کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەدا ٣٠ی قوتابخانەکانی کرماشان دڵنیاییان نییه

15:34 - 16 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: قوتابیانی پارێزگای کرماشان لەژێر هەڕەشەی مەرگ و نابەرپرسیارەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێراندا دەرس دەخوێنن.

بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە؛ لەسەدا ٣٠ی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە پێویستیان بە نۆژنکردنەوە، ڕووخاندن یا تۆکمە کردنەوە هەیە و لە کۆی گشتیی ٣٨٥٠ شوێنی فێرکردن لەو پارێزگایە، یەک لە سەر سێی قوتابخانەکان مەترسیدارن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە؛ زۆربەی ئەو قوتابخانانە نائەمنانە لە گوندەکان هەڵکەوتوون.

زۆرینەی گوندەکانی ناوچەی کوردستانی ئێران وەکوو ورمێ، سنـە، کرماشان و ئیلام لە سەرەتایی‌ترین خزمەتگوزارییەکانی خوێندن بێبەرین و بەو هۆیەشەوە ساڵانە کۆمەڵێکی زۆر قوتابیی کورد واز لە خوێندن دێنن.

لە ئێران زیاتر لە ٥٠ هەزار قوتابخانە بە هۆی كۆن‌بوونی بیناكانیان ئەگەری داڕمانیان هەیە و ناوەندە پێوەندیدارەكانی ڕێژیم لەو بارەیەوە وەڵامدەر نین.

بێجگە لەو ٥٠ هەزار قوتابخانەیە زیاتر لە ١٥٠ هەزار پۆلی وانەوتنەوەش لە ئێران مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە.

بەپێی ئامارەكانی خودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ١٤١ هەزار منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ١١ساڵ بووه، بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەخوێندن بەجێ ‌ماون.

ساڵانە لە کوردستان بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیم و بنکە پێوەندیدارەکانی هیچ ئاوڕێک لە چارەسەری کێشە و گرفتی قوتابخانەکان نادەنەوە، بە ناچار خەڵک بۆخۆیان بۆ نۆژەنکردەنەوە، دروستکردنی بینای قوتابخانە و دابینکردنی ئیمکاناتی خوێندن پارە کۆ دەکەنەوە، بەڵام تەنانەت ئەو پارەیەش لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ کاروباری دیکە خەرج دەکرێت.