ئەندامی دەفتەری سیاسیی گرووپی نوورەدین زەنگی یەكێك لە گرینگترین گرووپەكانی چالاك لە حەلەب، بە هەواڵدەریی فەرانسەی وتووە، هەر جۆرە پێشنیارێك بۆ كشانەوەی چەكدارەكانیان لە حەلەب، ڕەد دەكەنەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئامانجی ڕووسیە، لەنێوبردنی شۆڕش لە باكووری سووریەیە كە ئەو مەسەلەیە هەرگیز ڕوو نادات.