کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحموود سادقی: گەندەڵی لە سەردەمی شادا زۆر کەمتر بوو

16:34 - 16 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: مەحموود سادقی لە درێژەی لەقاودانەکانیدا، بەراوردێکی لەنێوان ڕێژیمی ئێستا و ڕێژیمی حەمەڕەزاشادا کردووە و دەڵێ: گەندەڵیمان لە ئێستادا زیاترە لە سەردەمی دەسەڵاتی شا.

مەحموود سادقی نوێنەری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم، لە ئاخاوتنێکدا لە زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران جارێکی دیکە ڕەخنەی لە بوونی گەندەڵی لە نێو دام و دەزگا حکومەتییەکان و هەروەها دژکردەوەی نابەجێی هێزی دادوەری گرت.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتوویەتی: من دەڵێم، بۆچی دەبێ پاش ٣٨ ساڵ بارودۆخمان خراپتر لە حکومەتی شا بێت؛ مەگەر کۆماری ئیسلامی بە دروشمی خەبات بەدژی گەندەڵی دانەمەزرا؟

پاش ئەوەیکە لە فەزای مەجازیدا پرسی گەندەڵییەکانی سادقی ئامۆلی لاریجانی هاتە ئاراوە، مەحموود سادقی خوازیاری ڕوون کردنەوەی حیسابە بانکییەکانی سەرۆکی هێزی دادوەریی ڕێژیم بوو، کە دژکردەوەی توندی باندەکانی دەسەڵاتی لێکەوتەوە.

بە وتەی ناوبراو لاریجانی خاوەنی ٦٣ حیسابی بانکی لە بانکی ملییە کە بڕی ١٠٠٠ میلیارد تمەن پارەی تێدایە؛ ئەم پارە بریتییە لە داهاتەکانی هێزی دادوەری کە لە ئەنجامی سکاڵا حقوقی و کەیفەرییەکان دەخرێنە نێو حیسابە بانکییەکانی هێزی دادوەری؛ بەپێی دوایین ڕاپۆرتە بڵاوبووەکان قازانجی ساڵانەی لاریجانی لەم ٦٣ حیسابە بانکییە بریتیی بووە لە ٢٥٠ میلیارد تمەن واتە لە هەر مانگێکدا نیزیک بە ٢٠ میلیارد تمەنی لە پارەی خەڵکی ئاسایی چووەتە گیرفانی ئەم زاتەوە.

لەبەرامبەردا هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لەوانە هەواڵدەریی مێهر وێڕای هێنانەوەی پاساو ئەم پەروەندەیان بە ناڕاست و درۆ لەقەڵەم دا، بەڵام پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٣دا مەحموود ئەحمەدی نژاد، سادقی لاریجانی و براکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە گەندەڵییە ماڵییەکانیان دەخاتەڕوو کە ئەوکات بە نێونجیگەریی عەلی خامنەیی ئەو باس و بابەتە داخرا و بە نهێنی مایەوە.

گەندەڵی لە ئێراندا بەشێوەیەکی سیستماتیک نەهادینە کراوە و لەهەر کون و قوژبنێکی ئەم وڵاتەدا ئاسەوارێکی گەندەڵی دەبیندرێ، بەچەشنێک کە ئەگەر کەسێک هەلی کەڵکاژۆوەرگرتن لە پێگە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکەی بۆ هەڵکەوێت و کەڵکی لێ‌وەرنەگرێ، وەک کەسێکی گەمژە و نەزان سەیر دەکرێت! بە واتایەکی دیکە، دیاردەی گەندەڵی و ئیختلاس لە ئێران هەنووکە وەک فەرهەنگی زاڵ سەیر دەکرێت کە تێیدا هیچ کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو کارەی دەیکات درووستە یان هەڵەیە، چوونکە کاتێک سەیری دەوروپشتی خۆی دەکات دەبینێ کە هەمووان، هەر لە دەسەڵاتبەدەستانەوە بگرە تاکوو بەڕێوەبەر و کارمەندێکی ئاسایی ئیدارە یان کۆمپانیایەک، وەکوو ئەو هەوڵ بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە دەدەن، بۆیە پێی وایە کە زۆر ئاساییە کە ئەو گەندەڵییە ئەنجام بدات.