کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی بێ‌ئاوی ئێران دەخنکێنێت

15:37 - 16 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: کێشەی کەم‌ئاوی و نەبوونی ئاوی پێویست لە ئێراندا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی کەڵک وەرگرتن لە ئاو لەو وڵاتەدا زۆر زیاتر لە ستانداردی جیهانییە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وڵاتی ئێران به بەکارهێنانی لەسەدا ٨٠ی سەرچاوە ئاوییەکانی کە ئاویان تێ دەزێتەوە، هێڵی سووری جیهانی تێپەڕ کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەبریی گرتنەبەری ڕێگای گونجاو و درووستی کەڵک وەرگرتن له ئاو، باس لە بەرزکردنەوەی نرخی ئاو و دابینکردنی بوودجەی سەرسووڕهێنەر بۆ دامەزراندنی وێستگەی پاڵاوتانی ئاو دەکەن.

یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە؛ تەنیا لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی ئاو لە ئێران، کەمتر لە ٩٠ میلی میتری سێ جا کەمی کردووە.

هاوێنی ئەمساڵ شاهڕۆخ فاتێح سەرۆکی ناوەندی وشکەساڵی و بەڕێوەبەریی قەیران لە دەزگای کەشناسیی ئێران ڕایگەیاند که؛ لە پێوەری درێژخایەنی ٧ساڵەدا بۆمان دەرکەوتووە کە، ٧٣٪ی پانتایی ئێران بەرەوڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە و ٧٢٪ی خەڵکی ئێرانیش ناچار بە دەستەویەخەبوون لەگەڵ وشکەساڵی و بێ‌ئاوی دەبن.

پسپۆڕانی ژینگە لەمەڕ کێشەی بێ‌ئاوی لە ئێراندا هۆشدارییان داوە کە؛ کەڵک وەرگرتنی بێ‌سنوور و ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوینییەکان و گۆڕینی جوغرافیای سروشتی بەهۆی گەڵاڵەکانی ڕێژیم، بۆ وێنە سازکردنی بەنداوەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ئارای ئەم دۆخەن.

دۆخی کەم‌ئاوی لە ئێراندا هێڵی قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە تا چەند ساڵی دیکە ئێران دەبێتە کەویرێکی ڕووت و وشک.

هەنووکە زۆربەی شار و گوندەکانی ئێران لە دەست بێ‌ئاوی دەناڵێنن یا بەرەو شارەکانی دیکەی ئێران کۆچ دەکەن.