کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ خوێندكارـ تیرۆریستی ڕێژیم لە سووریە كوژراون

17:19 - 17 سەرماوەز 2716

كوردستان میدیا: تا ئێستا ٥٠ تیرۆریستی ئەندامی ڕێكخراوی بەسیجی دانشجوویی ڕێژیمی ئێران لە شەڕەكانی سووریەدا كوژراون.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی حكوومەتیی بەسیج پرێس، داوود گوودەرزی، بەرپرسی ئەو ڕێكخراوە سەركوتكەرەی ڕێژیم كە ڕۆژی سێ‌شەممە ١٦ی سەرماوەز بە بۆنەی ڕۆژی خوێندكار لە ئێراندا قسەی دەكرد، وتی: ئەندامانی بەسیجی خوێندكاری بە شێوەی خۆویستانە ڕەوانەی بەرەكانی شەڕی سووریە كرابوون.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی بەسیجی خوێندكاری، ئامادەی بەشداریكردن لە شەڕی سووریەدان.

ئەوە بۆ یەكەمجارە كە ژمارەی خوێندكارانی بەسیجیی كوژراو لە شەڕی ناڕەوای ڕێژیمی ئێراندا بۆ داگیركردنی تەواوی خاكی سووریە ڕادەگەیەنرێت.

تا ئێستا سەرەڕای كوژرانی سەدان بەكرێگیراوی بیانیی ڕێژیمی ئێران، سەدان كەس لە هێزەكانی ئەو ڕێژیمەش كە لە نێویاندا دەیان فەرماندەی پلەبەرزی سپای تیرۆریستیی پاسداران و ئەتەرشی داگیركەری ڕێژیم وە بەرچاو دەكەوێت، لە شەڕی سووریەدا كوژراون.

پێشتر موحەممەد عەلی مەحەلاتی، سەرۆكی بونیادی بەناو شەهیدی ڕێژیمیش گوتبووی ژمارەی كوژراوانی هێزەكانی ڕێژیم لە سووریەدا لە هەزار كەس تێپەڕیوە. ئەوە لە حاڵێكدایە كە وێدەچێت ئاماری كوژراوانی هێزە داگیركەرەكانی ڕێژیم لە سووریەدا زۆر لەو ژمارەیە زیاتر بێت.

هاوكات، لە پێوەندی لەگەڵ تاوانەكانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا و بەتایبەتی لە حەلەب، هەواڵدەریی فەرانسە ڕایگەیاند، ئانگێللا مێركل، ڕاویِژكاری ئاڵمان لە لێدوانێكدا بۆ ئەندامانی حیزبی دێموكرات مەسیحیی ئەو وڵاتە وێڕای ئاماژە بە دۆخی قەیراناوی و كارەساتباری حەلەب، ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە بە بەرپرسیاری سەرەكیی ڕووداوە كارەساتبارەكانی ئەو شارە زانیوە.